سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

دووشەممە، ٢٤/١/١٩٤٤
کیتی گیان!
شتێکی سەیرم لێ بەسەرهات، جاران لە ماڵەوە و لە قوتابخانەش کاتێ کە دەهاتنە سەر باسی بابەتی کۆئەندامی زاوزێ، زۆر ناپەنی و بە نهێنی یا بەجۆرێکی زۆر قێزەوەن باس دەکرا. ئەو وشانەی پەیوەست بون بەو باسەوە بە چپەچپ بەگوێدا دەهاتن، ئەگەر یەکێک لە کچەکان تێنەگەیشتبا ئەوا ئەوانی دی پێی پێدەکەنین. من ئەوەم بەلاوە سەیر بوو، زۆرجار بیرم دەکردەوە و دەمگوت: «بۆچی بە نهێنی و بەکرێتی باس لەو شتانە دەکرێت؟» بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو قسەوباسانە بەو ئاوایە دەقیان گرتبو، ئەوەندەی بۆم دەکرا زاری خۆم دەگرت یا داوای زانیاریم لە دەستەخوشکانم دەکرد. دواجار پاش ئەوەی بە زۆربەی شتەکان ئاشنابووم، جارێکیان دایکم پێی گوتم: «ئانا، من ئامۆژگاریت دەکەم بەهیچ جۆرێک باسی ئەو شتانە لەلای کوڕەکان نەکەیت و وەرامی هێچ پرسیارێکیش نەدەیەوە ئەگەر ئەوان دەستپێشخەرییان تێدا کرد.»
من ئێستا وەرامەکەی خۆمم بەتەوای لەیادە، پێموابێ گوتم: «نەخێر، بێگومان نە‌و، دایە، تۆ بیر لەچی دەکەیەوە!» شتەکەش هەر بەوجۆرە مایەوە.
سەرەتای هاتنمان بۆ حەشارگەکە باوکم چەندین جار باسی لە هەندێک شت دەکرد، من پێم خۆشبو دایکم باسیان بکات نەک ئەو، شتەکانی تریش بەڕێگای کتێب و گفتوگۆکردن زانیاریم لەبارەیانەوە پەیداکرد.
(پیتەر) لەوبارەیەوە وەکوو کوڕانی دیکەی قوتابخانە رووی پرسیاری لێنەدەنام، سەرەتا شتێکی گوت بەڵام بەرۆکی بۆ وەڵامدانەوە نەگرتم. جارێکیان خاتوو (ڤان دان) گوتی، گوایە لەو بارەیەوە بەهیچ جۆرێک (پیتەر)ی نەدواندوە بەهەمان شێوە مێردەکەشی. پێدەچو ئەو هەر نەزانێ رادەی زانیاری کوڕەکەی لەوبارەیەوە بە چ رادەیەک گەیشتوە.
دوێنێ من، (مارگۆت) و (پیتەر) پێکەوە پەتاتەمان پاکدەکرد، قسە هاتە سەر (مۆفی) پشیلە، پرسیاری ئەوەم کرد «ئێمە هێشتا نازانین رەگەزی ئەو پشیلەیە چیە، ئاخۆ نێرە یا مێ؟»
(پیتەر) وەڵامی دایەوە و گوتی، «بەڵێ من دەزانم»، ئەو «گورپەیە».
بەپێکەنینەوە گوتم: «گورپەیەکی نازدار و هەلومەرجێکی تایبەت».
(پیتەر) و (مارگۆت) پێکەنین. پێش دوومانگ (پیتەر) گوتی، گوایە بەمزوانە (مۆفی) دەزێ، چونکە ورگی زۆر ئاوسابو. بەڵام پاشان دەرکەوت ورگەکەی بەهۆی چێژی ئەو خواردنە بەتام و زۆرەوە پەیداببو کە دزیبونی. جا خۆ بێچوەکان هێشتا نەگوراون، چ جای ئەوەی لەدایک بن.
لێرەدا دەبوایە (پیتەر) قسەکەی بسەلمێنێ، بۆیە گوتی «وەرە لەگەڵما، خۆت بیبینە، من بەمدواییانە کە لەگەڵی بەشەڕهاتم، بەچاکی ئەوەم بەدیکرد کە نێرە»
حەزی بەدواداچون تەنگی پێ هەڵچنیم و لەگەڵیدا بۆ کۆگاکە چوم. بەڵام (مۆفی) کاتی بۆ ئێمە نەبو و لە هیچ جێگایەکی کۆگاکەدا نەمادۆزییەوە. تۆزێک چاوەڕێمان کرد، بەڵام لەسەرما خەریکبو بتەزین بۆیە یەکسەر بۆ سەرێ گەڕاینەوە. پاشنیوەڕوانێکی درەنگ، گوێم لێبو (پیتەر) بەرەو خوارەوە دەچێ. منیش بوێرانە بەتەنیا بەنێو ئەو خانووە بێدەنگەدا بەرەو کۆگاکە چومە خوارێ. دەبینم (پیتەر) لەگەڵ (مۆفی) یاریدەکات، خه‌ریکبو دەیخستە سەر قەپانەکە بۆ ئەوەی بیکێشێ.
