سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » چۆن شه‌راكه‌ت و كام رێكه‌وتن؟

چۆن شه‌راكه‌ت و كام رێكه‌وتن؟

شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ چه‌ند گرنگه‌ بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان، كه‌ له‌و رێگەیه‌وه‌ بتوانرێت زۆرترین خزمه‌تی كوردستانییان بكرێت، بوونی ته‌وافوق و كاری پێكه‌وه‌یی فراكسیۆنه‌كان و به‌تایبه‌تیش فراكسیۆنی یه‌كێتی و پارتی، ئه‌وه‌نده‌ گرنگی هه‌یه‌ بۆ داهاتووی چوار ساڵی ئارام، كه‌ بێگومان ئه‌م ته‌وافوقه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ رێكه‌وتن و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی، رێكه‌وتنێك كه‌ نه‌خشه‌ڕێی كاری داهاتووی هه‌ردوو فراكسیۆن له‌خۆی بگرێت و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش له‌هه‌ردوولا به‌رچاویان روونبێت كه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ بۆ دروستكردنی كه‌شێكی ئارامه‌ تاوه‌كو (لێكتێگه‌یشتن) به‌ر له‌ (ده‌ستبردن) بۆ هه‌رپرسێك ببێته‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تا، كه‌ گومانی تیادا نییه‌(یه‌كێتی و پارتی) له‌ئاستی باڵادا، لارییان له‌ئه‌نجامدانی وه‌ها رێكه‌وتنێك نییه‌، به‌ڵام هه‌ردوولا به‌ دیدی جیاوازه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌ڕوانن. چونكه‌ پێویستی كاری پێكه‌وه‌یی له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ واقعی هه‌رێم و داهاتووی هه‌نگاوه‌كانی، به‌بێ یه‌كێتی و پارتی ناتوانرێت به‌رده‌وامی پێبدرێت و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و سازان له‌سه‌ر كۆی ئه‌و پرسانه‌ی هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی نیشتمانین ده‌كات به‌پێویستییه‌ك، كه‌ ده‌بێت زوو یان دره‌نگ ئه‌نجامبدرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێش ئه‌م دۆخه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ جارێكی تر ده‌بێته‌وه‌ گرێكوێره‌و ناتوانرێت له‌سایه‌یدا هه‌نگاوی گرنگ و جددی جێبه‌جێ بكرێن.
به‌ڵام كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگی پێویست (كه‌ پێشتر به‌ شێوازو له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك ره‌نگڕێژكراوه‌) بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌بێت گۆڕانكاری گه‌وره‌و بنه‌ڕه‌تی تێدابكرێت، چونكه‌ كاری پێكه‌وه‌یی به‌مانای زاڵبوونی سێبه‌ری لایه‌نێك نییه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌می ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ گرفتی ئێستای یه‌كێتییه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و ده‌كرێت وه‌ك خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ردوولاش بناسێنرێت.
ئه‌م قۆناغه‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ رابردوو به‌ئه‌ندازه‌یه‌كه‌، به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌بێت چوارچێوه‌ی كاری پێكه‌وه‌یی مانای تری پێبدرێت و له‌و شێوازه‌ی رابردوو جیابكرێته‌وه‌، چونكه‌ راسته‌ له‌ڕابردوودا زۆر هه‌نگاوو كاری پێكه‌وه‌یی به‌دیكراوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ لایه‌نێك بۆ لایه‌نه‌كه‌ی تر نه‌رمی زیاتری پیشانداوه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناوی پیشاندانی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی یه‌كڕیزی بووه‌.
