سەرەکی » وەرزش » هەنگاوە هەستیارەكەی چامپیۆنس لیگ

هەنگاوە هەستیارەكەی چامپیۆنس لیگ

سبەی سێشەممە و دووسبەی چوار شەممە 10 و 11/2/2020، یاریگاكانی ئەوروپا یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16 یانەی چامپیۆنس لیگ لەئامێز دەگرن و چوار یاریی لە كۆی 8 یاریی گەڕانەوەی ئەم قۆناغە دەكرێن.
یارییەكان بەو شێوەیەن كەلە خشتەكەدا دیاریی كراون، بەرامبەر هەر یارییەكیش ئەنجامی یارییەكانی چوونی نێوانیان و پاشان یاریگا و رۆژی یارییەكانیش نووسراون.
بڕیار وایە رۆژانی 17 و 18/3/2020 چوار یارییەكەی تری گەڕانەوەی نێوان یانە بەشدارەكانی ئەم قۆناغە بكرێن و ئەو یارییانەش كات و شوێنەكانیان و ئەنجامی یاریی چوونی نێوانیشیان نووسراوە.

خوێندنەوەیەكی سەرپێی بۆ یارییەكان
دیارە بەتەواوی ئەنجامی یارییەكانی چوونی نێوان سەرجەم یانەكان، ئاسۆی سەركەوتنی هیچ یانەیەك روون نەبۆتەوە، هەموو ئەگەرەكان لە یارییەكانی گەڕانەوەدا لە ئارادان، ئەگەرچی دەتوانین بڵێین بایرن مونش و لابزیگ و ئەتڵەنتا و مان سیتی تاڕادەیەكی زۆر ئەركی سەرشانیان ئاسانە، لەبەر ئەوەی بایرن لە یاریگای ستامفۆرد بریدج 3-0 لە چێڵسی بردۆتەوەو یاریی گەڕانەوەش لەیاریگای خۆیدا دەكات، لایبزیگی ئەڵمانیش توانیویەتی لە ئینگلتەرا 1-0 لە تۆتنهام بباتەوەو بەهەمان شێوە ئەمیش یاریی گەڕانەوە لەیاریگای خۆیدا دەكات، ئەتڵەنتاش پشت ئەستور بە ئەنجامەگەوەرەكەی یاریگای خۆی 4-1 لەڤالانسیا دەچێتە ئیسپانیا، مان سیتیش لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ 2-1 لە ریاڵ مەدریدی برۆدتەوە، ئەمانە وا دەكەن ئەم چوار یارییە لەسەر كاغەز تاڕادەیەكی زۆر بۆ بایرن مونش و ئەتڵەنتا و لایبزیگ و مان سیتی ئاسان بێت، بەڵام فیكەی كۆتایی دوا قسە لەسەر رووداوی یاریگاكان دەكات و تا وادەی ئەو فیكانە هەموو ئەگەرەكان لەئارادان.

لەچاوەڕوانی تۆڵەدان
هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و لیڤەرپوڵ و یۆڤانتۆسیش لە چاوەڕوانی تۆڵە سەندنەوەدان لە ئەتلەتیكۆ مەدرید و دۆرتمۆند و لیۆن.
لیڤەرپوڵ كە ئەمساڵ بە یانە ئاسنینەكە ناوی دەركردو دەوترا هیچ یارییەك نادۆڕێنێت، لەیاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ و لەیاریی چوندا 0-1 بە ئە.مەدرید دۆڕا، ئەم دۆڕانە تا ڕادەیەكی زۆر لیڤەری توشی شڵەژان كرد، ئەوەبوو لە پریمەر لیگیش زۆر بە قورسی 0-3 بە واتفۆرد دۆڕا، دواتریش لە خولی جامی ئێف ئەی كاپیش كرایە دەرەوەو 0-2 بە چێڵسی دۆڕا، بەمەش شەمەندۆفێری لیڤەر لە كار كەوت، بەڵام لەم یارییانەی گەڕانەوەدا دەیەوێت بەسوود وەرگرتن لە هاندەران و ئەنفیڵدی یاریگای خۆی كە بەیاریگا مەنجەڵەكە ناوی دەبرێت تۆڵەی ئەو دۆڕانە بكاتەوە، سیمیۆنی و یاریزانەكانیشی بە پشت بەستن بە پلانی بەرگری تۆكمەو توانای یاریزانەكانی، نایانەوێت سیناریۆی بارسای پاری ئەم خولە بەسەر ئەمانیش بێت و دەیانەوێت لەو یاریگایەش خۆیان بسەلمێنن.
بۆیە هەموو ئەگەرەكان لەم یارییەدا لەئارادان، یاریزانانی لیڤەر هەر پاش تەواو بوونی یاریی چوون هەڕەشی ئەوەیان لە مەدریدیەكان كرد كە ئەنفیڵدیان لێدەكەن بەدۆزەخ، تەنانەت گۆڵچی یەدەگی یانەی لیڤەر ئەدریان كاستیۆ ووتی ئەگەر باوەڕ بە تۆڵەی ئەنفیڵد ناكەن بچن پرسیار لە بارسیلۆنا بكەن.

