سەرەکی » مانشێت » ״دۆسێی ئەمنیی ناوچە دابڕێنراوەكان بە هاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە بەڕێوەببرێت״

״دۆسێی ئەمنیی ناوچە دابڕێنراوەكان بە هاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە بەڕێوەببرێت״

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: جارێكی تر داوادەكەین دۆسێی ئەمنیی ناوچە كێشەلەسەر و دابڕێندراوەكانی هەرێم، بە هاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە لەپێناوی سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامیی زیاتر بەڕێوەببرێت.

شەوی رابردووتر لە هەوڵێكی ترسنۆكانەی دیكەی تیرۆریستاندا، پەلاماری سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری كوڵەجۆ لە گەرمیان، درا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆریستییەدا،‌ پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و چوار پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا رایگەیاند: وێڕای سەركۆنەی ئەم پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەكەین، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین، ئاماژەی بەوەشداوە «بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە چەندبارەبوونەوەی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەر و دابڕێندراوەكانی هەرێم دەڕوانم. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی هاوبەش و هەماهەنگی هەیە، بەتایبەت چڕكردنەوەی كاركردنی پێكەوەیی زیاتر لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و رێگریی لە جموجوڵەكانیان، كە مایەی هەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە. لێرەوە جارێكی تر داوادەكەین دۆسێی ئەمنیی ئەو ناوچانە بە هاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێكی ترەوە لەپێناوی سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامیی زیاتر بەڕێوەببرێت».

سەرۆك كۆمار: ‌هەماهەنگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگە كارێكی هەرە لەپێشە
هەروەها د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند: دووپاتیدەكەینەوە ‌هەماهەنگیی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە، كارێكی هەرە لەپێشە بۆ رێگریی لە تیرۆریستان و پاراستنی هاووڵاتیان.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران: هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
هەرلەوبارەیەوە، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پە‌یامێكی بڵاوكردە‌وە‌ و تێیدا هاتووە: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پێشمەرگە و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەماهەنگیی زیاتر بكەن بۆ نەهێشتنی ئە‌و مە‌ترسییە‌ و دزەكردنی چەكدارانی داعش.

״پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان״
لەلایەكی دیكەوە، عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاندووە: بۆ دووبارەنەبوونەوەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، لەپێناوی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

 663 جار بینراوە