گوتی: «هەلەو، دەتەوێ بیبینی؟ بەبێ هیچ ئامادەکارییەک پشیلەکەی هەڵگرت و وەریگێڕایە سەرپشت، دەستەکانی و کەلەسەری بەجوانی گرت و وانەکەی دەستپێکرد و گوتی: «ئەمە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەیە، ئەمە چەن تەڵەمویەکی هەڵوەریون، ئەوەش پاشەکەیەتی!»
پشیلەکە نیواونیو وەرچەرخایەوە و هەستایەوە سەر لەپە سپییەکانی.
هەرچ کوڕێكی تر بایە و بەوجۆرە «کۆئەندامی نێرینەی» نیشان دابام ئامادە نەبوم تەماشای بکەم. بەڵام (پیتەر) زۆر سادە و بێگەرد ئەو بابەتە هەستیارەی بەجۆرێک باسکرد کە من زۆر ئاسایی و بەهێمنی وەریگرم. پاش ئەوە لەگەڵ (مۆفی) یاریمان کرد و خۆمان لەگەڵیدا خافڵاند و لەبارەی زۆر شتی ترەوە قسەمانکرد، دوای ئەوە بەکاوەخۆ بەنێو کۆگاکەدا بەرەو سەرەوە بەڕێکەوتینەوە. من گوتم: «زۆربەی ئەو شتانەی دەمانەوێ بیزانین بەڕێککەوت لە کتێبێکدا باسکراون، من دەیاندۆزمەوە، تۆش هەر وەهای؟» ئەویش گوتی: «جا ئەوەی بۆچییە؟ من لەوانەی سەرەوە دەپرسم، خۆ باوکم زۆر شت دەزانێ و شارەزایی فرەیە»
لەسەر پەیژەکان وەستاین، من بێدەنگ بوم. لەڕاستیدا لەگەڵ کچێکیشدا بەو ئاسانیە نەمدەتوانی لەوبارەیەوە بدوێم. دڵنیاشم دایکم مەبەستی ئەم جۆرە گفتۆگۆیانە نەبو کاتێ سەبارەت بە کوڕان هۆشداریی دامێ.
سەرەڕای ئەوە من سەراپای رۆژەکە تۆزێک توشی شڵەژان دەبوم کاتێ بیرم لەقسەکانمان دەکردەوە، شتەکەم بەلاوە سەیربو. بەڵام لانیکەم من لەخاڵێکدا فێری ئەوەبوم کە مرۆڤ دەتوانێ لەگەڵ کوڕاندا کە بە رەگەز جیاوازن بەجوانی و بەبێ تەنز لەو بارەیەوە قسەبکات.
ئاخۆ بەڕاستی، (پیتەر) لەگەڵ دایکوبابیدا لەبارەی ئەو پرسانەوە دەدوێ؟ یاخود ئایا ئەو بەڕاستی بەوجۆرەیە کە دوێنێ خۆی دەرخست؟
ئاخ، من لەکوێ ئەوە بزانم؟!!! ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ٢٧/١/١٩٤٤
کیتی گیان!
بەم دواییانە خووم داوەتە کۆکردنەوەی سەرجەلە و رەگ و ڕەچەڵەکی بنەماڵەی پادشاکان. کە مرۆڤ بەدواداچونیان بۆدەکات پێویستە لەڕابردویان بکۆڵێتەوە، ئەوساش شتی زۆر سەیر و سەمەرەی ئەوانی بۆ ئاشکرادەبێ. وانەکانم تابڵێی بە جۆشەوە دەور دەکەمەوە و لەهەمان کاتیشدا زۆر بەچاکی بەدواداچونم بۆ پرۆگرامی (Home-Service) لە پەخشی رادیۆی بەشی ئینگلیزی، هەیە. رۆژانی یەکشەممە بەزۆری سەرقاڵی هەڵاوێری و رێکخستنەوەی وێنە کۆنەکانم کە جاران کۆمکردبونەوە، زۆربەیان هی ئەکتەر و ئەستێرەی فیلمەکانن، ئەوانەی رێزیان لەنێو جەماوەر پەیداکردوە. بەڕێز (کوگلەر) هەمو رۆژانێکی دووشەممە بە گۆڤاری (Cinema & Theater) شادم دەکات. ئەگەرچی ئەو کارە لەلایەن داوێن پاکانی پەناگە بە دەستبڵاوی ناوزەد دەکرێت، بەڵام ئەوان هەمیشە سەریان لەوەش سوڕدەمێنێ کاتێ، تەنانەت پاش زیاتر لە ساڵێک، زۆر بەوردی باس لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هەندێک لە فیلمەکانیان بۆدەکەم. (بیپ) زۆربەی ئەو رۆژانەی پشووی تێدا هەیە، لەگەڵ هاوڕێیەکانی لە سینەما بەسەریان دەبا، ئەو رۆژانی شەممە تەنها تایتڵی فیلمەکەم پێدەڵێت کە بەنیازە بیبینێت، منیش کنەی لەسەر بۆ دەکەم، چ لەسەر پاڵەوانی فیلمەکە یا لەبارەی ئەو رەخنانەی تائێستا لێی گیراون. ماوەیەک لەوەپێش دایکم پێی گوتم گوایە پێویستم بەوە نییە بۆ سینەما بچم، چونکە بە ناوەڕۆک، ئەکتەر و ئەو رەخنانەی لە فیلمەکان گیراون، پێشتر ئاشنا بومە.
کاتێ قژم بە ستایلێکی نوێی دادەهێنم، هەمویان بە تەوسەوە لێم دەڕوانن و دەپرسن، ئاخۆ کام ئەکتەر قژی بەوجۆرە خەمڵاندوە. ئەگەر بڵێم ئەوە دۆزینەوەی خۆمە ئەوا نیوەیان بڕوام پێناکەن. نیوکاژێر تێناپەڕێ، پرتەوبۆڵەکانیان هەراسانم دەکەن و یەکسەر بەپەلە دەچم دەیشۆم و دووبارە وەکوو خۆی لێدەکەمەوە
ئانا-ی تۆ

هەینی، ٢٨/١/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەمڕۆ بەیانی لەخۆم پرسی، ئاخۆ خۆت وەکو مانگایەک نایەتە بەرچاو، کە دەبێ هەمیشە هەموو بەسەرهاتەکان کاوێژ بکاتەوە و وەڕس بوە لەوەی تەنیا لە یەکلاوە چەنەوەری دەکا پاشان دوجار پڕ بەدنگ باوێشک دەدا و بە بێدەنگی ئاوات دەخوازێ بۆئەوەی (ئانا) بە کارێکی تازەوە خۆی بگلێنێ.
بەداخەوە، من دەزانم تەمەن زۆر وەڕسی کردوی، بەڵام بیر لەوەش بکەوە، من چەندە لەو بەتەمەنانەی دەوروبەرم وەڕسبومە، روخساریان هەمیشە دووبارە دەبنەوە. ئەگەر لەسەر خوان باس لە سیاسەت، یا ژەمە تاسوقێکی پڕچێژ نەکرێت ئەوا دایکم و خاتو (ڤان دان) دێنەوە سەر باسی تەمەنی کچێنیان، کە پێشتر چەندین جار باسیان کردوە. یاخود (دوسێل) وڕێنە بە گەنجینەی ژنەکەیەوە دەکات کە لە نێو دۆڵابی جلەکانیدابون، یا باسی جوانی ئەسپی تاودان، یا درزی قەیاخەکەی، یا ئەو کوڕانەی بەچوارساڵی فێری مەلە ببون، یاخو رەق هەڵاتنی ماسولکە و ترسنۆکی نەخۆشەکانی، دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لەو هەشت کەسە زاری کرابایەوە، ئەوە هەر حەوت کەسەکەی تر هێندەیان گوێی لە قسەکانی ببو دەیانتوانی تا کۆتایی بەسەرهاتەکەی بۆ تەواوکەن. نوێشکی هەمو نوکتەیەکمان پێش گێڕانەوەی دەزانی چییە، تەنها ئەو کەسەی کە بەخۆی دەیگێڕایەوە پێی پێدەکەنی. هەمو ئەوانەی شتیان بۆ دەهێناین، شیر فرۆشەکە، دوکاندار، گۆشت فرۆش و ژنانی کارگوزار، هێندەیان پێدا هەڵدەگوتران و هەڵدەشاخان، هەر هەمویانمان بە دەم وڕیشەوە دەهاتنە بەرچاو، چونکە لەم ماڵەدا مەحاڵبو باسێکی تەڕوتازە بێتە باسکردن.
خۆ من هێندە بارگران نەدەبوم ئەگەر گەورەکان ئەو خووە خراپەیان نەبوایە و بۆجاری دەیەم، قسەکانی (کلایمان)، (جان) و (میپ)یان نەگێڕایەتەوە و هەرجارە بە جۆرێکی تازە تاسولوسیان دەدان، تا دەگەیشتە ئەوەی زۆر لەخۆم بکەم بۆئەوەی ددان بەخۆدا بگرم و لەژێر مێزەکەوە دەستەکانم لێک بگوشم، نەبادا وشەکان لەزاری قسەکەرەکە ببڕم. مناڵێکی وەک (ئانا) بەهیچ جۆرێک بۆی نییە رێنمایی گەورەکان بکات، تەنانەت ئەگەر گێڕانەوەکانیشیان نادروست بایە، یا لە داهێنان و هۆنینەوەی خۆیان بوایە.
