سەرەکی » ئابووری » ״هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ چاوه‌ڕێی عیراقە״

״هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ چاوه‌ڕێی عیراقە״

یەکەی ئابووری

ماوه‌ی 37 رۆژه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دابه‌شنه‌كراوه‌و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندوە، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كات.

سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به ماڵپەڕی‌ (PUKmedia)ی راگه‌یاندوە: ‌ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ست وه‌زاره‌تی داراییدا هه‌یه‌، به‌شی دابه‌شكردنی مووچه‌ ناكات و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ چاوه‌ڕوانی پاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌كات.

وتیشی: «حكومه‌تی هه‌رێم بڕێك پاره‌ی كه‌می له‌ داهاتی ناوخۆ به‌ فرۆشتنی نه‌وتیشه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه‌ و به‌شی دابه‌شكردنی مووچه‌ ناكات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ دوابكه‌وێت».

جێی ئاماژه‌یه‌، ماوه‌ی 37 رۆژه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌ یه‌كه‌م وه‌زارته‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌و تائێستاش كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نیسان(4) دیار نییه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌دوو مانگی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی به ‌لێبڕینی 21 %وه‌ مووچه‌ دابه‌شبكات.

بەپێی رێكەوتنێكی كاتی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، بۆ ماوەی سێ مانگ حكومەتی عیراق بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دواتر بڕیارە هەردوولا بۆ پڕۆژە یاسای 2021 بگەنە رێكەوتنی یەكلاكەرەوەو پرسی مووچەو بودجەی كوردستان بنێردرێت.

 184 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*