سەرەکی » ئاراستە » له‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونی ئیدریس سورچی و هاوڕێكانیداپەڕە 3

له‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونی ئیدریس سورچی و هاوڕێكانیدا

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی

حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌ ئێواره‌ی رۆژی 1/8/2014، واتا رۆژێك پێش داگیركردنی قه‌زای شه‌نگال، تیرۆرستانی داعش له‌ میحوه‌ری زومار له‌ خۆرئاوای موسڵه‌وه‌، به‌ تانك و هه‌مه‌ر و چه‌كی قورسه‌وه‌‌ په‌لاماری سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان‌دا، به‌دیاریكراوی له‌گوندی (خه‌رابه‌تبن) و به‌تایبه‌تیش هێزێكی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كرێته‌ ئامانج.

شه‌هید ئیدریس بایز و هاوڕێكانی كه‌ بۆ پشتیوانی له‌وێ بوون، رۆڵی جوامێرانه‌ ده‌بینن له‌ رووبه‌رووی تیرۆریستانی داعش، شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌كه‌ن و تا كۆتایی دوافیشه‌ك به‌رگری ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌نجامدا 14 پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی شه‌هید ده‌كرێن كه‌ له‌ ناویاندا هه‌ڤاڵ ئیدریس سورچی و چوار له‌ پاسه‌وانه‌كانی ده‌بن به‌ ناوه‌كانی (عیماد خدر، له‌زگین حسێن، جه‌وهه‌ر خدر سادق، هه‌ڵگورد خدر سادق).

كاتێك داعش شاری موسڵ و ناوچه‌كانی داگیركرد به‌تایبه‌تی ئه‌و یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ی كوردنشین بوون له‌ چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140 له‌ شه‌نگال و زومار تا ده‌گاته‌ مه‌خمورو به‌عشیقه‌، كادیرانی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی ‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی موسڵ و شه‌نگال و دهۆك به‌خۆبه‌خشی شانبه‌شانی لیواكانی سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی 70 و هێزه‌چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، رۆڵێكی گرنگ و پێشه‌نگیان گێڕا له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش كه‌ به‌رگری بوو له‌و ناوچانه‌و داكۆكیكردنیش بوو له‌ خاكی كوردستان و پاراستنی ناسنامه‌ی كوردی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

له‌پاش هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ سنووری موسڵ تا ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نزیكه‌ی 250 شه‌هیدیدا له‌ هه‌ڤاڵانی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و كادیری حزبی و ئه‌فسه‌ر.

له‌وباره‌یه‌وه‌ غه‌یاز سورچی به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری سه‌نگه‌ری شه‌هید ئیدریس بۆ كوردستانی نوێ وتی: شه‌هید ئیدریس پیاوێكی قاره‌مان و چاونه‌ترسی یه‌كێتی بوو له‌ سنوری بادینان و ده‌شتی نه‌ینه‌وا،‌ به‌تایبه‌ت دژبه‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی ناوشاری موسڵ، له‌ دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌ شانبه‌شانی برا پێشمه‌رگه‌كان رۆڵی هه‌بوه‌ له‌ لێدانی تیرۆرستان‌.

وتیشی: شه‌هید ئیدریس ئه‌زمونی شه‌ڕی هه‌بوو، پێشتریش جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی رانیه‌بووه‌و له‌ كاروباری سه‌ربازیدا لێهاتوو بوو، له‌ زۆر شه‌ڕو نه‌به‌ردییه‌كاندا به‌شداریكردووه‌، چه‌ندین ساڵیش ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ری شاری سلێمانی بووه‌.

ئه‌و هاوڕێیه‌ی شه‌هید ئیدریس باسی له‌وه‌شكرد كه‌ پاش روخانی رژێمی به‌عس و ئازادكردنی شاری موسڵ و شوێنه‌كانی دی له‌ ساڵی 2003دا كه‌ كادیرانی یه‌كێتی رۆڵی گرنگیان تێدابینی، به‌ فه‌رمانێكی حزبی هه‌ڤاڵ ئیدریس له‌ میلاكی سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كاری رێكخستن و كرا به‌ لێپرسراوی كومیته‌ی رێكخستنی (باشیك -به‌عشیقه‌)، پاش ئه‌وه‌ كرایه‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگای موسڵ.

به‌ پله‌ی عه‌قید خانه‌شینكراوه‌.

ژیاننامه‌ی شه‌هید ئیدریس
شه‌هید ئیدریس بایز عه‌لی سورچی، له‌ دایكبوی ساڵی 1968ی گوندی(په‌لاسا)ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گرده‌سێن له‌ قه‌زای ئاكرێ، له‌تیره‌ی مامسالی سورچیه‌كانی ئه‌و سنووریه‌.

خۆی و برا وئامۆزاكانی له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ په‌یوه‌ندییانكردوه‌ به‌ ریزه‌كانی ی.ن.ك-ه‌وه‌.

به‌هۆی دڵسۆزی و چالاكییه‌وه‌ چه‌ندین پله‌ی سه‌ربازی و حزبی پێسپێردراوه‌.

به‌داخه‌وه‌، رۆژی 1/8/2014 له‌گه‌ڵ پۆڵێك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ میحوه‌ری زومار له‌ ‌خۆرئاوای پارێزگای موسڵ له‌ شه‌ڕێكی دژبه‌ تیرۆرستانی داعشدا شه‌هیدكران و له‌ پاش خۆی هه‌شت منداڵی به‌جێهێشتووه‌، دوو كوڕ و شه‌ش كچ.

 155 جار بینراوە