شه‌راكه‌تی راسته‌قینه ‌و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی و ئیمزاكردنی لێكتێگه‌یشتن و زۆر هه‌نگاوی تریش، ده‌بێت به‌ ره‌چاوكردنی گۆڕانكاری و واقعی ئێستای هه‌رێم جارێكی تر كاریان له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌هه‌ڵوێسته‌كانی یه‌كێتی بده‌ین، به‌ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌بینین کە یه‌كێتی له‌هیچ هه‌نگاوێكی پێكه‌وه‌یی بۆ ئاشتی و لێكتێگه‌یشتن په‌شیمان نییه‌ و سه‌رجه‌میشیان به‌خاڵی گرنگ و به‌هێز، وه‌ك پێویستی قۆناغه‌ جیاجیاكان وه‌سف ده‌كات، به‌ڵام جیاوازی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی به‌ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ پارتی ئامانجیه‌تی (یه‌كڕیزی و هه‌نگاوی هاوئامانج) به‌ هه‌مان نه‌خشی رابردووەوە‌ درێژه‌ی هه‌بێت و یه‌كێتیش مه‌به‌ستێتی یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی و هاوپه‌یمانی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌نگی لایه‌نێك زاڵ و لایه‌نێكی تریش به‌ لاوازی نه‌بینرێت و رۆڵ و كاریگه‌ری هه‌مووانیش به‌ قه‌ت مێژوو كاریگه‌ری و واقعی سیاسی ره‌نگبداته‌وه‌. چونكه‌ هه‌رێم له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ئه‌نجامی هه‌ندێك هه‌نگاوی (له‌سه‌ره‌تادا) هاوئامانج و (له‌كۆتاییشدا) به‌ كاریگه‌ری و زاڵبوونی لایه‌نێك باجی قورسی داو یه‌كێتیش هه‌رگیز جارێكی تر رێگه‌ به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی واقعێك نادات، كه‌ دڵنیایه‌ چاره‌نووسی هه‌رێم له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئارامی په‌لكێشی بكات له‌كه‌نارێكدا گۆشەگیری ده‌كات، كه‌ هیچ ئومێدێكی تیادا به‌دی ناكرێت و له‌ باشترین دۆخیدا درێژه‌دانه‌ به‌ڕابردوویه‌ك، كه‌ سیما و وێنه‌كانی ته‌نها لایه‌ن‌و گروپێكی دیاریكراو تیایدا ده‌بینرێت و ئۆباڵی شكست و نه‌هامه‌تییه‌كانیشی ده‌بێت برابه‌ش دابه‌شبكرێت. مێژووی چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت، یه‌كێتی كه‌مترین به‌شداریی هه‌بووه‌ له‌ زۆر پرسی چاره‌نووسساز و نموونه‌ش ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و زۆر پرسی تریش، به‌ڵام كاتێك هه‌رێم رووبه‌ڕووی قه‌یران بۆته‌وه،‌ یه‌كێتی به‌رپرسیارانه‌ و له‌پێناوی ئه‌زموونه‌كه‌ كه‌ زۆرترین قوربانی له‌پێناویدا به‌خشیوه‌، شانی داوه‌ته‌ به‌ر هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان و له‌سه‌نگه‌ری پارێزگاری‌ و مانه‌وه‌ی هه‌رێمدا بووه‌، باشترین نموونه‌ش چه‌ند ساڵی قه‌یران‌ و نه‌هامه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌، كه‌ یه‌كێتی هه‌موو تواناكانی له‌ناو حكومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیش خسته‌ خزمه‌تی تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌ و دواجاریش توانرا هاوسه‌نگی بۆ هه‌رێم و جومگه‌ گرنگه‌كانیشی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ بێگومان به‌بێ یه‌كێتی هه‌رگیز نه‌ده‌توانرا هه‌رێم ئه‌و دۆخه‌ تێبپه‌ڕێنێت و له‌سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێدا بێت، قۆناغێك كه‌ ئێستا یه‌كێتی ئامانجیه‌تی نه‌خشی تیادا هه‌بێت و بڕیاربه‌ده‌ستی ئه‌و داهاتووه‌ بێت به‌ قورسایی و مێژوو كاریگه‌رییه‌كه‌ی، نه‌ك به‌تامی په‌نجا به‌ په‌نجای رابردوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌ و دیوەكەی تری ململانێ

هەروەك چاوەڕواندەكرا، یەكێتی پێداگربوو لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەكانی‌و كاردەكات بۆ فراوانكردنی ...