سەرەکی » راپۆرت » ته‌نها شه‌ش وڵات یه‌كسانیی ژن و پیاو ده‌پارێزن

ته‌نها شه‌ش وڵات یه‌كسانیی ژن و پیاو ده‌پارێزن

هه‌وال و راپۆرت

به‌پێی دوایین ئاماری بانكی نێودەوڵەتی، له‌كۆی 187 وڵات، ته‌نها له‌ شه‌ش وڵاتدا به‌ ته‌واوه‌تی یه‌كسانیی نێوان ژن‌و پیاو پارێزراوه‌. كیشوه‌ری ئه‌وروپاو ئه‌مریكا رێژه‌یه‌كی باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام رۆژهه‌ڵاتی ناڤین خراپترین رێژه‌ی هه‌یه‌. له‌ناو وڵاتانیشدا، سعودیه‌ خراپترین پله‌ی هه‌یه‌.

وڵاتەکان ئەوروپین
بانكی نێودەوڵەتی راپۆرتێكی له‌ژێر ناوی (ژن‌و كاركردن‌و یاساكان) له‌باره‌ی یه‌كسانیی مافی ژنان‌و پیاوان له‌جیهاندا ئه‌نجامداوه‌، كه‌ 187 وڵاتی گرتۆته‌وه‌و به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، ته‌نها له‌ شه‌ش وڵاتدا، تاڕاده‌یه‌كی باش یه‌كسانی نێوان ژن‌و پیاو پەیڕه‌وكراوه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ش بریتین له‌ :به‌لجیكا، سوید، فه‌ره‌نسا، لوكسومبورگ، دا‌نیمارك، لاتیڤیا. ته‌نها له‌م وڵاتانەدا ژنان به‌ ته‌واوه‌تی هه‌مان مافی پیاویان هه‌یه‌.

نا یه‌كسانی له‌ جیهاندا
به‌پێی راپۆرته‌كه‌، له‌جیهاندا ژنان ته‌نها به‌ رێژه‌ی %75 هه‌موو مافه‌كانین له‌چاو پیاو وه‌رده‌گرن. ئه‌مه‌ش به‌پێی ناوچه‌كانی جیهان گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ له‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا %84 مافه‌كانیان وه‌رده‌گرن، گه‌رچی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌و باكووری ئه‌فریقا %47.3 یه‌. له‌ ئه‌مریكاش رێژه‌ی %83.75 یان هه‌یه‌.

سعودیه‌ خراپترینه‌
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ بێت، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ خراپترین پله‌ی هه‌یه‌ له‌ یه‌كسانی مافی ژن‌و پیاودا، ژنان ته‌نها %25.6 ی مافه‌كانیان وه‌رده‌گرن. ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێك له‌ سیما خراپه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ دێته‌ ژماردن.

هه‌نگاوی باش نراوه‌
ئه‌و راپۆرته‌ی بانكی نێودەوڵەتی، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورده‌ بۆ ئه‌و یاسا‌و هه‌وڵانه‌ی جیهان له‌ ماوه‌ی 10 ساڵدا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نا یه‌كسانی له‌ نێوان ژن‌و پیاودا له‌ رووی‌و ئابووری‌و سیاسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی‌و هه‌راسانكردنی ژنان له‌ كاتی كاركردندا.
به‌پێی راپۆرتەکە، له‌ ماوه‌ی 10‌ ساڵی پێشوودا، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی باش نراوه‌.

یاساكان ده‌توانن ژنان بپارێزن
له‌ چه‌ند ساڵی پێشوودا له‌ چه‌ندین وڵاتی جیهان كۆمه‌ڵێك یاسا بۆ پاراستنی مافی ژنان‌و پاراساتنیان له‌ په‌لاماردان‌و هه‌راسانكردن له‌ كاتی كاركردندا كراوه‌. له‌ چه‌ند ساڵی پێشوودا له‌ 131 وڵاتدا 174 یاسا بۆ پاراستنی مافه‌كانی ژنان دانراوه‌.
راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت: به‌پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌‌ی پێشوودا كراوه‌، نزیكه‌ی دوو ملیار ژن مافه‌كانیان پارێزراوه‌.

یاسای دژ به‌ توندوتیژی خێزانی
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ماوه‌ی 10‌ ساڵی پێشوودا، ته‌نها 33 وڵات له‌ جیهاندا، پشووی باوكانه‌یان داناوه‌، مه‌به‌ست له‌م پشووه‌، رێگه‌پێدانی باوكانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و منداڵه‌كانیان به‌خێو بكه‌ن. هه‌روه‌ها ته‌نها له‌ 47 وڵاتدا، كۆمه‌ڵێك یاسایان بۆ دژایه‌تیكردنی توندوتیژی خێزانی داناوه‌.

ته‌نها یاساكان گرنگ نییه‌
گه‌رچی كریستالینا جورجیفا به‌ڕێوەبه‌ری بانكی نێودەوڵەتی پێیوایه‌، یه‌كسانی له‌ نێوان ژن‌و پیاودا ته‌نها به‌ دانانی یاساكان ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسی تۆكمه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ باوه‌ڕبوون به‌ رابه‌رێتی ژن‌و پیاوان‌و گۆڕینی كۆمەڵێك بۆچوون‌و نه‌ریتی كۆن هه‌یه‌.

یاساكان هانده‌رن بۆ مافی ژنان
له‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا هاتووە، یاساكان ده‌توانن ببنه‌ هانده‌رو ئامرازێكی باش بۆ ئه‌وه‌ی ژنان مافه‌كانیان ده‌ست بكه‌وێت‌و تواناكانیان ده‌ربخەن‌و به‌ ئامانجه‌كانیان بگەن.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌

د. جه‌واد ئه‌لحه‌مه‌د و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ...