سەرەکی » وتار » ئه‌مریكا هێزێكی‌ كه‌م له‌ سوریا ده‌هێڵێته‌وه‌

ئه‌مریكا هێزێكی‌ كه‌م له‌ سوریا ده‌هێڵێته‌وه‌

دواجار سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ بڕیاری‌ دا كه‌ هێزێكی‌ بچكۆله‌ كه‌ پێكدێت له‌ دووسه‌د كه‌س له‌ باكوری‌ سوریا و به‌ دیاریكراوی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ فورات بهێڵێته‌وه‌و ئه‌وانی‌ دی‌ كه‌ دووهه‌زار كه‌س بوون بكشێنێته‌وه‌ له‌و وڵاته‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌وا بنكه‌ی‌ (ته‌نه‌ف) ی‌ له‌ سه‌ر سێگۆشه‌ی‌ سنوری‌ عێراق و ئوردن و سوریا هه‌یه‌ له‌وێش دووسه‌د سه‌ربازی‌ تر ده‌مێنێته‌وه‌ نزیك له‌و ڕێگه‌یه‌ی‌ كه‌ دیمه‌شق و به‌غداد ده‌به‌ستێت به‌ یه‌كه‌وه‌.
ئه‌و بنكه‌یە زیاتر بۆ چاودێری‌ ڕێگه‌ی‌ نێوان عێراق و شام و جموجووڵی‌ ئێرانه‌ هه‌روه‌ها ساره‌ سه‌ندرز وته‌بێژی‌ كۆشكی‌ سپی‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هێزه‌ بۆ پاراستنی‌ ئاشتی‌ یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ تر له‌ سوریا ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ خوازیاربوو ئه‌مه‌ش هانده‌رێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپیه‌كانیش هه‌مان هه‌نگاو بگرنه‌ به‌ر به‌ ناردنی‌ هێز بۆ پاراستنی‌ ئاشتی‌ له‌ سوریا له‌ كاتێكدا مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ داعش له‌ ئارادایه‌.
ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت هه‌فته‌ی‌ ڕابردوو وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا به‌ وه‌كاله‌ت باتریك شاناهان شكستی‌ هێنا له‌وه‌ی‌ ئه‌ور‌پیه‌كان قایل بكات به‌ بێ‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ ئه‌مریكا ئه‌وانیش له‌وێنده‌رێ‌ بمێننه‌وه‌، مانه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ هێزه‌ بچكۆله‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ ژێر فشاری‌ زۆرێك له‌ جه‌نراڵه‌ دیاره‌كانی‌ پنتاگۆن دا بوو كه‌ نه‌یانشارده‌وه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ ته‌واوی‌ له‌ سوریا بواری‌ ته‌واو بۆ ڕوسیا ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ ته‌واو هه‌ژموونی‌ خۆیان به‌ سه‌ر سوریادا بسه‌پێنن هه‌روه‌ها ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ توركیاو ئێران كه‌ ئه‌جنه‌دای‌ خۆیان بسه‌پێنن له‌ سوریادا كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوپه‌یمانه‌ ته‌قلیدیه‌كانی‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو.