پاریسییەكانیش چاوەڕوانی یاریگای خۆیان دەكەن
پاریسییەكانیش هەمان بارودۆخی لیڤەرپوڵیان هەیە، ئەمانیش بەپشت بەستن بە هاندەرانی و یاریگای پارك دوفرانس دەیانوێت تۆڵە لە دۆرتمۆندی ئەڵمانی بكەنەوەو قەرەبووی دۆڕانەكەی یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پاركیان لێبكەنەوە.
یۆڤانتۆسیش حاڵی لەحاڵی ئەمان دەچێت، لە فەرەنسا بەلیۆن دۆڕاوە، لەوێ گۆڵێكی بێ بەرامبەری لێكرا، كریستیانۆ و دیبالاو هیگواین لەفەرەنسا نەیانتوانی گۆڵی یەكسان بوون بكەنەوە، بۆیە لەم یارییانەی گەڕانەوەدا ئەگەر هاندەران ئامادەبن، دەیانەوێت بە پشت ئەستور بە یاریگاو هاندەرانیان تۆڵەی ئەو دۆڕانەیان بكەنەوەو دەبێت لانی كەم 2-0 یارییەكە ببنەوە.
هەرسێ یارییەكە گرنگن، هەرشەش یانەكەی دوولایەنی ئەم سێ یارییە ئامادە نین بەخۆڕایی لەم قۆناغەدا بكرێنە دەرەوە، لیڤەر دەیەوێت زاخاوی تاڵی سیناریۆی پاری بەرامبەر بارسلۆنا بەئەتلەتیكۆش بنۆشێت و دووچاری دۆڕانێكی سەختی بكاتەوە، بەڵام رەنگە ئەو یارییە ببێتە پەند بۆ سیمیۆنی و ئەو سیناریۆیە دووبارە نەبێتەوە، بۆیە نازانرێت ئەم یارییە سیناریۆیەكی تر بەخۆیەوە دەبینێت یان هەمان سیناریۆی پارەو بەجۆرێكی تر دووبارە دەبێتەوە.
پاریسییەكانیش ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی پێشوو تیپێكی باشیان بەسەركردایەتی نەیمار و مپابێ و كاڤانی لەهێڵی هێرشبەردا بنایت ناوە، رەنگە ئەگەر ئەمساڵ لەچامپیۆنس لیگدا نەبنە ژمارەو ناوی قورس، ئەوا زەحمەتە لە ئایندەدا تیپێكی وا دروست بكەنەوە، بەتایبەتیش باسی ئەو لە ئارادایە كە وەرزی ئایندە رەنگە نەیمارو مپابێ لەم یانەیە نەمێنن، بۆیە بەهەموو توانایەكیانەوە لەچاوەڕوانی تۆڵەیەكی كەمەر شكێندان لە یانە ئەڵمانییەكە، ئەگەر چی یانە ئەڵمانییەكەش هێندە پاروویەكی ئاسان نییەو تیپێك نییە وا بەئاسانی خۆی بدات بەدەستەوە، یۆڤیش لەم هاوكێشەی ئەگەرانە بەدوور نییە، دەبێت ئەمیش بۆسەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو لانی كەم دووگۆڵی بێ وەڵام بكات، ئەگەری ئەوەش لەئارادایە لیۆنیش گۆڵێك بكات ئەوسا یارییەكە ریتم و ئاڕاستەیەكی تری دەبێت.

بارساو ناپۆلیش نیوە بەنیوە
بارسیلۆناو ناپۆلیش یارییەكی هاوسەنگ دەكەن، چونكە هیچ كەمێكیان هیوا بڕاو نین، بەپێچەوانەوە زۆرترین هیوایان بەسەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو هەیە.
هەردوو یانە لە یاریی چووندا كە لەیاریگای سان پاوڵۆی ئیتالیا كرا، بەگۆڵێك بۆ هەر لایەك یەكسان بوون، ئەنجامەكە بەڕێژەی كەمێك زیاتر لەنیوە بەسودی بارسیلۆنایە، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی یاریی گەڕانەوە لەیاریگای خۆی و لەبەر دەمی هاندەرانیدا دەكات، نیوەكەی تریش ئەگەرچی كەمتریش بێت لە نیوە، بەسودی یانە ئیتالییەكەیە، چونكە راستە یاریی نێو یاریگای خۆی نەبردەوە، بەڵام تیپێكی ئاسان نییە، بەرگرییەكی ناوچەیی توند دەكەن، لەیاریی چووندا بارسا بەزەحمەت توانی پاش گوشارێكی یەكجار زۆر گۆڵێكیان لێبكات، بەڵام ئەوان بەیەك هێرشی پێچەوانە توانیان گۆڵەكەی خۆیان بكەن، بۆیە ئەم یارییەش یارییەكی كراوەیە لەڕوی ئەنجامەوە، راستە بارسا گۆڵێكی لە یاریگای ئەوان كردووە، بەڵام لەم یارییەدا ئەگەر زۆرە ئەوانیش بتوانن گۆڵێك بكەن و دواجار یارییەكە تاڕادەیەكی زۆر هاوسەنگە و براوە نازانرێت كێ دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*