كار بۆ دەستپێکردنەوەی تەعریبی كشتوكاڵ دەكرێت – پەڕە 2 – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » كار بۆ دەستپێکردنەوەی تەعریبی كشتوكاڵ دەكرێتپەڕە 2

جووتیارانی كورد لە کەرکوک مافی مامەڵەپێوەكردنیان نامێنێت

كار بۆ دەستپێکردنەوەی تەعریبی كشتوكاڵ دەكرێت

كەركوك- عومەر غەریب

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بڕیاریداوە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك، كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور راگیرابوون، دووبارە بۆ عەرەبە هاوردەكان بگەڕێنرێتەوە.

جێبەجێكردنی مەرامە سیاسییەكانیانە لە دژی كەركوك
یاساناسان، وایدەبینن كە ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق درێژەپێدانی سیاسەتی تەعریب بێت لەناوچەكەدا. سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140یش لەكەركوك رایدەگەیەنێت كە بەشێك لەوەزارەتەكانی عیراق بۆشایی سیاسی‌و ئەمنیی كەركوك دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی مەرامە سیاسییەكانیان لەدژی كەركوك‌و راشیدەگەیەنێت كە ئەركی حكومەتی عیراق‌و سەركردایەتیی كوردە كار بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بكەن.
لەوبارەیەوە، قادر موبارەك شارەزای كێشەكانی موڵكدارێتی لەكەركوك بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەموو زەویوزارە كشتوكاڵییەكان، كە پێشتر لەچوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا درابوونە هاوردەكان، ئەوا جارێكی تر بەیاسا بۆ هاوردەكان دەگەڕێتەوەو مافی مامەڵە پێوەكردنیان نامێنێت لەلایەن جووتیارانی كوردو توركمانەوە.

هەوڵی جددی بدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی
هەر سەبارەت بەو بڕیارە، یاساناس حەسەن عەلی؛ دەڵێت: بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، دەچێتە خانەی گۆڕینی باری دیموگرافیەوە، كە ئەویش جۆرێكە لەجینۆساید، بۆیە ئەركی سەركردایەتیی كوردو نوێنەرانی كوردە لەبەغدا هەوڵی جددییانە بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە.
هەروەها، كاكەڕەش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەكوردستانی نوێی وت: ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق نایاسایی‌و نادەستوورییە، ئەوەش لەبەرئەوەی بەدەستوور سیاسەتی تەعریب هەڵوەشاوەتەوە، سەیرەكەش لەوەدایە وەزارەتێك دێت‌و دەیەوێت ئەو سیاسەتە لەكەركوك دووبارەبكاتەوە، كە پێچەوانەی دەستوورە، راشیگەیاند: لەچەند ساڵی رابردوودا لیژنەی باڵای ماددەی 140 گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی تەعریبـی لەپارێزگای كەركوك هەڵوەشاندۆتەوەو بڕیاریداوە زەویوزاری جووتیاران بۆ خاوەندارەكانی لەكوردو توركمان بگەڕێتەوە، بەڵام حكومەتی عیراق كەمتەرخەم بووە لەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بەشێوەیەكی یاسایی.

ناكرێت لەو بڕیارو رێوشوێنانە بێدەنگی لێ بكرێت
سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی ماددەی 140، ئەوەشی خستەڕوو كە ناكرێ كورد لەو رێوشوێنانە بێ دەنگ بێت، كە ئێستا لەعیراقدا دەگیرێنە بەر، كە هەر وەزارەتێك بۆی بلوێت دێت‌و سیاسەتی تەعریب لەكەركوك جێبەجێ دەكات، كە ئەوەش ناكرێت. روونیشیكردەوە كە لەماوەی رابردوودا وەزارەتەكانی نەوت‌و تەندروستیی عیراق بەهەمان ئەو ئاراستەیە كاریان كردووەو لەئێستاشدا وەزارەتی كشتوكاڵ هاتووەو دەیەوێت درێژە بەو كارەی بدات.

هۆكارەكانی پشت ئەو بڕیارانە لە دژی كەركوك
كاكەڕەش سدیق؛ بەپێویستی زانی كورد پێداگریی لەسەر پرسی ناوچە جێناكۆكەكان بكات‌و ئەولەویەتی داواكاریی كوردو سەركردایەتیی كورد بێت بۆ هەر دانوستانێك لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان‌و پێویستیشە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق؛ یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك‌و ماددەی 140 بێت. ئەوەشی وت: ئەو وەزارەتانەی عیراق لەقۆناغی ئێستادا بۆشایی سیاسی‌و ئەمنیی كەركوكیان قۆستۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی شاڵاوی نوێی تەعریب لەكەركوكدا، كە یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی ئەوەیە لەئێستادا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئیفلیجەو ئیدارەی كەركوكیش لەلایەن عەرەبێكی شۆڤێنییەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمانەش هەمووی بوونەتە فاكتەرێك كەوەزارەتەكانی عیراق بتوانن دەست بۆ ئەو پرسە مەترسیدارانە لەكەركوك درێژ بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قوباد تاڵەبانی: 9/30 هاوسەنگیی هێز دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حوكمڕانی كوردستان

دوێنێ لەپارێزگای دهۆك، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی كاندیدی ژمارە ١ و ...