سەرەکی » ئەدەب و هونەر » شاری‌ خۆشه‌ویستی‌

شاری‌ خۆشه‌ویستی‌

ئیسماعیل محه‌مه‌د

لێم مه‌پرسه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌…
من په‌یوه‌ستم به‌م شاره‌وه‌
به‌ گۆیژه‌ و مامه‌یاره‌وه‌
به‌ ئاوی‌ سه‌رچناره‌وه‌

سلێمانی‌ له‌ ئاو ئه‌چێ‌…
هیچ كه‌سێ‌ به‌بێ‌ ئاو ئه‌ژی‌
له‌ ئۆكسجین و خۆر ئه‌چێ‌…
كه‌س بێ‌ هه‌وا و هه‌تاو ئه‌ژی‌

سلێمانی‌ هه‌ر به‌ تایبه‌ت …
خوا بۆ شاری‌ خوڵقاندووه‌
بۆیه‌ شارێكی‌ زیندووه‌
بۆ كه‌س ده‌سته‌مۆ نه‌بووه‌
سلێمانی‌ مه‌ته‌رێزه‌
بۆ كورد پشتیوان و هێزه‌
شارێكی‌ غه‌ریب ئامێزه‌
شاری‌ خۆشه‌ویستیی‌ و رێزه‌

سلێمانی‌ بۆیه‌ جوانه‌
سه‌ری‌ به‌رزی‌ له‌ ئاسمانه‌
شارێ‌ خاوه‌نی‌ سه‌یوان بێ‌
ئه‌بێ‌ سه‌ری‌ له‌ ئاسمان بێ‌

ئه‌م شاره‌ بۆ دوژمن سه‌خته‌
بۆ كوردایه‌تی‌ پایته‌خته‌
شاری‌ رۆژی‌ حه‌وتی‌ سێیه‌
هه‌موو كوردێ‌ هیوای‌ پێیه‌

سلێمانی‌ ره‌نگاوره‌نگه‌
شارێكی‌ جوان و قه‌شه‌نگه‌
له‌ سه‌روه‌رییا پێشه‌نگه‌
شیعری‌ من له‌ ئاستیا له‌نگه‌

سلێمانی‌ گوێ بگره‌ لێم
شاری‌ هه‌میشه‌ جوان و نوێم
رۆشنایی‌ چاو و هێزی‌ پێم
تا ماوم شیعرت بۆ ئه‌ڵێم

مه‌رگ و ژین خۆشه‌ له‌م شاره‌
ژیان تیایا ماناداره‌
دووری‌ و دابڕان ئازاره‌
حه‌سره‌ته‌،سه‌خته‌،دژواره‌

ئیتر تۆش بۆ نایه‌یته‌وه‌؟!
لێره‌ ژیان نوێكه‌یته‌وه‌
نه‌وه‌ك نه‌مانبینیته‌وه‌…
له‌ودووره‌ سه‌ر بنێیته‌وه‌

2/8/2017

 548 جار بینراوە