سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » عیراق لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت و كۆرۆنادا

عیراق لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت و كۆرۆنادا

دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ خوار 20 دۆلار كە هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئابوریی عیراقی شەكەت كردووە و بۆتە مایەی ئەوەی حكومەت بیر لە پەنابردنە بەر كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بكاتەوە، هەرچەندە زۆربەی بەرپرسە حكومییەكان رەتیدەكەنەوە هەنگاوێكی لەو جۆرە هەڵبنرێت.

عیراق چەند مانگێك لەمەوبەر و پێش پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داهاتی نەوتی مانگانەی لەنێوان 6 بۆ 7 ملیار دۆلاردا بوو، بەڵام لەئێستادا و لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، ئەو داهاتە ناگاتە 2 ملیار دۆلار، ئەمەش لەكاتێكدایە كە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە لانی كەم 3 ملیار دۆلارە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بۆتە مایەی لەگەڕخستنی زۆربەی ئابورییەكانی جیهان، زیانی زیاتری بە وڵاتانی بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە، عیراقیش لەنیوان ئەو وڵاتانەدایە، بەو پێیەی زیاتر لەسەدا 90ی ئابورییەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

عیراق بەهۆی دەبەزینی نەخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، ناتوانێت بودجەی ساڵی 2020 پەسەند بكات، دەبێت یان لەسەر بنەمای بودجەی پێشوو یان لەڕیی بودجەی مانگانەوە كارەكانی ڕایی بكات و دەستبەرداریی زۆرێك لە خەرجییەكان ببێت، وێڕای راگرتنی تەواوی پرۆژەكان.

خەمی ئێستای حكومەتی عیراق دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتە، ئەمەش ئەگەر توانای بەسەردا بشكێت كە رەنگە لەڕێی دەستبردن بێت بۆ یەدەگی فیدراڵی و قەرزی ناوخۆیی كە بە خراپترین رێگەچارە دادەنرێت و ئابوری وڵات لە رۆخی مایەپوچبوون نزیكدەكاتەوە.

عیراق لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت و كۆرۆنادا دووچاری خراپترین قۆناغ بووە لە دوای ساڵی 2003، بە جۆرێك رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێك لە دیالە و كەركوكی داگیر كرد، هێندەی ئێستا وڵاتی توشی شڵەژان نەكرد.

ئەم رەوشەی ئێستای عیراق، لەگەڵ ئەوەی درێژخایەن نییە و زۆری نەماوە كۆتایی بێت، بەڵام دەرفەتێكی باشە بۆ بەخۆداچوونەوە و بیركردنەوە لە دانانی چارەسەری ریشەیی و خۆئامادەكردن بۆ هاتنەبەری قۆناغی مەترسیدارتر لەم رەوشەی ئێستا كە هۆكارە سەرەكییەكەی كۆرۆنایە.

 595 جار بینراوە