سەرەکی » راپۆرت » بە دروشمی رەخنەی ئازاد دەستەبەری كرانەوەیە ٢٢ ھەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەڕێوەچوو

بە دروشمی رەخنەی ئازاد دەستەبەری كرانەوەیە ٢٢ ھەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەڕێوەچوو

رۆژی18/4/2019، بەئامادەبوونی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و گەلاوێژخان و شاناز برایم ئەحمەد و وەزیری رۆشنبیریی و لێپرسراوانی حزبی و حکومی و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لەنووسەران و رووناكبیرانی كوردو بیانی، لەهۆڵی تەوار لەسلێمانی ٢٢ھەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لەژێر دروشمی (رەخنەی ئازاد دەستەبەری كرانەوەیە) دەستی بەكارەكانی كرد.
ھەر لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکەشدا پشانگەیەکی کتێب لەکتێبخانەی گشتی سلێمانی کرایەوە.
لەسەرەتای فێستیڤاڵەکەدا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵەکە، وتارێكی پێشكەشكردو وتی:
بانو گەلاوێژ، هاوسەرو هاوخەمی شادڕەوان، مامۆستا برایم ئەحمەد، كە رەچەی گەلاوێژی لەسیییەكانەوە تا ناوەڕاستی چلەكان شكاند.. كاكە قوباد، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیر، ئەندامانی پەرلەمان ‌و پارێزگارە بەڕێزەكان.. میوانانی ئازیز، خوشك‌و برایان.. بەتایبەتی میوانی ئێران، شارە جوانەكانی بەغدادو بەسرەو خوارو ناوەڕاستی عیراق‌و كوردستان. نوێنەری حزبە كوردستانییەكان، هەر چوارپارچەكەی كوردستان، بەخێربێن بۆ (22)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ..
ئەمڕۆ، كۆمەڵێك رووداو‌و یادەوەری مێژوویی دەگوزەرێن، كە هەندێكیان مایەی ئاماژەپێكردنە. ئەمڕۆ (1919) كۆمەڵەی گەلان دادەمەزرێت، كە كورد مافی پێشێلكرا. هەر ئەمڕۆ (1946) نەتەوە یەكگرتووەكان دادەمەزرێ‌، كە دیسان مافی كورد پێشێلكرا. هەر ئەمڕۆ یادی مردنی ئەنیشتاینە، كە ئێستا لەوتارەكەمدا ئاماژە بەنوێترین دۆزینەوەی سەرسوڕهێنەری گەردوونی دەكەم، كە هەمووی لەسەر بنچینەی زانستی تیۆری رێژەیی ئەنیشتاین یەكدێتەوە.
ئێستا كە ئەم فێستیڤاڵە دەبەستین، وەكو پار و ساڵانی رابردوو نییە، كە داعش هەڕەشەی مەرگی لەهەموو مرۆڤێك لەگۆی زەوی دەكرد! ئێستا ئەوان كونە مشكیان لێبۆتە قەیسەری ‌و بستێ‌ خاك نییە لەژێر دەستیاندا سەرپشك تیایدا تاوان ئەنجامبدەن. ئێستا كە ئەم فێستیڤاڵە دەبەستین، خۆشبەختانە راپەڕینی بەردەوامی هێمن، بەبێئەوەی هێزی چەكداری تێكەڵاو بكرێت، لەجەزائیرو لەسودان، وەرچەرخانێكی مێژوویان لەباكوری ئەفریقیا دروستكرد‌و خەریكە هاوشانی تونسی سەركەوتوو لەڕاپەڕین، بەهاری عەرەبی دەبوژێننەوە‌و هاوكێشە سیاسییەكان بەئاراستەی دیموكراسی‌و بەتێكشكاندنی هێزەكانی دژی دیموكراسی چ لەدەسەڵات، چ لەئۆپۆزسیۆن، خەریكە هاوكێشەكان جارێكی تر ئومێدێكی دیموكراسی‌و مەدەنی دەبەخشنەوە بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
وتیشی: ئەو دۆزینەوە سەرسوڕهێنەرەی كە لەگەردوون دروستبووە، جۆرەها ناوی لێنراوە، لە(10)ی نیسان دۆزراوەتەوەو بەكونی دڕندە، بەخولگەی سەرسوڕهێنەر، بەتێكشكێنەری هەموو ئەفسانەكانی ئایینەكان‌و مەزهەبەكان‌و بۆچوونەكانی سەدەها ساڵی رابردوو و جۆرەها ناوی تری لێدەنرێت، تەنها ئەوەندە بەسە بڵێین: ئەم دۆزینەوە نوێیە كە سێ‌ ملیار جار لەزەوی گەورەترە، سێسەد ملیۆن تریلیۆن میل لەزەوییەوە دوورە، ئەم دۆزینەوە هەموو ئەفسانەو داستانەكانی رابردووی بەدرۆ خستەوە‌و دەركەوت گەردوون ملیارەها نهێنی تری تێدایە كە هێشتا نەدۆزراوەتەوەو پەی پێنەبراوەو خۆشبەختانە ئێستا لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریدا زۆر خێراتر نهێنییەكان دەدۆزرێنەوە، كە بەهۆی نەدۆزینەوەی نهێنییەكانەوە، هەژمونی ئەقڵی دواكەوتن‌و كۆنەپەرستی تائێستا لەناو مرۆڤایەتیدا زاڵە!
ئامادەبوان..!
فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەوە (22)هەمین ساڵی تێدەپەڕێنێت‌و ئەمساڵ جگە لەفێستیڤاڵی گەلاوێژ، چوارهەمین كۆنفرانسی دابڕان‌و كۆنفرانسی دەرچوون لەتوندوتیژیی هەر لەدابڕان لەگەڵ (23) بیرمەندی جیهانی ئەنجامداوە. ئەم چالاكییانە، لەپەراوێزی دەسەڵات‌و ژیانی حزبایەتی‌و لەپەراوێزی ئەو رێكخراوە رەسمیانەیە كە پەیڕەوی لەسیاسەتی حزب دەكەن‌و شتێكی تەندروستە، یان ئێنجی ئۆن، یان هەر ناوێكی تری لێدەنرێت.
هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەدەستپێكی 22هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژدا رایگەیاند:
زێدەڕوی نییە بڵێین شار بەگەلاوێژەوە جوانەو گەلاوێژیش بەسلێمانییەوە، نەك تەنیا گەلاوێژی نەنكم، بەڵام بنكەی روناكبیری گەلاوێژ، ئەو شانازییەش بەسە بۆ بنكەی گەلاوێژ كە متمانەی رۆشنبیران و ئەهلی قەڵەمە كە لێرە ئامادەن.
وتیشی: بەدرێژای چەند ساڵی رابردوو گەلاوێژ پارێزگاری لەئاست بەرزی و پێگەی مەعنەوی خۆی كردووەو نەخزاوەتە ناو بازنە بەرتەسك و جۆراو جۆرەكان و بەردەوام لەبراوەكانی فێستیڤاڵەكەدا دەق و ناوی نوێ بەرگوێ كەوتون، گەلاوێژ هەمیشە لەخەمی ئەدەب و كلتورو رۆشنبیری كوردیدا بووە، نەخشەی وڵاتێكی كراوەو فرە رەنگ و فرە بۆچوونمان بۆ پێشنیار دەكات، ئەمەش پێداویستییەكی سەرەكی و بنەمایەكی بەهێزە بۆ حكومڕانییەكی باش و خزمەتگوزارو دیموكراسی، فێستیڤاڵەكەش بەكردار میراتگرو درێژەپێدەری چەند راستیەكە كە یەكەمیان پێگەی رۆشنبیری و مێژوویی و گەشی سلێمانییە، دووەمیشیان ناوەكەی خۆیەتی كە ئاماژەیە بۆ یەكێك لەلوتكەكانی ئەدەبی كوردی ئەویش گۆڤاری گەلاوێژە كە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدو چەندەهای وەك مامۆستا عەلادین سوجادی كە كردیانە دیاری بۆ ئەدەب و رۆشنبیری ئێمە، هۆكارێكی دیكەش سروشتی حكومڕانی كوردە كە هەمیشە رووی لەپێكەوە ژیان و كرانەوە بووە سەرباری ئەو مەرگەساتەی بەسەریهاتووە هەر پەیامی ژیاندۆستی بۆ جیهان هەبووە.
جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: سلێمانی شایستەی چەندین بۆنەو دیداری وەک گەلاوێژە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین كە مافی خۆی وەرنەگرتووە، سلێمانی لانەكەی یەكەم حكومڕانی كوردی و یەكەم رۆژنامەو یەكەم راپەڕینی جەماوەریی و یەكەم چاپخانەو یەكەم زانكۆیە، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئەم شارە، دەبێت وریابین جیاوازی پەلكێشمان نەكات بۆ پاشاگەردانی و هەركەس بۆ خۆی، رەخنە نەكەینە پاساوێك بۆ یەكترشكاندن و بڵاوكردنەوەی رق و كینە.
دوێنێش 20/4/2019 دوای بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی سێیەمین رۆژی فێستیڤاڵ لەمەراسیمێکداو بەدابەشکردنی خەڵات کۆتایی بەم خولەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ هات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید دووشەممە، ٧/١٢/١٩٤٢ کیتی گیان! حانوکاە و نیکۆلاوس ...