سەرەکی » دۆسێ » هاوپەیمانی نەسر: عەبادی دژی رێكەوتن نییە لەگەڵ ئێران

لێدوانێكی رەتدەكاتەوە

هاوپەیمانی نەسر: عەبادی دژی رێكەوتن نییە لەگەڵ ئێران

هاوپەیمانی نەسر، لێدوانێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانییەكەی، كە لەلایەن هەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەبارەی ڕێككەوتنەكانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و تاران لە میانی سەردانەكەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران بۆ بەغدا، ڕەتدەكاتەوە.
عەلی سنەید، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر لە 13ی ئاداری 2019، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو»ئەوەی لەلایەن هەندێك لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وەك لێدوانی عەبادی بڵاوكرابۆوە، دوورە لە ڕاستییەوە و عەبادی هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە».
بە گوتەی سنەید، “هەندێك لایەن هەن دەیانەوێت ڕای گشتی چەواشە بكەن لەڕێی بڵاوكردنەوەی لێدوانی درۆ و بە تایبەتیش دوای چاوپێكەوتنەكەی عەبادی و ڕۆحانی لە بەغدا، بەپێچەوانەوە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر جەخت لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و تاران دەكاتەوە لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات».
هەندێك لە میدیاكان، لە زاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقەوە چەند لێدوانێكیان بڵاوكردبۆوە، كە بەپێی ئەو میدیایانە عەبادی ڕایگەیاندووە»حكومەتی ئێستای عیراق، سازشی لەسەر بەرژەوەندی عیراقییەكان كردووە بۆ بەرژەوەندی ئێران»، ئەمەش لەڕێی ئەو ڕێككەوتننانەی لەم ماوەیەی دواییدا لەنێوان هەردوو حكومەتی عیراقی و ئێرانی لە میانی سەردانەكەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران بۆ بەغدا، ئیمزاكران.
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران، لە 11ی ئاداری 2019 بە سەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی و سیاسی بە سەردانێكی فەرمی، كە سێ‌ ڕۆژی خایەند گەیشتە بەغدا، لە سەرەتاوە ڕۆحانی لەلایەن محەمەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا، دوابەدوای ئەوەش ڕۆحانی چاوی بە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و عادل عەدبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران كەوت، ئەم سەردانەی سەرۆكی ئێرانیش بۆ عیراق، بە یەكەم سەردانی دادەنرێت لەدوای وەرگرتنی پۆستەكەی.
سەرۆكی ئێران وتوێژەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عیراق بە “باش” هەڵسەنگاندووە و ڕایگەیاندووە» لەگەڵ بەرپرسانی عیراق باسیان لە دۆسێ‌ جیاجیاكان كردووە”، ئاماژەی بەو كۆمەك و یارمەتی وڵاتەكەشی كردبوو بۆ عیراق لە یەكەم ڕۆژی جەنگی دژ بە تیرۆر.
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغدا ڕایگەیاندبوو»وتوێژێكی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و گفتوگۆیان لەسەر دۆسێ‌ جیاجیاكان كردووە»، خواستی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ عیراق، بە تایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆر خستبووەڕوو.
بە گوتەی ڕۆحانی، لە ڕۆژی یەكەمی جەنگی دژ بە تیرۆر یارمەتییان پێشكەش بە عیراق كردووە، ئاماژەی بە خواستی وڵاتەكەشی كردبوو، لە ئایندەیەكی نزیكدا پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لەگەڵ عیراقدا تەواو بكات.
لە سەردانەكەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، 22 ڕێككەوتنی جۆراوجۆر لەگەڵ عیراق ئیمزاكران، لەو بارەیەوە رۆژنامەی «العربی الجدید»ی قەتەری لە ژمارەی رۆژی 12ی ئاداری 2019، ئاماژەی بەو ڕێككەوتنە جۆراوجۆرانە كردووە كە لە بوارەكانی تەندروستی، بازرگانی، هێڵی ئاسنی و هاتووچۆدا لەنێوان ئێران و عیراقدا ئیمزاكراون، پێشبینی كردبوو ئەو رێككەوتنانە لە ئایندەدا ڕۆڵیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا هەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكەش لە ئایندەدا ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەبێتە بە 20 ملیار دۆلار.
ئیئتیلافی نەسر یان هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانییەكی هەڵبژاردنی سیاسی عیراقیە و لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقەوە دامەزرێنرا.
حەیدەر عەبادی ئەو هاوپەیمانییەی بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئایاری 2018 ڕاگەیاند كە دواتر لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری لە چوارچێوەی ئیئتیلافێكدا بە ناوی (سەركەوتنی عیراق) یەكیان گرت، ئەم ئیئتیلافەش تەنیا چەند كاتژمێرێك بڕی كرد و بەهۆی ناكۆكی لە دید و ڕاوبۆچوونەكان لەیەكتر جیابوونەوە.
نەسر بە تەنیا بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا كرد و توانی 42 كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەو هۆیەی هاوپەیمانییەكانی سائیرون بە 54 كورسی و فەتح بە 47 كورسی لە پلەی یەكەم و دووەمدابوون، عەبادی نەیتوانی بۆ ماوەی دووەم لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی عیراقدا بمێنێتەوە و دواتر بە پشتیوانی سائیرون فەتح، عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ڕاسپێردرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان..

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان دەنگدەرانیان سێ بەرابەر زیادی کردووە سیروان ...