كاردانه‌وه‌ی‌ وڵاتان له‌ سه‌رمانه‌وه‌ی‌
هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا
ڕوسیا زۆر نیگه‌رانه‌ و نه‌یشارده‌و ته‌نانه‌ت له‌ زاری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ سیرگی‌ لافرۆڤه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ ده‌وڵه‌تۆچكه‌یه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ فورات بۆ كورد دروست بكات و وتی‌ ئه‌مریكا ڕێگری‌ ده‌كات له‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان كه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕژێم.
توركیا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نیازی‌ خۆی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ په‌لاماری‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ سوریا ده‌دات كه‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی‌ هه‌سه‌ده‌ دان دواتر له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌و فشاری‌ ئه‌مریكیه‌كان پاشگه‌زبووه‌و داوای‌ دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارامیان كرد به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌ڵام كورده‌كان قایل نابن به‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام توركیا سه‌رپه‌رشتی‌ بكات به‌ڵكو ده‌خوازن ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ له‌ ژێر چاودێری‌ هاوپه‌یمانان یان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا بێت .
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بوون كه‌ دڵنیایی‌ بده‌نه‌ توركیا كه‌ كورده‌كانی‌ سوریا و هه‌سه‌ده‌ له‌ دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا هیچ مه‌ترسییه‌كیان بۆ توركیا نابێت به‌ڵام بێ‌ ئاكام بوو ، هه‌ر هه‌ڵوێستی‌ توندی‌ توركیاش بوو ئه‌مریكیه‌كانی‌ ناچار كرد كه‌وا پاشه‌كشه‌كه‌یان بۆ ماوه‌یه‌ك دوا بخه‌ن و دواتریش به‌شێك له‌ هێزه‌كانیان ئه‌گه‌رچی‌ كه‌میش بێت له‌ باكوری‌ سوریا بهێڵنه‌وه‌ .

هه‌ڵوێستی‌ هه‌سه‌ده‌ و كورد له‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌
كورده‌كان خۆشحاڵی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ بچكۆله‌ی‌ ئه‌مریكا به‌ناوی‌ هێزی‌ ئاشتی‌ پارێز له‌ ناوچه‌كانیان و خوازیار بوون كه‌ ببێته‌ هه‌وێنی‌ ئاشتی‌ و ڕێگر بێت له‌ ئاژاوه‌وبه‌ریه‌ك كه‌وتنی‌ گه‌وره‌ و له‌ هه‌مانكاتدا خوازیاربوون له‌ وڵاتانی‌ تری‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش كه‌ هه‌مان هه‌ڵوێست بگرنه‌ به‌ر به‌ ناردنی‌ هێزی‌ ئاشتی‌ پارێز و دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام تاوه‌ كو كاتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌موو قه‌یران و كێشه‌كانی‌ سوریا.
له‌ هه‌مان كاتدا كورده‌كانی‌ سوریا له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ بوونی‌ ئه‌م هێزانه‌ فاكته‌رێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و دایالۆگ كه‌ ئێستا باسی‌ لێوه‌ده‌كرێت له‌ نێوان كورده‌كان و ڕژێمی‌ ئه‌سه‌د به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌كو كارتێكی‌ فشار ڕۆڵی‌ خۆی‌ بگێڕێت.
هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌ی‌ بوونی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان چ ئه‌مریكی‌ و چ ئه‌وروپیه‌كان له‌ سه‌ر خاكی‌ سوریا هیچ ده‌ق و داڕێژراوێكی‌ یاسایی‌ نی یه‌ پشتگیری‌ بكات، بۆ یه‌ ئه‌مریكیه‌كان و ئه‌وروپیه‌كانیش ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌و ئاریشه‌ بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن خۆیان له‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ و ڕه‌خنه‌ی‌ وڵاتان لابده‌ن و مۆڵه‌تێك له‌ كوێ‌ وه‌ وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سوریا بمێننه‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌سه‌ده‌و كورده‌كانی‌ سوریا كه‌ هاوپه‌یمانی‌ سه‌رسه‌خت و كاریگه‌ری‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بوون له‌ شه‌ڕی‌ تیرۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ داعشدا، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هانده‌رێك كه‌ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپیه‌كانی‌ وه‌كو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاش هه‌مان هه‌نگاو بگرنه‌ به‌ر بۆ مانه‌وه‌ وه‌كو هێزی‌ ئاشتی‌ پارێز هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان پێشتریش ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ كورده‌كان به‌ ته‌نیا جێناهێڵن به‌ تایبه‌تی‌ فه‌ره‌نسیه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شەڕ بەرەو کوێ؟

نەرمین عوسمان ئەم ناوچەیە و ناوچەی دوورگەی عەرەبی لە 2003 ...