سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » گفتوگۆكان دەكەونە ساڵی نوێوە

گفتوگۆكان دەكەونە ساڵی نوێوە

لە كۆتایی ساڵی 2018دا لە ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستاندا چوار پرس، گەرمترین باسوخواسی نێو گۆڕەپانی سیاسی و میللیش بوون، بەپێی ئاماژەكانیش هەمان ئەو پرسانە گەرمترین باسوخواسی سەرەتای ساڵی نوێ 2019ش دەبن.

پرسە گەرمەكانی سەرەتای ساڵی نوێ
پرسە گەرمەكانیش بریتین لە «تەواوكردنی كارەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و متمانەدان بە سێ وەزیری دیكە (بەرگریی، ناوخۆ، داد)، گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2019، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك«.

تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق
شەوی 2\3/10/2018، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆك كۆماری هەڵبژارد، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، د.عادل عەبدولمەهدی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، پاشان بۆ پرسی متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەكە، تائێستا ئەنجومەنی نوێنەران سێ كۆبوونەوەی كردووە «شەوی 24\25/10/2018، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكەدا متمانە بەخشرایە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و 14 وەزیری كابینەكە لە کۆی 22 وەزیر، بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانیشەوە، متمانەبەخشین بە 8 وەزیری دیكە دواخرا، دوای چەندینجار دواخستنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی دیكە، رۆژی 18/12/2018، ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی بەخشییە وەزیرانی (پلاندانان، خوێندنی باڵا، رۆشنبیریی)، رۆژی 24/12/2018ش ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی بەخشییە وەزیرانی (كۆچ و كۆچەران، پەروەردە)، بەڵام هێشتا ململانێ و ناكۆكی لەسەر وەزیرانی (بەرگریی، ناوخۆ، داد) درێژەی هەیە و لە دانیشتنی رۆژی 24/12شدا كاندیدی وەزیری بەرگریی دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و بەهۆی پشێوی و ناكۆكیشەوە متمانەبەخشین بە وەزیری ناوخۆ دواخرا. سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش داوای لە سەرۆك وەزیران كرد «كاندید بۆ وەزارەتی داد یەكلایی بكاتەوە و كاندیدێكی نوێش بۆ وەزیری بەرگریی دیاریبكات». كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دواخرا بۆ رۆژی 8/1/2019.

سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز:سازش لەسەر ماف و ئیستحقاقی كورد و یەكێتی ناكەین
لەوبارەیەوە د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی پێشتردا بۆ كوردستانی نوێ، تەئكیدیكردەوە «بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر ماف و ئیستحقاقی كورد و یەكێتی ناكەین و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان».
د.بەختیار شاوەیس: تەئكید لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەكەینەوە
لەبارەی بەردەوامبوونی گفتوگۆكانیش لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2019، د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام دەبێت و وەك فراكسیۆنی یەكێتیش تەئكید لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد دەكەینەوە لە پڕۆژەیاساكەدا.

״گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بەردەوام دەبن״
پەیوەست بە پرسی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 30/9/2018، رۆژی 6/11/2018، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو. دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، «دانیشتنەكە بەكراوەیی مایەوە تا لایەنە سیاسییەكان دەگەنە رێكەوتن».
پاشان گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستیپێكرد و تائێستا سێ خولی گفتوگۆ بەڕێوەچووە. لە خولی یەكەمدا وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی كرد و رۆژی 17/11/2018، لەگەڵ وەفدی یەكێتی و گۆڕان كۆبۆوە. لە خولی دووەمیشدا رۆژی 11/12/2018، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆبوونەوە. رۆژی 12/12/2018ش لە هەولێر مەكتەبی سیاسیی پارتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە. لە خولی سێیەمیشدا رۆژی 18/12/2018، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی ‌و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە. رۆژی 19/12/2018ش وەفدی دانوستانكاری پارتی و گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە. لە بەلاغی هاوبەشی دواكۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری (یەكێتی و پارتی)، (پارتی و گۆڕان)-دا ئاماژەبەوەدرابوو «پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت».

ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی: كاتی كۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەكراوە
هەرلەوبارەیەوە، عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوا كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی-دا هەردوولا رێكەوتین لەسەر ئەوەی كە پێویستمان بە ماوەیەك هەیە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پاشان هەردوولا جارێكی دیكە كۆدەبینەوە، بەڵام كاتی كۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەكراوە.

لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك: ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك
سەبارەت بە دۆخی كەركوكیش رۆژی 24/12/2018، لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركوك كۆبوونەوە و تەئكیدیان لە «جێبەجێكردنی دەستوور، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك» كردەوە، «کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن«.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״بەشداریی پێکهاتەکانی کەرکوک لە لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەراندا״

بەیانی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایە لای هەمووان كە ...