ئێران دەتوانێت گاز و نەوتی خۆی بفرۆشێت – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ئێران دەتوانێت گاز و نەوتی خۆی بفرۆشێت

ئەوروپا و روسیا و چین پـشتگیری ئێران دەکەن

ئێران دەتوانێت گاز و نەوتی خۆی بفرۆشێت

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، وڵاتە ئەوروپییەکان پشتیان لە ئەمریکا کرد و پشتگیری ئێرانیان کرد، لە هەمانکاتیشدا توانیان جارێکی تر رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و دەوڵەتانی 5+1 ساڵی 2015 رزگار بکەن، لە هەمانکاتیشدا ئێران دەتوانێت گاز و نەوتی خۆی بفرۆشێت، کە ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران و شكستێکی گەورەشە بۆ ئەمریکا. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، هۆکاری سەرەکی لەم بڕیارەی ئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی ئەوروپا بە گاز و نەوتی ئێران.

ئەوروپا و روسیا و چین
رۆژی هەینی 6.7 لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بارەی رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و دەوڵەتانی 5+1ی ساڵی 2015 ئەنجامدرا. لەو کۆبەنەوەیدا کە وەزیرانی دەرەوەی « ئێران، روسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا» ئامادەبوون. رێکەوتنێکی 11 بەندیان مۆرکرد، گرنگترینیان پاراستنی رێکەوتنامەکەی ساڵی 2015 ی ئێران و دەوڵەتانی 5+1 ، هەروەها رێگەدانە بە ئێران کە گاز و نەوتی خۆی بفرۆشێت.

رۆحی بەرەنگاربوونەوەی ئەوروپی
لە پاش کۆبوونەوەکە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند: ئەندامانی بەشداربوو لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکە، ئیرادەیەکی سیاسی بەهێزیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا دەربڕی. راشیگەیاند: ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بۆم دەرکەوت ئەوەبوو، کە هەموو ئەندامەکان، بە شەریکە گرنگە ئەوروپییەکانی واشنتۆننیش» مەبەستم لە بەرلین و پاریس و لەندەن» هەموویان ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێزیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا پیشاندا.
دەستپێشخەرییەکی باش
لای خۆیەوە هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە میدیاکانی راگەیاند: ئێمە دەستپێشخەرییەکی گرنگ و باشمان پێشکەشکردووە. وتیشی: ئەوروپا ناتوانێت قەرەبووی هەموو لایەنەکان بکاتەوە. راشیگەیاند: ئەمە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئێران نابێت.

ئەمریکا نیگەرانە
لەمانگی ئایاری ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاک لایەنانە رێکەوتنەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتانی 5+1 هەڵوەشاندەوە، لەهەمانکاتیشدا داوای لە شەریکە ئەوروپییەکانی کرد، کە گەمارۆ بخەنە سەر کڕینی نەوت و گازی ئێران، جگەلەوەش ئەمریکا دەیەوێت سزای هەر بانک و کۆمپناییایەک بدات، کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکات، ئەمەش بە دڵی ئەوروپییەکان نەبوو.

پەرە بە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەدەن
لە لایەکی ترەوە بە پێی بەندەکانی ئەو رێکەوتنە بێت، ئەندامانی ئەو کۆبوونەوەیە، پشتگیری لە هاوردەکردنی نەوت و گازی ئێرانی دەکەن، لە هەمانکاتیشدا پەرە بە بازرگانی و هەموو کەناڵە داراییەکان لەگەڵ ئێران دەدەن، هەروەها لە رووی دەریایی و وشكانیی و ئاسمانیشەوە، پەرە بە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەدەن. جگەلەوەش پەرە بە سەرمایەگوزاری لە ئێران دەدەن و پارێزگاری لەو کۆمپانیایاش دەکەن، کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە. ئەمەش گەورەترین پشتگیرییە بۆ ئابوروی ئێران.

پێویستیان بە بازاڕ و نەوت و گازی ئێرانە
میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن هۆکاری سەرەکی لەم بڕیارە سەرنجڕاکێشەی شەریکە ئەوروپییە گرنگەکانی ئەمریکا واتە « ئەڵمانیا ، فەرەنسا، بەریتانیا» بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان پێویستییەکی زۆریان بە گاز و نەوتی ئێران هەیە، جگەلەوەش دەیانەوێت سوود لە بازاڕی گەورەی ئێران وەربگرن.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترەمپ و کیم جۆنگ ئاون کۆبوونەوە

رۆژی سێ شەمممە 12.6 لە سەنگاپورە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ...