سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی 31 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیدا فه‌رهاده‌كه‌ی سلێمانی عاشقی شیرینی وڵات بوو

له‌ یادی 31 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیدا

له‌ یادی 31 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیدا فه‌رهاده‌كه‌ی سلێمانی عاشقی شیرینی وڵات بوو

فه‌رهاد، كوڕی خانه‌واده‌یه‌كی ناسراوی سلێمانی، منداڵێكی به‌ناز و خاوه‌ن هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیان بوو، كاتێكیش ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێت و خۆی ده‌ناسێت، لاوێكی كه‌شخه‌ و به‌ژن و باڵاجوانی لێده‌رده‌چێت، دنیا بۆی پێده‌كه‌نێ.
گه‌نجێكی دامه‌زراو، خوێنكارێكی زیره‌ك، خۆشه‌ویستی ده‌ورووبه‌ر و رۆح سوك بوو.
وه‌رزشكارێكی به‌ سه‌للیقه‌ش بوو له‌ بواری تۆپی پێدا، ساڵی 1978 تا 1981 یاریزانی تیپی تاڤگه‌ بووه‌.
له‌هه‌ر رۆژێكی نوێدا، ئاسۆی فه‌رهاد جوانتر و گه‌شتر ده‌هاته‌ به‌ر چاوان، به‌ڵام له‌ وڵاتی داگیركراودا، له‌ ژیانی ژێرده‌سته‌ییدا لاوه‌كان كوا ده‌په‌ڕژێنه‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خۆیان، كوا گوێ به‌ دنیای گه‌نجیه‌تی و حه‌زه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن؟!.
بنه‌ماڵه‌كه‌ی فه‌رهاد كه‌ خاوه‌نی باكگراوندێكی گه‌شی خه‌بات و تێكۆشان بوون، ئه‌ویش له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌ست له‌ ژیانی ئاسایی و خۆشگوزه‌رانی هه‌ڵده‌گرێت و پشت له‌ شار و روو له‌ چیا ده‌كات، ده‌ست و په‌نجه‌ی ئاشنای فیشه‌ك و تفه‌نگی به‌رگری ده‌بێت، ئیدی ئه‌و گه‌نجێكی جه‌نگاوه‌ری به‌ بیروباوه‌ڕ گۆشكراوه‌، واوه‌تر ده‌ڕوات و ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌یه‌كی ئازای كه‌رتێكی چالاكی پێشمه‌رگه‌، به‌شداریی پێداهه‌ڵپژانه‌كان ده‌كات و گڕ له‌ هۆردووی دووژمن به‌رده‌دات.
ئیدی، فه‌رهاد سێجاران جه‌سته‌ی به‌ تیری دوژمن كوناوده‌ر ده‌بێت و هه‌ر كۆڵنادات، تا له‌ قۆناغی ره‌شی ئه‌نفالدا، له‌وكاته‌ی كورد هیچ كه‌سێكی نییه‌ جگه‌ له‌ چیا و فه‌رهاده‌كانی تا بیپارێزن و به‌رگریی لێبكه‌ن، ئا له‌وكاته‌دا فه‌رهاد كه‌ سه‌رگه‌رمی تۆماریی شانازیی نه‌به‌ردییه‌، ده‌پێكرێت و ده‌كه‌وێت، زامی سه‌ختی جه‌سته‌ بڕست له‌ فه‌رهاده‌كه‌ی نیشتمان و فه‌رهاده‌كه‌ی دایه‌ سه‌عدییه‌ و فه‌رهادی شیرینی نیشتمان ده‌بڕێت و گیانی له‌ قه‌فه‌زی جه‌سته‌ی ده‌رده‌چێت و به‌ره‌و ئاسمانی نه‌مری له‌ شه‌قه‌ی باڵ ده‌دات… ئیدی ده‌بێته‌ شه‌هید فه‌رهاد و ده‌گاته‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی خۆی، ده‌چێته‌ فیرده‌وسی به‌رین و ده‌بێته‌ هاوپۆلی ئه‌وانه‌ی بۆ سه‌ربه‌رزیی گه‌ل و خاك، سه‌ریان نایه‌وه‌.
دایك و باوكی شه‌هید فه‌رهاد
وه‌ستا عه‌لیی باوكی شه‌هید فه‌رهاد له‌ بنه‌ڕه‌تا خه‌ڵكی گوندی (ژاژڵه‌)ی لای ماوه‌ته‌، به‌گه‌نجی چۆته‌ شاری سلێمانی و له‌وێ ژنی هێناوه‌، دوای نزیكه‌ی دووساڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات، ئیتر ده‌چێته‌ شاری كه‌ركوك و ساڵی 1951 له‌وێ له‌گه‌ڵ كچێكی بنه‌ماڵه‌ی ناسراوی (ئه‌لكه‌مال)ی نه‌ته‌وه‌ی توركمان به‌ناوی (سه‌عدیه‌) كه‌ ده‌كاته‌ دایكی شه‌هید فه‌رهاد، جارێكی دیكه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كاته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ خاوه‌نی پێنج منداڵ، ( فوئاد و ئه‌میره‌ و سه‌میره‌) له‌ كه‌ركوك و (په‌یمان و فه‌رهاد) یش له‌ گه‌ڕه‌كی كانێسكانی سلێمانی، له‌دایك بوون.
ئه‌گه‌رچی دایكی شه‌هید فه‌رهاد توركمان بووه‌ به‌ڵام به‌خۆشه‌ویستیی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوردی خۆش ویستووه‌ و تێكه‌ڵی بارودۆخی كوردایه‌تی ده‌بێت به‌شێوه‌ سیاسییه‌كه‌ی، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی گه‌وره‌ی داوه‌.
وه‌ستا عه‌لی له‌ ریزه‌كانی ئه‌وسای پ.د.ك ده‌ستی به‌كاری سیاسی كردووه‌، له‌ جیابوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی پارتی لایه‌نگیری باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بووه‌ و ئاشنایه‌تی و هاوڕێیه‌تی پته‌وی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی پارتی ده‌بێت، فوئادی كوڕیشی ( واتا برا گه‌وره‌كه‌ی شه‌هید فه‌رهاد) پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و دواتریش شۆڕی نوێ بووه‌.