(کلایمان) و (جان) زۆرجار بەسەرهاتی ئەوانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە خۆیان پەناداوە یا خۆیان ونکردوە. ئەوان دەزانن، ئێمە هەست بە ئازارەکانیان دەکەین ئەگەر دەستگیر بکرێن، هەروەها شادمان دەبین کاتێ ئازاد دەکرێن.
خۆشاردنەوە و ونبون ئێستا بونەتە دەستەواژەی رۆژ، گێڕانەوەیان وەکو جارانی پێڵاوەکانی پاپا-ی لێهاتوە کە دەبوایە لەبەر وەجاخەکە بۆی دابنێن. ئێستا چەندین ئۆرگان دروستبونە وەکو (هۆڵەندای ئازاد) ئەوانە ناسنامەی ساختە دروستدەکەن و یارمەتی ئەوانە دەدەن کە پێویستیان بە خۆشارنەوەیە، پەناگەیان بۆ دابین دەکەن، کار بۆ لاوانی کریست دەدۆزنەوە. بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە، چەندین جار، چەند لەخۆبردوانە، بەبێ بەرابەر و بەرژەوەندی تایبەت ئەوجۆرە کارانە جێبەجێ دەکرێن، چۆن ئەو خەڵکانە بۆ دەستگیرۆیی و رزگار کردنی کەسانی تر ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
باشترین نموونە بۆ ئەوە، ئەوانەن کە ئێمە دەپارێزن و هێشتا بەردەوامن، هیوادارم بەرەو کەنارێکی دڵنیامان بەرن. ئەگەرنا دەبنە هاوچارەنوسی ئەوکەسانەی سۆراخ دەکرێن.
هیچ کەسێکیان، بە هیچ کلۆجێک تا هەنوکە ناڕەزایی دەرنەبڕیوە بەوەی کە ئێمە بارگرانیان دەکەین یا پێمانەوە ماندو دەبن. هەمو رۆژێک بەسەرماندەکەنەوە، لەگەڵ پیاوەکان باسی سیاسەت و دۆخی ئابوری دەکەن، لەگەڵ ژنەکاندا باسی خواردن و بارگرانی جەنگ بەسەر ئەستۆیانەوە دەکەن، لەگەڵ مناڵەکان باسی گۆڤار و کتێب دەکەن. هەتا بۆیان بکرێت بە ڕویەکی خۆشەوە دێن بۆلامان، لەبۆنەکاندا، لە جەژنی لەدایکبوندا دیاری و چەپکەگوڵ دەهێنن، هەمیشە دەسەوسینە وەستاون. ئەمە شتێکە پێویستە لەسەرمان هەرگیز لەبیری نەکەین. کەسانی تر لەجەنگدا یا لە بەرەنگاری بونەوە لەگەڵ ئەڵمانەکاندا پاڵەوان و بەجەرگن، بەڵام ئەوانەی یارمەتی ئێمە دەدەن، بە سۆزوخۆشەویستی و روگەشی، پاڵەوانێتی و ئازایەتی خۆیان دەسەلمێنن.
بەسەرهاتی زۆر شێتانە دەماودەم دەگێڕنەوە، هەڵبەتە زۆربەشیان بەڕاستی روویانداوە. بۆنمونە ئەم هەفتەیە (کلایمان) باسی ئەوەی بۆکردین گوایە لە (گێلدەرلاند) دوو تیمی فوتبۆل بەرامبەر یەکدی یاریان کردوە، تیمی یەکەم لەو یاریکەرانە پێکهاتون کە خۆیان پەناداوە، تیمەکەی بەرامبەریان لە سەربازەکانی بەتالیۆنی پیادەڕەو پێکهاتبون. لە (هیلڤەرسوم) کۆپۆنی نوێی خۆراکی مانگانە دابەشکراون. فەرمانبەرەکان زۆربەی ئەو کۆپۆنانەیان بەسەر ئەو کەسانەشدا دابەشکردوە کە خۆیان پەناداوە، کاتێکیان بۆ ئەوە مەبەستەش بۆ دیار کردون (ئەگەرنا بەخۆیان دەتوانن هەر کۆپۆنێک لە بازاڕی ڕەش بە شەست خولدن بکڕنەوە).
بەڵام مرۆڤ دەبێ لەوشتانەدا زۆر وریابێت و بە تەڵەکەبازیی (مۆفەکان) فریو نەخوات. ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ٣/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەگەری هەڵمەتی سەربازی رۆژ بە رۆژ لەگینە. ئەگەر تۆش لێرە بای، وەکوو ئێمە بەو هەموو ئامادەکارییانە نیگەران دەبوی، لەوانەشبو گاڵتەمان پێ بکەی، چونکە لەوانەیە ئێمە بەفیڕۆ خۆمان بەوجۆرە نیگەران کردبێ!
سەرجەم رۆژنامەکان پڕن لە هەواڵی شاڵاوە سەربازییەکان. مێشکی خەڵکیان بەمجۆرە نوسینانە شێلو کردوە: (ئەگەر ئینگلیزەکان هێرشیان بۆ سەر هۆڵەندا هێنا، ئەوا ئەڵمانەکان هەرچیێکیان لەدەستدایە، بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکە بەکاری دەهێنن، تەنانەت ئەگەر ناچاربن ئەوا لەئاوا نوقمی دەکەن). بۆ ئەو مەبەستەش نەخشەێکیان بڵاوکردۆتەوە، تێدا تخووبی ئەو ناوچانەیان دیارکردوە کە ژێر ئاو دەکەون. هەڵبەتە بەشێکی زۆر لەشاری ئەمستردام دەکەوێتە نێو ئەو تخووبەوە، جا پرسیاری یەکەم ئەوەیە چی بکەین ئەگەر ئاو بەبەرزی یەک مەتر جادەکانی داپۆشی. بۆ وەرامی ئەو پرسیارە سەختە، هەر کەسە وەرامێکی زۆر جیاوازی پێبو.
«لەکاتێکدا پاسکیل سواری و پیادەڕۆیی مەحاڵن، پاش ئەوەی ئاوەکە وەستایەوە، دەبێ هەوڵی پەیکردنی بکەین.»
«ئەگەر ئاوەکەمان پێ پەی نەکرا، دەبێ بە مەلە بیبڕین. ئەوکات دەبێ کڵاوی مەلەکردن لەسەرکەین، جلی مەلەوان بپۆشین و ئەوەندەی بۆمان بکرێ ژێرەمەلە بکەین، بەوەش کەس درک بەوە ناکا کە ئێمە جوین»
«ئای لەو هەرزەبێژە! من تەنها لەو کاتەدا ده‌مەوێ ئەو ژنانە لەکاتی مەلەکردن ببینم کە جرجەکان گاز لەپێیان دەگرن!»
«بێگومان ئەمە، تەنزی یەکێک لەپیاوەکان بو! با چاوەروان بین و بزانین کێ لەهەموان بەرزتر هاواری لێ هەڵدەستێ»
«هەڵبەتە ئێمە بۆمان نییە ماڵەکە جێ بهێڵین. کۆگاکە هێندە شەقوشڕە لەوانەیە گوژمی ئاوەکە یەکسەر دایتەپێنێ»
«واز لە گاڵتەوگەپ بهێنن، ئێمە دەبێ هەوڵدەین بەلەمێک پەیدابکەین.»
«جا ئەوە بەکەڵکی چیدێت؟ من شتێکی زۆر لەوە باشتر دەزانم. هەریەک لەئێمە با لەسەربان سنووقێکی بەتاڵ بهێنێ و بەکەوچکێکی چێشت سەوڵ لێدات.»
«من دوو دار شەقی درێژ دەخەمە ژێر باڵم و رادەکەم، خۆ لە کاتی لاویدا لەوەدا پاڵەوان بوم.»
«(جان گیز) پێویستی بەوە نییە. ژنەکەی دەخاتە کۆڵ و (میپ)یش بە دارشەقەکانی شەقاو دەهاوێ.»
(کیتی) وەک دەبینی، ئەو هەرزەبێژییە چەند کەنیناوەرە. بەڵام ئەگەر ببێتە ڕاست، ئەوا هەڵبەتە بەجۆرێکی تر دەردێت!
پرسیاری دووەم کە لەم ‌هێرشە سەربازییەدا دەکرێت، ئەوەیە چ بکرێت ئەگەر ئەڵمانەکان شاری ئەمستردامیان بەجێهێشت؟
«ئێمەش لەگەڵیاندا دەچین، بەبێ ئەوەی هەستمان پێبکەن»
«بەهیچ جۆرێک بۆتان نییە بچنە سەرشەقام! تەنها رێگا لە پێشمان بریتییە لە مانەوەمان لێرە. ئەڵمانەکان ئامادەن تێکڕای خەڵکەکە بدەنە پێش، تاکوو لە ئەڵمانیا هەمویان مەرگبڕ دەکەن!»
«بەڵێ، بێگومان ئێمە لێرە دەمێنینەوە. ئێرە لە هەموو جێگایەکی تر مەحکەمترە.» هەوڵدەین (کلایمان) بخەینە ژێرباری ئەوەی خێزانەکەی بهێنێت و لێرە بژین. تەلیسێک ئاردی دار پەیدا دەکەین و دەیکەین بە رایەخ و لەسەری دەنوین. بڕیارە (میپ) و (کلایمان) پەتۆمان بۆ بهێنن. جگە لەو شەست ئۆقە ئاردەی هەمانە وابەنیازین هی تریش داوابکەین. (جان) دەبێ تێبکۆشێ هەندێ پاقلەمەنیمان بۆ پەیدا بکات. ئێمە ئێستا شەست ئۆقە فاسوڵیا و دە ئۆقە لۆبیامان هەیە. پەنجا شوشەی کۆنسێرڤی سەوزەشمان لەیاد نەچێ کە هەمانە.
«ئا دەی دایە، کۆنسێرڤەکانی تر بژمێرە»:
«دە قوتو ماسی، چل قوتو شیر، دە کیلۆ شیری وشک، سێ شوشە رۆن، سێ گۆزەڵۆکە کەرە، چوار گۆزەڵۆکە گۆشت، دوو سەبەتە شلک، دوو شوشە تو، بیست شوشە تەماتە، دە ئۆقە گەنمەکوتاو، هەشت ئۆقە برنج. ئەوانە هەموێتی.»
هەڵبەتە ئەوە بڕە ئازوقەیەکی باشە. بەڵام ئەگەر بیر لەوە بکەیتەوە کە ئێمە بەشی میوانیشی لێدەدین و هەر هەفتەیەک بڕێکی لێ کەم دەبێتەوە، ئەوکات زۆر لەوە زیاتر دەردەکەوت. رەژو و سووتەمەنی و مۆمان بەزیادەوە هەن.
«بەنیازین جزدانی باخەڵ بدورین، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست پارەکانمان لەگەڵ خۆ بەرین»
«بەنیازین لیستەیەک ئامادەبکەین بۆ ئەوەی گەر هەڵهاتین هەموو پێداویستییەکانمان پێشتر ئامادە بکەین، ئێستا خەریکین کۆڵەپشتەکانمان ئامادە دەکەین.»
«ئەگەر بگاتە ئەوە، ئەوا دوو پۆست ئێشکچی دادەنێن، پۆستێکیان لەسەربانەکەی پێشەوە، ئەویتریان لەسەربانەکەی پشتەوە.»
«جا باشە ئێمە چی لەو هەموو خواردنە بکەین ئەگەر گاز، ئاو و کارەبامان لێبڕا؟»
«ئەوسا دەبێ بە فڕن خواردن لێنەین. ئاوەکە دەپاڵێوین پاشان دەیکوڵێنین. دەبێ دەبەی گەورە پاكبکەینەوە و ئاویان تێاهەڵگرین. بۆ هەڵگرتنی ئاو سێ گۆزەڵە و تەشتەکوڵێکمان هەیە»
«جگە لەوانەی باسم کردن، هێشتا تەلیس و نیوێک بە بڕی پەنجا کیلۆ پەتاتەی زستانمان ماوە»
بەم رۆژگارە تەنها گوێم لەم قسانەیە: هەڵمەتی سەربازی لەپێشەوە، هەڵمەتی سەربازی لەپشتەوە. مقۆمقۆ لەسەر برسییەکان، مردووەکان، بۆردومان، تفەنگی گڕدار، کیسەی خەو، ناسنامەی جووەکان، گازی ژەهراوی … هتد. ئاسۆیەکی رووناک بەدی ناکرێ.
نمونەیەکی بێهاوتا، بۆ هوشیاری پیاوەکانمان ئەم گفتوگۆیەی خوارەوەیە لەگەڵ (جان)دا:
پەناگە: «ئێمە لەوە دەترسین، ئەڵمانەکان لەکاتی کشانەوەیاندا هەموو خەڵکەکە لەگەڵ خۆیان پەلکێش بکەن.»
(جان)» «ئەوە مەحاڵە. خۆ ئەوان ئەوەند شەمەندەفەرەیان نییە.»
پەناگە: «شەمەندەفەری چی؟ پێتوایە ئەوان خەڵکەکە سواری شەمەندەفەر دەکەن؟ ئەوە قسەی تێدا نییە! خۆ دەتوانن بە پێیان بڕۆن.»
(جان): «من پێموانییە. ئێوە هەموو شتەکان بە چاویلکەیەکی رەش دەبینن. ئەوان چییان پێدەبڕێ ئەگەر ئەوهەمو خەڵکە سیڤیلە لەگەڵ خۆیاندا بەرن؟»
پەناگە: «ئەی ئێوە نازانن (گوێبل) گوتوێتی: ئەگەر ئێمە بکشێنەوە، هەموو دەرگایەکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتمان بە دوای خۆمانەوە دادەخەین.»
(جان): «ئەوان زۆریان گوتوە.»
