هەولێر، تەها عەبدوڵڵا
لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پەسەندكرا، كە بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامنادرێت، بەڵام كاركردن بەدابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بەردەوام دەبێت.
لەوبارەیەوە، زانا عەبدولڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دوو پڕۆژەیاسا لەلایەن فراكسیۆن پارتیو گۆڕانەوە پێشكەشكرابوون، دواتر هەردووكیان كران بە یەكو بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا. راشیگەیاند: وەك فراكسیۆنی سەوز دژی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بووینو بەباشی دەزانین لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەڕێوەچێت، بۆیە بەشێكی زۆری ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
ئەندامەكەی یەكێتی، وتیشی: «بەگوێرەی پڕۆژەیاسا پەسەندكراوەكە، دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمو پاسەوانەكانی دەزگاكەو بودجەكەی وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەوەی پەسەندكراوە تەنیا ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە، هەروەها درێژەدانە بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ سێ سەرۆكایەتییەكە.