ژیاننامه‌كه‌ی
فه‌رهاد عه‌لی محه‌مه‌د ساڵی 1962 له‌ گه‌ڕه‌كی‌ كانیسكانی سلێمانی له‌ دایكبووه‌ و ده‌رچووی قۆناغی ناوه‌ندییه‌.
ساڵی‌ 1977 تێكه‌ڵی‌ كاروانی تێكۆشان بووه‌ و بۆته‌ ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌یی ره‌نجده‌رانی‌ كوردستان و ناسناوی (زوڵاڵ)ی پێدراوه‌.
رۆژی 7/3/1981 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌تیپی 55ی‌ قه‌ره‌داغ، ساڵی‌ 1986 گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌زگای‌ سه‌ربازیی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ دوو، ساڵی‌ 1987 گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ تیپی 35ی كوڕه‌كاژاو و بۆته‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 2ی‌ ئه‌و تیپه‌، پاشانیش فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 2ی هه‌مان تیپ.
شه‌هید فه‌رهاد به‌شداری و رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ نه‌به‌ردی و داستانه‌كانی ( بێتواته‌، دابان-هه‌لاج، قه‌یوان- ماوه‌ت، رزگاری، زنجیره‌ شاخی‌ به‌رانان، بورجه‌كه‌ی‌ قه‌راغ، سه‌ربازگه‌ی بێستان سوور-شاره‌زوور، ده‌شتی‌ كه‌ركوك، قاعده‌ی‌ جه‌یشی شه‌عبی‌ له‌ تانجه‌رۆ، دووجار ڕزگاركردنی‌ شارۆچكه‌ی‌ سه‌نگاو، لێدانی چه‌ندین سه‌ربازگه‌ مۆڵگه‌ و باره‌گای فوج له‌ ناوچه‌كانی‌ بانیمه‌قان، قادركه‌رم، ئاغجه‌له‌ر، ته‌قته‌ق، زه‌ڕایه‌ن، دۆڵی‌ ئاكۆیان، ده‌ربه‌ند فه‌قه‌ره‌، شه‌ڕه‌كانی ئه‌نفال)، سێجاریش بریندار كراوه‌.
شه‌وی‌ 3\4/8/1988 له‌كاتی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی قۆناغی سێیه‌می ئه‌نفال له‌ شاخی‌ (بێترخێن)ی و كارۆخ-ی سنووری مه‌ڵبه‌ندی سێ، به‌ تۆپباران بریندار ده‌بێت و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌هید ده‌بێت و له‌ گوندی (گوڵان)ی سنووری رانیه‌، به‌خاك ده‌سپێردرێ‌ و ئێستاش مه‌زاری پیرۆزی هه‌ر له‌وێیه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ ئاوایی‌ میره‌یی‌ – شاره‌دێی‌ سه‌نگاوین

حه‌سه‌ن مه‌لا له‌ گرد و چه‌م و ده‌شته‌ به‌پیته‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ ...