سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەرێمی کشمیر هەڵوەشێنرایەوەپەڕە 2

بڕیارەکەی هیندستان کاردانەوەی لێکەوتەوە

هەرێمی کشمیر هەڵوەشێنرایەوە

سەرۆکایەتیی هیندستان مافی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کشمیری هەڵوەشاندەوە و بارێکی نائاساییشی راگەیاند بەوەی خوێندنگەو زانکۆ وهەموو بوارەکانی پەروەردە لەو هەرێمەدا تا کاتێکی نادیار دادەخرێن و هێزی سەربازیی زۆر بەناو هەرێمەکەدا بڵاوکراوەتەوە و هەموو جۆرە خۆپیشاندان گردبوونەوەیەکیش قەدەغەیە.
ئەو بڕیارەی هیندستان دوای گرژبوونی زیاتری بارودۆخی نێوان پاکستان و هیندستان هات، کە ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئەو ناوچەیە ناکۆکییان هەیە و چەندینجار شەڕ و کوشتاریش لەنێوانیان روویداوە، بۆیە هەردوولا بەردەوام هێز لە ناوچە سنوورییەکانیان کۆدەکەنەوە .

سوپا خۆی ئامادەکات
لە ئەگەری کاردانەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو هەرێمە، حکومەتی هیندستان نزیکەی ٤٠٠ هەزار سەربازی خۆی بڵاوەپێکردووە و لەئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر روبەروبونەوەیەکی سەربازی و هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنیشی پچڕاندووە. سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەشیان خستۆتە ژێر چاودێری وناهێڵن هەرێمەکە جێبهێڵن. ئەگەرچی هەردوو وڵات بانگەشەی خاوەندارێتی ئەو ناوچەیە دەکەن وهەرێمەکەیان لەنێوان خۆیاندا بەشکردووە، بەڵام خەڵکەکەی لە سیاسەتی ئەو دوو وڵاتە ناڕازین و تێدەکۆشن بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئەوە رەتدەکەنەوە کە سەر بەهیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە بن.

سەرۆک فەرمانی داوە
رۆژی 5/8/2019، ئامت شا وەزیری ناوخۆی هیندستان لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا فەرمانی سەرۆکی خوێندەوە، کە بڕیاریداوە بەهەڵوەشاندنەوەی مادەی 370ی دەستوور، کە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ هەرێمی زۆرینە مسوڵمانی کشمیر-ی دەستەبەرکردووە و مافی کڕینی زەوی و موڵک و سامانیان لەو هەرێمە هەیە. ئەو بڕیارەی حکومەتی هیندستان لەکاتێکدایە کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا مشتومڕێکی زۆر پەیدابووە لەسەر کێشەکانی ئەو هەرێمە و هێزێکی سەربازی زۆری حکومەتیش رەوانەی کشمیر کراوە، بۆ ریگرتن لەوبارە نەخوازراوە.

ئەو هەرێمە چی لێدێت؟
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە: ئەو هەرێمە دەکرێتە دوو ناوچەی یەکگرتوو بەناوی (جامۆ و کشمیر) و چیدی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ نامێنێتەوە، ئەوەش بەقسەی خۆیان بێت، بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچەیەیە کە هەمیشە بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هەردوو وڵات و هەردوو بەشەکەی کشمیر بەری لای هیندستان و لای پاکستانیش ساڵانێکە ئارامییان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
جامۆ و کشمیر کەوتوونەتە باکووری رۆژئاوای هیندستان و باکووری رۆژهەڵاتی پاکستان. هیندستان دەستی بەسەر %43ی خاکی کشمیردا گرتووە و پاکستانیش بەسەر %37ی ناوچەکەدا گرتووەو ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامان و سەرچاوە سروشتییەکان و هەریەکەیان دەیانەوێت هەژموونی زیاتری هەبێت.

كاردانه‌وه‌ی پاكستان
وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كیش سه‌باره‌ت به‌بڕیاره‌كه‌ی هیندستان، دوێنێ ژه‌نراڵ قه‌مه‌ر جاوید فه‌رمانده‌ی سوپای پاكستان رایگه‌یاند: سوپای وڵاته‌كه‌ی تا كۆتایی پشتیوانی ته‌واوی دانیشتووانی كشمیر ده‌كات له‌ دۆزه‌ ره‌واكه‌یاندا. وتیشی: وه‌كو په‌یوه‌ستبوونمان به‌ به‌ڵێنه‌كه‌مانه‌وه‌، ئێمه‌ ئاماده‌ین بڕۆینه‌ هه‌ر شوێنێك.

نیگەرانیی نێودەوڵەتی
رۆژی دووشەممەی رابردووش، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لەو بڕیارەی حکومەتی هیندستان گرت و هۆشداریدا لە پەرەسەندنی ئاڵٶزییەکانی ئەو هەرێمە کێشە لەسەرە.
لە بەیاننامەیەدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە رایگەیاند: بڕیارە یەکلایەنەکەی حکومەتی هیند بەڕەتکردنەوەی مادەی 370ی دەستوور بەبێ راوێژکردن لەگەڵ دانیشتووانی بەشە هیندییەکەی هەرێمی کشمیر، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان. هەروەک هۆشداریداوە لە گۆشەگیرکردنی دانیشتووانەکەی و مەترسییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زیاتر دەکات، بەتایبەتی کە ئێستا هەڵمەتێکی تەواوی سەرکوتکردن هەیە لەسەر ئازادییەکان و بڕینی هۆکارەکانی پەیوەندیکردن.

تورکیاش هاتە سەر خەت
لەڕاگەیەنراوێکیشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا نیگەرانیی حکومەتی ئەنقەرەی دەربڕی و راشیگه‌یاند: توركیا هیواخوازه‌ كێشه‌كه‌ به‌دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی جامو- كشمیر، هیندستان و پاكستاندا چاره‌سه‌ر بكرێت.

کێشەی کشمیر لەکەیەوە سەریهەڵداوە؟
هیندستان و پاکستان 70 ساڵ دەبێت ئاگربەستیان کردووە و هەرێمەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، تا ئێستا چەندینجار رێکەوتننامە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەسەر هەرێمەکە مۆرکراوە، بەڵام ئەوەندەی نەبردووە پێشێلکراوە. لەساڵی 1972 رێکەوتننامەی (سیلما)یان مۆرکرد، بەڵام لەدژی دەسەڵاتدارێتی هیندستان گروپی چەکداری یاخیبوو بەیارمەتی پاکستان لەو هەرێمە دروستبوون و کەوتنە شەڕ لەگەڵ حکومەتدا، دەیان هەزار کەس لەشەڕەکاندا کوژران و ئەو کێشەیە هەرچارەنەکرا. لە 1999 تەق وتۆق کەوتە نێوان سوپای هندستان وپاکستان لەسەر ئەوەی چەند سەربازێکی پاکستانی هێڵی سووری هیندیان بڕیوە و چووبوونە ناو بەشەکەی تری هەرێمەکە. ساڵی 2010 لەبەری هیندەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دروستبوو لەدژی دەسەڵات و سەدان کەسیان لێکوژرا. لەساڵی 2015 دا هەڵبژاردن لەوهەرێمە کرا و بۆ یەکەمینجار پارتی (بەهاراتا جاناتا)ی نەتەوەیی هیندۆسی بردییەوە و لەهاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەل حکومەتیان پێکهێناوە، بەڵام ناوە ناوە کاری تەقینەوە و رووداوی نەخوازراو روودەدا و ئەو هەرێمە زۆر لەمێژە بۆتە کێشەیەکی سەرەکی لەنێوان هیندستان و پاکستانی دراوسێدا. لەم ماوەیەی دواییدا هیندستان زانیاری ئەوەی پێگەیشتووە کە گروپە چەکدارەکان لە خاکی پاکستانەوە دەیانەوێت کاری تێکدەرانە و تەقینەوە بکەن، بۆیە بارێکی نائارام دروستبووە و خەڵکێكی زۆر لەترسا ئەم ناوچەیەیان جێهێشتووە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*