د.عهدالهت عهبدوڵڵا
ساڵیادی شەهید ئارامی سەركردە، بە دەرفەت دەزانین كە تیایدا پێشنیارێك بخەینە بەردەستی توێژەرانی پەیوەندیدارو ئەوانەی بایەخ بە تۆماركردنی رووداوەكانی بزووتنەوەی سیاسیی گەلی كوردو كاراكتەرانی ناوی دەدەن. لەسەر بنەمای درككردن بە كەموكوڕییەكی دیاریكراو لە ئەدەبیاتی تایبەت بە شەهید ئارام، جێی خۆیەتی رەخنە لە بۆشاییەك بگرین كە لانیكەم دەبوو دەمێك ساڵ بێت هەندێك لە زانكۆكانمان و بە دیاریكراویش بەشەكانی مێژوو و زانستە سیاسییەكان و راگەیاندن پڕی بكەنەوە.
مەبەستمان بۆشایی توێژینەوەی زانستییە لەبارەی سەركردەیەكی ئەم نەتەوەیەوە كە بە شاهێدی دۆست و دوژمنانیشی، عەقڵێكی گەورەو نوێخوازو رادیكاڵی ناو شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بووە، لە رێبەرە دیارەكانی هاندان و رێكخستن و ئاراستەكردنی قۆناغی دوای هەرەسی سیاسیی كوردبووە لە ساڵی 1975.
لەم بوارەدا، بەداخەوە، زۆرجار بە بیانووی دوورخستنەوەی زانكۆكان لە حزبایەتی و سیاسەت!، كۆمەڵێك ئەركی مەعریفی و زانستی لەناوخۆی وڵاتی خۆماندا پشتگوێ دەخرێن لەكاتێكدا كە لە ناوەندە زانستییەكانی دەرەوەی هەرێم بایەخیان پێدەدرێت. بۆ نموونە، بایەخدانی توێژەرانی چەندین زانكۆی عیراق بە كاروانی خەباتی خوالێخۆشبوو مام جەلال لە قۆناغی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كوردو پێش گەیشتنی بە كۆشكی سەلام و سەرۆكایەتیكردنی كۆماری عێراق، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پەرۆشیی مەعریفی بەهێزترە لە بیانووی سیاسی. با مام جەلال لەو قۆناغەدا بەرهەڵستكاری دەوڵەتی عیراقیش بووبێت، بەڵام قۆناغێكی گرنگی كاروانی سیاسیی ئەوەو پێویستە لێی بكۆڵرێتەوە.
شەهید ئارام -یش با سەركردەی هێزێكی سیاسیی دیاریكراو بێت، بەڵام رەمزێكی نیشتمانییە، نموونەیەكی باڵای بەرەنگاری و هەڵسانەوەی شۆڕشی گەلێكە بە بیروباوەڕێكی مۆدێرن و پێشكەوتنخواز. هەر ئەم راستییە سادانە بەسن بۆ ئەوەی هانی دەیان توێژەر بدەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەبارەیەوە. بۆ نموونە، توێژەرانی میدیا دەتوانن ئەو دەیان وتارو نووسینەی بهێنن كە لە رۆژنامەی هاوكاریدا بڵاوی كردوونەتەوەو و بە ئامرازی ناخشیكاری Content analysis بۆ دەقە نووسراوەكانی، تایپی بیركردنەوەو دنیابینییمان بۆ ئاشكرا بكەن لەسەر تەواوی ئەو بابەتانەی كە شەهید ئارام وەك نووسەرێك گرنگیی پێداون. توێژەرانی بواری مێژوو، لەو قۆناغە مێژووییە بكۆڵنەوە كە ئارام تیایدا وەك ئەستێرەیەكی شۆڕش دەردەكەوێت و بەتەمەنێكی كورتەوە رۆڵی لە وەرچەرخانی مێژووی سیاسیی نەتەوەیەكدا دەبێت، ئەوانەو زۆر بواری تری توێژینەوە كە بەداخەوە تا ئێستا ئەنجام نەدراون.
[email protected]