سەرەکی » ئابووری » 700 هەزار كرێكاری بیانی لە عیراق كار دەكەن

700 هەزار كرێكاری بیانی لە عیراق كار دەكەن

هاتنی كرێكارانی بیانی بۆ عیراق بەمەبەستی كارپێكردنیان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، بەردەوامە و بەپێی وتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، ئێستا 700 هەزار كرێكاری بیانی لە عیراقدا هەن.

حسێن سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، 700 هەزار كرێكاری بیانی بەشێوەیەكی نایاسایی لە بازاڕی كاری عیراقدا كار دەكەن، هاوکات بۆ ئەوەی ژمارەی راستەقینەی كرێكارانی بیانی ئاشكرا نەبێت، هەندێك پاڵێوگەی نەوت رێگە نادەن لیژنەكانی چاودێری سەردانیان بكەن.

وتیشی: «بەپێی زانیاریەكانیان بە تەنها لە پاڵێوگەی كەربەلادا 18 هەزار كرێكاری بیانی هەن، لەكاتێكدا دەبوو بەگوێرەی رێكەوتنی وەزارەتی نەوت، سەدا 50ی هەلی كار بۆ كرێكارانی عیراقی بێت».

خستنەڕووی ئەو ئامارەش لەكاتێكدایە، پێشتر عادل ركابی وەزیری كاری عیراق رایگەیاندبوو، هێشتا نەتوانراوە بەشێوەیەكی كۆتایی رێگری لە هاتنی كرێكارانی بیانی و نایاسایی بۆ عیراق بكرێت، كە زۆرینەیان لە بەنگلادیشەوە هاتوون و ژمارەكەش لە چەند هەزارێكەوە لە ساڵی 2008دا بۆ 600 هەزار كرێكاری بیانی لەمساڵدا بەرزبۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، كرێكارانی بیانی بە نرخێكی كەمتر لە كرێكارانی ناوخۆ كار دەكەن و ئەوەش هانی خاوەن پڕۆژەكانی داوە ژمارەیەكی زیاتریان لێ‌ بخەنە سەركار و لەبەرامبەریشدا كرێكارانی ناوخۆیی بە بێكاری بمێننەوە و وەك رێگرییەكیش لەو كارە تائێستا وەزارەتەكەیان سەدان خاوەنكار و پڕۆژەی سزاداوە.

 58 جار بینراوە