سەرەکی » زانست » چیرۆكی ئەو فەزاوانانەی كۆرۆنا خۆشیی…

چیرۆكی ئەو فەزاوانانەی كۆرۆنا خۆشیی…

چیرۆكی ئەو فەزاوانانەی كۆرۆنا خۆشیی گەڕانەوەی لێشێواندن

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی(كۆڤید-19)لە جیهاندا چەندین چیرۆكی سەرنجڕاكێشی لێكەوتووەتەوە لەوانەش چیرۆكی گەڕانەوەی سێ فەزاوانی وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتییە.

ئەو فەزاوانانەش بریتین لە ( ئۆلیگ سكریبۆچكا)ی ڕوسیی و ( جێسیكا مائیر)ی ئەمریكی كە لە ئەیلولی (2019)دا چوونەتە وێستگەی فەزایی نیودەوڵەتی ماوەی (205) رۆژ لەوێ ماونەتەوە و (ئەندرۆ مۆرگان)ی ئەمریكی كە لە تەمووزی (2019) دا چووەتە وێستگەی ناوبراو و ماوەی (227) ڕۆژ لەو وێستگەیە ماوەتەوە. ئەم سێ كەسە زیاتر لە(200) ڕۆژ لە فەزادا مانەوە و ڕۆژی (17)ی ئەم مانگە گەڕانەوە بۆ سەر زەوی، بەڵام دۆخی زەوی هەمان دۆخ نەبوو كە ئەوان جێیان هێشت، چونكە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەجیهاندا هەموو ڕیوشوێنەكانی پێشوازیكردنیان زۆر جیاواز بووە بە بەراورد بە ڕێوشوێنەكانی پێشووتر دەگیرایەبەر بۆ بەخێرهێنانەوەی كەشتیوانانی فەزایی.

(جێسیكا مائیر)ی ئەندامی ئەو تیمە سێ كەسییە ئەو خانمە بوو كە لەبواری كارەكەیدا مێژوویەكی بۆ خۆی تۆماركرد‌و لەگەڵ خانمە هاوپیشەیەكیدا بە ناوی ( كریستینا كوش) لە دەرەوەی وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی چەند كارێكی گرنگی چاككردنەوە و لەحیمكردنیان لەدەرەوەی وێستگەكە ئەنجامدا و ماوەیەكی درێژییان لە ناو بۆشایی ئاسماندا بەسەر برد كە ئەوە یەكەمین جار بوو لە مێژویی فەزاوانیدا ژنان بتوانن كاری لەم شێوەیەبكەن.

بەر لە گەڕانەوەشیان بۆ سەر زەوی مائیر لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا وتی» هەرچەندە ئێمە سات بە سات دیمەنی زەویمان دەبینی لە فەزاوە و هەستمان بە هەندێك گۆرانكاریی دەكرد كە بەلامانەوە ناوازە بوو، بەڵام دیمەنەكە لەسەر زەوی جۆرێكی ترە و هەست دەكەین لەو كاتەی هاتووینەتە ناو بۆشایی ئاسمان زۆر شت گۆردراوە كە هەندێكی پێشبینی نەكراو بوو بۆمان».

ئەو دەڵێت» گۆشەگیریمان لە سەر زەوی قورستر دەبێت لەو تەنهاییەی لە وێستگەی فەزایی تێیدا دەژین، لە ناو وێستگەكە بە هەندێك شتەوە سەرقاڵ دەبین كە تەنهاییەكەمان بیر دەباتەوە». دەشڵێت» ئەوەی زۆر قورسە ئەوەیە دوای ئەو هەموو ماوەیە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەتوانین باوەش بە خێزان و هاورێكانماندا بكەین». جێگەی ئاماژە پێكردنە، لەبەر ئەوەی ئەو تیمانە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مەودایەكدا بوون كە هێزی ڕاكێشانی نەبووە، بۆیە كاتێك ئەو تیمانە لە فەزا دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە بۆ ئەوەی دوبارە لەشیان لەگەڵ هێزی ڕاكێشانی زەویدا ڕابێتەوە، جگە لەوەش ئەركێكی تر بۆ پزیشكە تایبەتەكان زیاد بووە ئەویش بەر لەگەڕانەوەی تیمەكە خۆیان بۆ ماوەیەك كەرەنتینە كراون و ڕۆژانە پشكنینیان بۆ كراوە و دواتریش كە تیمەكە گەڕاونەتەوە دەبێت چاودێری ئەو سێ فەزاوانە بكرێت بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبن.

لەدۆخی ئاساییدا تیمە فەزاوانەكان دەكرێنە ئۆتۆمبیلی تایبەت و دەبرێنە فرۆكەخانە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەكانی خۆیان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی كازاخستان بە هۆی ڕێكارە تەندروستیەكانەوە فرۆكەخانە ئاساییەكانیان داخستووە، بۆیە فەزاوانەكان لە بنكەی (بایكۆنۆر)ەوە كە ڕوسیا بەكرێ گرتوویەتی بۆ ئەركە فەزاییەكان و گەشتەكانی بۆشایی ئاسمان، لەوێوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان.

جێگەی بیر هێنانەوەیە ڕۆژی (9)ی ئەم مانگە تیمێكی سێ كەسیی دیكە كە بریتی بوون لە دوو فەزاوانی ڕوسیی و فەزاوانێكی ئەمریكی گەشتێكیان دەستپێكرد بۆ وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتیی و بەر لەوەش بۆ ماوەی (45) ڕۆژ كەرەنتینە كران بۆ ئەوەی هیچ ڤایرۆسێكی (كۆڤید-19) نەگوێزنەوە بۆ ناو وێستگەكە. پێویستە بوترێت: وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتیی كە بە ( ئالفا) ناسراوە لە ساڵی (1998)ەوە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و پێنج لایەنی بەڕێوەی دەبەن كە ئەوانیش بریتین لە(ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و روسیا و ژاپۆن و كەنەدا و ئاژانسی فەزایی ئەوروپا).

print

 191 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*