سەرەکی » راپۆرت » داوای خۆپیشاندانی هێمنانەی دوور لە توندوتیژی دەكرێت

داوای خۆپیشاندانی هێمنانەی دوور لە توندوتیژی دەكرێت

بەمەبەستی داكۆكیكردن لە مافە رەواكانیان و باشكردنی بژێوی ژیانیان و چارەسەركردنی كێشەی مووچە، دوێنێ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی سەر بە پارێزگاكە‌و چەند ناوچەیەكی تر، دەستیپێكرد. لەچەند ناوچەیەكیش بارەگای لایەنە سیاسییەكان و چەند فەرمانگەیەكی حكومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران.
خۆپیشاندەران لە شاری سلێمانی و قەزاكانی (چەمچەماڵ، سەیدسادق، دەربەندیخان، رانیە، پێنجوێن، رواندز و تەقتەق) و ناحیەكانی پیرەمەگرون‌و تەكیە، داوایانكرد بەزوویی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت و بژێوی خەڵك باشبكرێت. هاوكات لەچوارچێوەی دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی كوردستاندا داواكرا «گۆڕانكاری لە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا بكرێت».

خۆپیشاندان لەپارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەك
دوای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێك لە خۆپیشاندانەكان، لەچەند ناوچەیەك توندوتیژی كەوتەوە. لەسلێمانی؛ بۆ رێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر بارەگا حزبییەكان، هێزەكانی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، رێوشوێنی ئەمنیی توندیان گرتەبەرو نەهێڵدرا ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕدرێت.
هاوكات لە سەیدسادق، بەشێك لەخۆپیشاندەران هێرشیان كردەسەر قائیمقامیەتی قەزاكەو دواتر بۆ چەند سەعاتێك رێگەی سەرەكی مەرزی باشماخ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا.
لەقەزای چەمچەماڵیش خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو بینای وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای شارەكە دا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە كرا. لە پیرەمەگرونیش، خۆپیشاندەران بارەگای هەر پێنج لایەنە سیاسییەكەیان سوتاندو دواتر بینای پۆلیسی هاتۆچۆی ناحیەكەش سوتێنرا، كە ئۆتۆمبیلی ژمارەیەك هاووڵاتیش زیانیان پێ گەیەنراو سوتێنران.
هاوكات لە خۆپیشاندانەكەی قەزای رواندزدا، پشێویی لەنێوان خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكاندا دروستبوو، لەئەنجامدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر برینداربوون‌و باژێروانی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەشارەكە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستبەسەركراو بڵاوەش بەخۆپیشاندەران كرا.

پەیامی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی
لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، ئاوات محەمەد سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی شاری سلێمانی رایگەیاند: لەگەڵ داوا رەواكانی خۆپیشاندەرانین‌و پشتیوانییان لێ دەكەین. هاوكات داوای لەخۆپیشاندەران كرد: هێمنی بپارێزن‌و دووربكەونەوە لەكاری توندوتیژی، چونكە تێكچوونی دۆخی ئەمنی، لەزیانی هەموو لایەكە.

پاراستنی دامودەزگا مەدەنی‌ و حكومی ‌و بارەگاكان
لای خۆیشییەوە، لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/زانیاری، لەپەیامێكدا وتی: «دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ داوا رەواكانی خەڵك‌و لێرەوە ئێمە خۆمان بەپشتیوانی داوا رەواكانی خەڵكی وڵاتەكەمان دەزانین لەپێناوی باشتركردنی دۆخی گوزەران‌و حوكمڕانییەكی شایستە بەم گەلە، بەڵام داواكارین كە خۆپیشاندانەكان بەئاڕاستەی هەڵەدا نەبرێن‌و پشێوی لێنەكەوێتەوەو دۆخی ئاسایش‌و ژیانی هاووڵاتیان نەكەوێتە مەترسییەوە».
لاهور شێخ جەنگی وتیشی: «پاراستنی دامودەزگا مەدەنی‌و حكومیەكان‌و بارەگاكان ئەركی هەموو لایەكمانەو نابێت بەهیچ جۆرێك پەنا بۆ سوتاندن‌و توندوتیژی ببرێت، داوا دەكەین كە خەڵك خۆیان لە ئاژاوەنانەوە بپارێزن».

كۆبوونەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو
هەر دوێنێ‌و لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكاندا، هەردوو وەفدی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بەسەرپەرشتی رێكخەری گشتی بزووتنەوەكەو ئەمیری كۆمەڵ، لەسلێمانی كۆبوونەوە.
لەڕاگەیەنراوێكیشدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، كە «پشتگیریی‌ داواكارییە رەواكانی‌ كۆمەڵانی‌ خەڵك‌و سەرجەم چین‌و توێژەكانی‌ هەرێم دەكەن، كە بەشێوەیەكی‌ مەدەنیانە ئەنجامبدرێت، دوور لەتوندوتیژی لەهەر لایەكەوە بێت».
دواتر وەفدەكەی گۆڕان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی لەسلێمانی كردو دوای كۆبوونەوەكەشیان، عوسمان كاروانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو، وتی: «دەبێت حكومەتی هەرێم بەدەم داواكاریی خۆپیشاندەران‌و فەرمانبەران‌و مامۆستایانەوە بچێت‌و كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات». وتیشی: «پشتگیری لەخۆپیشاندانی هێمانەی مووچەخۆران‌و هاووڵاتیان دەكەین، بەڵام بەو مەرجەی دووربێت لەكاری توندوتیژی‌و ئاژاوەگێڕی».
شایانی باسە، تاسەعات حەوتی ئێوارەی دوێنێ، هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستانەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان رانەگەیەنرا.

 554 جار بینراوە