سەرەکی » ئەدەب و هونەر » عه‌تا محه‌مه‌د یاداشته‌كانمان واڵا ده‌كات

عه‌تا محه‌مه‌د یاداشته‌كانمان واڵا ده‌كات

كاوه‌ حاجی عه‌زیز

به‌هاری ئه‌مساڵ، چیرۆكنووس و رۆماننووس عه‌تا محه‌مه‌د چوار رۆمانی به‌چاپ گه‌یاند، چ وه‌ك ناونیشانی رۆمانه‌كان چ وه‌ك حه‌ز و خولیای خۆم ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر چواریان، رۆمان به‌ دوای رۆماندا بێ ئه‌وه‌ی بێتاقه‌ت بم یان وازیان لێبهێنم و نیوه‌ناچڵ به‌جێیانبهێڵم. ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم كه‌سم نه‌دیوه‌ به‌ نه‌فه‌سی هه‌ڵسه‌نگاندن، ره‌خنه‌ توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات! له‌ كاتێكدا ئه‌م ته‌كنیكه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د ده‌كرێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ، ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا تازه‌یه‌ و زۆر ناوازه‌یه‌ هه‌تا له‌ ناوی پاڵه‌وان و ناونیشانیش سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێ! چوار رۆمان هه‌روا كارێكی سانا نییه‌، دڵنیام گینگڵی به‌ نووسه‌ر داوه‌ چونكه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ له‌ غوربه‌ت و ئاواره‌ییدا نووسراون و سه‌ركه‌وتووش بوون.

تاراوگه‌، غوربه‌ت كه‌م داهێنه‌ر هه‌یه‌ خه‌یاڵی جاویدان بكات و قه‌ڵه‌می له‌ فه‌وتان رزگاربكات! ئه‌م به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ره‌نگاریی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بۆته‌وه‌ له‌وه‌ش زیاتر توانیوێتی تا راده‌یه‌كی باش كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كانی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تۆمار بكات و چه‌مكێك له‌ یاداشته‌كانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی به‌چه‌ندین رۆمان نووسیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر جه‌میل صائب له‌ خه‌ومای بۆ سه‌رده‌می شێخ مه‌حمود نه‌نووسیبایه‌ دڵنیام خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و زه‌مه‌ن و مێژووه‌ به‌جۆرێكی تر ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌قه‌ واته‌ له‌ (خه‌وما) وه‌ك شایه‌تێكی به‌ویژدان راست و دروستی و باشی و خراپی تاریكی و رووناكی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ جگه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كان و یاداشته‌كانی تر ئه‌مه‌ بۆ خۆی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئه‌و دۆخ و سه‌رده‌مه‌ بووه‌ كه‌ شێخ مه‌حمود ده‌سه‌ڵاتی تیادا گوزه‌ر كردووه‌.

ئا به‌وشێوه‌یه‌ چمكێك له‌ ژیانی ئه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین له‌م رۆمانه‌دا نووسراوه‌ته‌وه‌ (شۆڕش، سته‌م، ئاواره‌بوون، ترس، شێتی، خه‌مۆكی، بێ جێگه‌یی، نه‌بوونی، ئازار، تا به‌دبه‌ختییه‌كانی ژنان. له‌ولاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و نادادپه‌روه‌ری و مێژوو كورد و كورد بوون. بگره‌ ئاین و ئاینداری له‌م رۆمانانه‌دا به‌دیده‌كرێت. پاڵه‌وانه‌كانیان سه‌رجه‌میان كوردن و شوێنیش كوردستانه‌ و به‌دیاریكراوی (سلێمانی)یه‌.

ئیدی خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا ده‌بێته‌ بێكه‌س و دواجار شێت ده‌بێت، یا ده‌بێته‌ خانی و به‌سه‌ر و گوێلاكی شكاوه‌وه‌ رێگای ماڵیان لێ ون ده‌بێت، وێڵ و سه‌رگه‌ردان ده‌بێت گه‌ر پرسیار بكه‌یت بۆ؟ ئه‌م به‌سه‌لیقه‌وه‌ پێشتر وه‌ڵامی داویته‌وه‌ له‌وه‌ش سه‌یرتر كه‌سایه‌تی بێخود كه‌ له‌ كوردی هه‌ردوو جه‌ژن بووه‌ له‌ ته‌متومانێكدا ده‌یه‌وێت له‌ سه‌راب رزگاری ببێت له‌ولاشه‌وه‌ به‌ خوشك و دایك و كچی ئێمه‌ ده‌ڵێت بڕۆن داوای به‌شی خۆتان بكه‌ن هه‌ی بێبه‌شینه‌!

ئه‌مانه‌ هه‌موویان حه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گرن تۆ واز له‌وه‌ بێنه‌ چۆن دروست بووه‌ و كێ خوڵقاندوویه‌تی و كێ سه‌به‌به‌ باشه‌ ئه‌ی چۆن ئاوا فه‌رامۆش كراوه‌ و قبوڵمانه‌ و هه‌موو رۆژێك به‌ ده‌م ئیهانه‌كردنه‌وه‌ سه‌ر ده‌له‌قێنن بۆ؟ نازانم.

دواجار ده‌توانم بڵێم عه‌تا متمانه‌ی به‌خۆی هه‌یه‌ و بوێرانه‌ ده‌ستی بۆ ئه‌و دیاردانه‌ بردووه‌، پشتبه‌ستن به‌ خه‌یاڵی خۆی كه‌ له‌ڕاستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و گێڕانه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر رووداو و كاره‌كته‌ری راسته‌قینه‌ بنیادناوه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات جگه‌ له‌ ئازار و دڕدۆنگی چێژێكی گه‌وره‌ت له‌لا به‌جێده‌هێڵێت.

 181 جار بینراوە