پەناگە: «ئەی پێتان وایە، ئەڵمانەکان بۆ تاوانکاریی هێندە پاکزادە یا مرۆڤ دۆست بن؟ ئەوان پێیانوایە ئەگەر هەرەس بهێنن، ئەوا دەبێ هەموو ئەو مرۆڤانەش کە لەسایەیاندان شکست بخۆن.»
(جان): «بۆخۆتان چی دەڵێن، بڵێن، من بڕوام بەیەک وشە نییە!
پەناگە: «هەر هەمان بەیت و بالۆرەیە. کەس ناخوازێ بەچاوی خۆی مەترسی ببینێ، تەنها پاش ئەوە نەبێ کە بەجەستەی خۆی تێدەکەوێ.»
جان: «خۆ ئێوەش بەتەواوی نایزانن. تەنها بەخۆتان وەهای بۆ دەچن.»
پەناگە: «ئێمە تێکڕای شتەکان لەگەڵدابووین، یەکەمجار لە ئەڵمانیا، دوایی لێرە. ئەی لە روسیا چی ڕودەدا؟»
جان: «پرسی جوو بخەرە لاوە. پێموایە کەس نازانێ لە روسیا چ باسە. روس و ئینگلیز هەر وەکو ئەڵمانەکان لە پڕوپاگەندەکانیاندا زێدەڕۆیی دەکەن.»
پەناگە: «وانییە. رادیۆی ئینگلیزی، هەردەم راستی دەڵێت. گریمان دە دەر سەدی هەواڵەکان زێدەڕۆییان تێداکراوە، کەواتە راستییەکان زۆر لەوەخراپترن کە باسدەکرێن. خۆ تۆ ناتوانی هەواڵی، کوشتن و لەناوبردنی چەندین ملیۆن مرۆڤی بێتاوان بە گازی ژەهراوی لە پۆڵۆنیا و روسیا، بەدرۆ دەرخەی!»
وتوێژەکانی دیکەت بۆ باسناکەم. من زۆر ئارامم، خۆم بەو کۆمەڵە شڵەژانەی ئەوان شێڵوناکەم. من گەیشتومە بەوەی زۆر ئاساییە بەلامەوە ئەگەر بمرم یا لە ژیاندابم. جیهان بەبێ منیش هەر دەچەرخێ، رەوڕەوەی مێژوو بە من ناوەستێتەوە. رووداوەکان بۆخۆیان جێدەهێڵم، لە خوێندنەوە بەولاو بەشتی ترەوە خۆم خەریک ناکەم و هیوا دەخوازم هەمو شتەکان بەرەو باشی هەنگاو بنێن.
ئانا-ی تۆ

شەممە، ١٢/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
هەتاو بەجۆشە، ئاسمان شین دەکاتەوە، سروەیەکی بێ ئەندازە خۆشە، منیش گرفتارم، گرفتاری هەموشتێک … ئازادی، قسەکردن، هاوڕێکانم، تەنیایی. گرفتاری گریانم! هەستدەکەم خەریکە دەتەقمەوە، دەزانم گریان ئارامم دەکاتەوە، بەڵام ناتوانم. ناسرەوم، لەژورێکەوە دەچمە ژورێکی تر، لە درزی پەنجەرەکانەوە هەناسەیەک هەڵدەمژم، هەستدەکەم دڵە کوتێمە، وەک ئەوەی دڵم بیەوەێ پێم بڵێ: «ئیدی بەسە، بڕۆ، بەدەنگ تاسە و ئارەزوەکانتەوە بچۆ.»
پێموابێ، ئەوە لەسۆنگەی وەرزی بەهارە، لە ناخمدا هەستی پێدەکەم. هەست دەکەم لە تافی بێداریدا دەروون و جەستەی داگیرکردوم. بە زۆرداری خۆم هێور دەکەمەوە، سەرم بەتەواوی لێشێواوە، نازانم چی بخوێنمەوە، چی بنوسم، چی بکەم، تەنها ئەوە دەزانم کە گرفتارم … ئانا-ی تۆ

دووشەممە، ١٤/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
سەبارەت بە خۆم، زۆر گۆڕانکاریی بەرپابوون. ئەوانەش بەم جۆرە بون: من زۆر گرفتارم (هێشتا بەری نەداوم).
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشه‌ممە، هەستم کرد (پیتەر) بەجۆرێکی نا ئاسایی و بەردەوام تەماشام دەکا (لەڕاستیدا زۆری پێ دڵگەش بوم). نازانم بۆ، روونکردنەوەم بۆی نییە، لە ناکاو هەستم کرد کە ئەو، وەک من بۆی دەچوم، شەیدای (مارگۆت) نیە، هەموو رۆژەکە منیش بە مەرامەوە تەماشام نەدەکرد، ئەگەریش کردبام ئەوا ئەو هەردەم چاوی لەسەرم بوو. پاشان هەستێکی زۆر بەجۆشم لا دروستبو، چاکتر وایە هەستی لەو جۆرەم، بەزۆری، لا دروست نەبێ.
ئێوارەی یەکشەممە، من و (پیم)ی لێبترازێ، هەموویان لە رادیۆکە ئاڵابون و گوێیان لە (شاکارێکی نەمری میوزیکی ئەڵمانی) دەگرت. (دوسێل) هەمیشە دەستی لە ڕادیۆکە دەدا و دەیجولاندەوە، (پیتەر) و ئەوانی تریش زۆری پێ نیگەران دەبون، پاش ئەوەی بۆ ماوەی نیوکاژێر ددانی بەخۆداگرت، (پیتەر) بە توڕەیی داوای لێکرد چیتر رادیۆکە دەستکاری نەکا. (دوسێل)ی لەخۆبایی، وەک هەمیشە هاتە وەڵام وگوتی: «من دەزانم چیدەکەم». (پیتەر) هەڵچو و زمان درێژی کرد، باوکیشی لەولاوە هەڵیداێی، (دوسێل)یش دەبوایە مل بدا. بەوە کۆتایی هات.
کێشەکە زۆر گرینگ نەبوو، بەڵام (پیتەر) شتەکەی زۆر بەهەند وەرگرت. ئەمڕۆ بەیانی، کاتێ من لەسەربان کتێبەکانم لە نێو باوڵی کتێبەکاندا هەڵدەدایەوە، (پیتەر) بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوە، من هێشتا پێم نەدەزانی. کاتێ (پیتەر) درکی بەوەکرد کە گوێگرێکی بۆخۆی پەیداکرد، بەبێ دابڕان تێهەلچو وگوتی:
«بەڵێ، تۆ دەبینی من وا بەپەلە تێهەڵناچم، چونکە پێشتر دەزانم قسەکانم لێ هەڵدەبزڕکێن. زمانم تێکدەئاڵی، سورهەڵدەگەڕێم و وشەکان بەرەواژ دەڵێـمەوە، هەرگیز مەبەست ناپێکم و وشەم بۆ ناێی.
دوینێش هەمان شتم لێ بەسەرهات. ویستم شتێکی جیاواز بڵێم، بەڵام هاکا دەستم پێکرد مێشکم جەنجاڵ بوو، ئەوەش تابڵێی خراپە. جاران خویەکی خراپم هەبوو، حەزدەکەم ئێستاش جاروبار پەنای بۆ بەرم: «کاتێ لەگەڵ کەسێکدا تێک هەڵدەچوم لەبری وشە، بە مستەکۆڵە کارەکەم لەگەڵیدا دەبڕێوە. من دەزانم ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بێ ئاکامە، هەر بۆیە تۆم بەلاوە زۆر سەیرە، لانیکەم دەتوانی قسەکانت دەربڕی وبەبێ دڵەڕاوکێ مەبەستەکەت لەروی بەرامبەرەکەت دەپێکی.»
منیش لە وەڵامدا گوتم:
«تۆ زۆر هەڵەی، زۆربەی کات منیش شتێکی تەواو جیاواز، لەوەی بەخۆم مەبەستم بووە، دەڵێم. جگە لەوەش من زۆربڵێ و درێژدادڕم، ئەوەش بەهەمان شێوە هەڵەیەکی گەورەیە.»
«بۆی هەیە وابێ. بەڵام تۆ لەوەدا باشی کە مرۆڤ هەرگیز ئەوەت لێ بەدی ناکات کۆڵ بدەی. رەنگ وئاکارت بەبێ گۆڕان وەکو خۆیان دەمێننەوە.»
بەبێ ئەوەی دەریبڕم، پێکەنینم بە ڕستەکەی دوایی دەهات، بەڵام نەمهێشت هەستی پێبکات. پێمخۆشبوو قسەکانی پێ نەبڕم و لە باسەکەی بەردەوام بێت، لەسەر زەوی رۆنیشتم و سەرینێکم لەژێرنا و دەستەکانم لە لاقم وەردا و بەسەرنجەوە تەماشام دەکرد.
من زۆر بەختەوەرم بەوەی لەم ماڵەدا کەسێکی تر هەیە و وەکو من هەڵدەچێ. هەڵبەتە کارێکی باشی کرد بەوەی کە بە وشەی ناڕێک سەرکۆنەی (دوسێل)ی کرد، بەبێ ئەوەی سڵ لە ئاکامی کردەوەکەی بکاتەوە. منیش، کارەکەیم پێ باشە، چونکە هەستێکی هاودەنگی بەتینی لا دروستکردم، هەمان ئەو هەستەی کە جاران لەتەک دەستەخوشکەکانم لام دروست دەبوو. ئان-ی تۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*