نێودەوڵەتی داوا دەكات بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » نێودەوڵەتی داوا دەكات بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن

ئەمریكا ئیدانەی بڕیارەكە دەكات

نێودەوڵەتی داوا دەكات بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن

دادگای دادی نێودەوڵەتی داوا لە ولایەتە یەكگرتووەكان دەكات، سزاكانی تایبەت بە كاڵا «مرۆییەكان» لەسەر ئێران هەڵبگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی تاران سكاڵای بۆ راگرتنی ئەو سزا ئابورییانە بەرزكردبۆوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دوای پاشەكشەكردنی لە رێكەوتنی ئەتۆمی بەسەر وڵاتەكەیدا سەپاند.
ئێران لای خۆیەوە خۆشحاڵی بەرانبەر بە بڕیارەكە دەربڕی و ئەمریكاش ئیدانەی كرد.

نسكۆیەكی یەهێزە بۆ ترەمپ
دادگای دادی نێودەوڵەتی لە 3ی ئەیلولی 2018، داوای لە ولایەتە یەكگرتووەكان كرد، سزاكانی تایبەت بە كاڵا «مرۆییەكان» رابگرێت كە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، ئەمەش بە نسكۆیەكی بەهێز بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دادەنرێت، بڕیارەكەش لەلایەن تارانەوە بە بڕیارێكی باش و دادپەروەرانە دانرا.
دادگای دادی نێودەوڵەتی كە بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و بارەگاكەی لە لاهایە، لە سۆنگەی ئەو سكاڵایەی لەلایەن ئێرانەوە بۆ راگرتنی سزا ئابورییەكان ئەو بڕیارە لەناكاوەی دەركرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لەدوای پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێكەوتنی ئەتۆمی لە مانگی ئایاری 2018، سزا ئابورییەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
واپێدەچێت ئەم بڕیارەی دادی نێودەوڵەتی ببێتە مایەی توڕەكردنی ترەمپ كە سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و بەو هۆیەوە زۆرێك لە هاوپەیمانەكانی لەخۆی رەنجاند. بەڵام روون نییە حوكمەكە ئاكامی دەبێتە یاخود نا كە لەئێستادا تەنیا بەشێوەیەكی رواڵەتی خراوەتەڕوو، چونكە واشنتۆن و تاران لە رابردوودا زۆرێك لەو حوكمانەیان پشتگوێ‌ خستبوو.
دادوەران لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، بە كۆی دەنگ سەپاندنی سزاكانیان بەسەر هەندێك لە كاڵاكاندا بە پێشێلكردنی «بەڵێننامەی دۆستایەتی» كە لە ساڵی 1955 لەنێوان ئێران و ولایەتە یەكگرتووەكاندا ئیمزاكراوە، دانابوو.

بڕیاری دادگاكە
دادوەر عەبدلقەوی ئەحمەد یوسف، سەرۆكی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو»دادگا بە كۆی دەنگ گەیشتە ئەو ئاكامەی كە دەبێت ولایەتە یەكگرتووەكان لەڕێی ئەو ئامرازانەی خۆی هەڵیاندەبژێرێت، هەموو ئەو ئاستەنگانە هەڵبگرێت كە لە گرتنەبەری رێوشوێنەكاندا لە 8ی ئایاری 2018 رایگەیاندبوو، ئەوەش هەڵگرتنی كۆتوپێوەندەكان دەگەیەنێت لەسەر ئازادی هەناردەكردنی مەوادی پزیشكی و خۆراكی و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بۆ ئێران».
دادگاكە دەڵێت»سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەو كاڵایانەی پێداویستی مرۆیین، كاریگەریی روخێنەر و مەترسیدارییان دەبێت لەسەر تەندروستی و گیانی تاكەكان لە ئێران».
هەروەها پێیوایە، سزاكان بەسەر پارچە یەدەگەكانی فڕۆكەوانی، دەكرێت ببنە مایەی دروستكردنی مەترسی لەسەر سەلامەتی فڕۆكەوانی مەدەنی لە ئێران، و بە هەمان شێوە مەترسی لەسەر گیانی بەكارهێنەرانی دروست دەكات».

ئێران خۆشحاڵە
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران خۆشحاڵی بەرانبەر بە بڕیاری دادگاكە دەربڕی و بە «ئاماژەیەكی روون» لێكدانەوەی بۆكرد سەبارەت بەوەی كە ئێران لەسەر هەقە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»ئەو حوكمەی لەلایەن دادگاكەوە دەركرا، سەرلەنوێ‌ دەریدەخات كە حكومەتی ئەمریكا رۆژ لە دوای رۆژ گەشەگیردەبێت». محەمەد جەواد زرەیف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (تویتەر) نوسیبووی»شكتستێكی نوێ‌- بۆ حكومەتی ئەمریكا- كە لەسەر سزاكان ئالودە بووە، سەركەوتنی یاسایە».

ئەمریكا ئیدانەی دەكات
واشنتۆن ئیدانەی بڕیارەكەی دادگای دادی نێودەوڵەتی كردبوو كە فەرمانی بۆ سوككردنی سزاكانی سەر ئێران دەركردووە و رایگەیاندبوو» بڕیارەكە بێ‌ بەهایە، بەو پێیەی دادگاكە خاوەنی دەسەڵاتی دادوەریی نییە».
بیت هویكسترا، باڵێوزی ولایەتە یەكگرتووەكان لە هۆڵەندا لە دوای دەركردنی بڕیارەكەی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو»ئەو پرسە بێ‌ بەهایە و لە پسپۆڕی دادگاكە نییە چاو بەو كەیسانەدا بخشێنێت». لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە «رەتكردنەوەی دادگاكە بۆ هەموو داواكارییەكانی ئێران» كردبوو كە بە گوتەی ئەو «بڕیارێكی سنوردارە سەبارەت بە كۆمەڵێكی زۆر سنورداری كەرتەكان».

«بۆ مەبەستی سیاسییە»
لە درێژەی كاردانەوەكانی ئەمریكا بەرانبەر بە بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ هەڵگرتنی بەشێك لە سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئێران دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ هێنانەدی مەبەستە سیاسییەكانی بەكاردەهێنێت.
ئەم لێدوانەی پۆمپیۆ دوابەدوای دەركردنی بڕیارەكەی دادگاكە بوو كە داوای لە ولایەتە یەكگرتووەكان كردبوو، رێگە بە ئێران بدرێت مەوادی پزیشكی خۆراكی هاوردە بكات، ئەمەش دوای سەپاندنی ئەو سزایانەی كە لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر وڵاتەكەدا سەپێنرا.
ولایەتە یەكگرتووەكان لەبەرانبەر بڕیاری دادگاكەی لاهای دەڵێت، چاوپۆشی لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان دەكات بۆ ئێرانییەكان كە كەیسەكەیان بۆبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بەرزكردبۆوە و بڕیاری دادگاكەشیان بە بەڵگەیەك بۆ «نایاسایی بوونی» سزاكان لەقەڵەمدابوو.
دوای بڕیارەكەی ترەمپ بۆ پاشەكشەكردن لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران كە لە ساڵی 2015دا ئیمزاكرابوو، سزاكانی ئەمریكا بەسەر تاراندا سەپێنرانەوە.
لەڕووی پراكتیكییەوە، دادگای دادی نێودەوڵەتی ناتوانێت بڕیارەكانی جێبەجێ‌ بكات، پێشتریش ولایەتە یەكگرتووەكان لە پرسەكانی تردا بڕیارەكانی ئەو دادگایەی پشتگوێ خستووە.
تاران دەڵێت، سزاكانی ئەمریكا پێشێلكردنی رێكەوتنی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵاتە كە بۆ دەیان ساڵ دەچێت بۆ مەبەستی ئاسانكاریی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و بەستنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، ئیمزاكراوە.
لە وەڵامدا پۆمپیۆ پرسەكە بە بێ‌ بەها دادەنێت و دەڵێت، ئێران پێشتر رێكەوتنەكەی پێشێل كردووە، بۆیە ولایەتە یەكگرتووەكان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی داوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاندووە»واشنتۆن لەو رێكەوتنە پاشەكشە دەكات و دەسەڵاتی چاوخشاندنەوە بە ناكۆكییە دیپلۆماسییەكان دەداتە دادگای نێودەوڵەتی».
بە گوتەی بۆڵتۆن»لە دەسەڵاتی دادگای دادی نێودەوڵەتی نییە چاو بە بڕیارەكانی ولایەتە یەكگرتووەكاندا بخشێنێت بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێران».
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا پێیوایە»واشنتۆن بۆخۆی پابەندە بە لێدەركردنی مەوادە فریاگوزارییەكان و یارمەتییە مرۆییەكان لە سزاكاندا».

هۆكاریی پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە
بەپێی رێكەوتنەكە كە لە ساڵی 2015دا ئیمزاكرا، ئێران رازیی بوو چالاكییە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە لەبەرانبەر سوككردنی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی بەسەر وڵاتەكەیدا سەپێنرابوون.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، رێكەوتنەكە شكستخواردوو بووە لە رێگرتن لەبەردەم هەموو چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران» و نەبۆتە مایەی لەگەڕخستنی بەرنامە موشەكییەكان و رێگەشی لە چالاكییە تیرۆریستییەكان نەگرتووە».
ترەمپ جارێكی تر سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە تا ناچاری بكات، رازیی ببێتە لەسەر ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی نوێ‌.
لایەنەكانی تری رێكەوتنەكە كە بریتین لە، بریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، و روسیا، بەڵێنیانداوە بەردەوامبن لەسەر رێكەوتنەكە، بەڵام زۆرێك لە كۆمپانیا گەورەكان لە ئێران پاشەكشەیان كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داعش زیاتر لە 100 خێزان دەڕفێنێت

رێكخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی»، زیاتر لە 100 خێزان لە ئۆردوگایەكی ئاوارەكان ...