سەرەکی » راپۆرت » سه‌ركرده‌ نوێیه‌كانی‌ عیراق ته‌كنۆكراتن

سه‌ركرده‌ نوێیه‌كانی‌ عیراق ته‌كنۆكراتن

بێن هۆبارد ‌و فالح حه‌سه‌ن
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

دۆخی‌ عیراق نزیكه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ناو بنێین پاش تایه‌فه‌گه‌ری‌. له‌ دوای‌ رووخاندنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2003دا رێكه‌وتنێكی‌ ناڕه‌سمی‌ هه‌یه‌ بۆ دابه‌ش كردنی‌ پۆسته‌ گه‌وره‌كان، به‌ تایبه‌ت سێ پۆسته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆك وه‌زیر‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، به‌ پێی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ناڕه‌سمییه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ پۆستێكی‌ ته‌شریفاتییه‌ ده‌بێ بۆ كوردێك بێت، پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراقیش كه‌ گرنگترین ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكاره‌ ده‌بێ بۆ شیعه‌ بێت‌و پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانیش بۆ سوننه‌. ئه‌م جۆره‌ دابه‌ش كردنه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ده‌ستنیشان كردنی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌‌و به‌رهه‌م ساڵح بۆ دوان له‌و پۆستانه‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ تێدایه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێڕه‌وێك كه‌ ئاشته‌وایی زیاتر تێدا بێت.
وا نزیكه‌ی‌ پێنج مانگه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ عیراق ناكۆكن له‌سه‌ر شێوه‌‌و شێوازی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌یان. كوتله‌كه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در-ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ میلیشیا شیعه‌كانی‌ پێشوو هه‌روه‌ها دوژمنه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ ئایاردا زۆرترین ده‌نگی‌ ده‌نگده‌رانی‌ به‌ده‌ست هێنا، دوای‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش موقته‌دا سه‌در وه‌ك پۆپۆلیستێك خۆی‌ پێناسه‌ كرد‌و دروشمی‌ بریقه‌داری‌ وه‌ك (عیراق به‌ر له‌هه‌موو شتێك)ی‌ به‌رز كرده‌وه‌‌و به‌ڵێنیشی‌ دا به‌ره‌نگاری‌ گه‌نده‌ڵی‌ بێته‌وه‌‌و دژایه‌تی‌ دستێوه‌ردانی‌ ئه‌مریكا‌و ئێران بێت له‌ وڵاته‌كه‌ی‌، هه‌روه‌ها به‌ڵێنی‌ دا سیاسه‌تێكی‌ نوێ پیاده‌ بكات له‌ عیراق كه‌ سیاسه‌تێكی‌ تایه‌فی‌ نه‌بێت. هه‌فته‌ی‌ رابردوو مشتومڕ‌و چه‌له‌حانێ كۆتایی پێهات‌و خه‌ڵكی‌ عیراقییه‌كان هه‌ندێك ئاماژه‌یان ده‌ست كه‌وت كه‌ نیشانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگه‌ موقته‌دا سه‌در ئه‌و قسانه‌ی‌ به‌ڕاست بووبێت.
رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ پێشووتر پاسه‌وانی‌ پێشوازی‌ زۆر به‌ وریایی‌و ئاماده‌ راوه‌ستا له‌و كاته‌دا كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ نوێی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ بۆ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غداوه‌، ئه‌ویش دوای‌ یه‌ك رۆژ له‌ ده‌ستنیشان كردنی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیری‌ نوێی‌ عیراق.
ئێستا ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ی‌ له‌ په‌رله‌ماندا سازانیان له‌سه‌ر بوو، ده‌ستنیشان كران، وا سه‌یر ده‌كرێن كه‌ دوو سه‌ركرده‌ی‌ ته‌كنۆكراتن. به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ باڵاترین پۆست وه‌رده‌گرێت، پێشتر جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار بووه‌‌و وا ناسراوه‌ كه‌ سه‌ر به‌هیچ حزبێك نییه‌، به‌وه‌ش ناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ باوه‌ڕی‌ به‌ سیكۆلاریزم‌و عیلمانیه‌ت هه‌یه‌. به‌رێز به‌رهه‌م ساڵح-یش كه‌ پۆسته‌كه‌ی‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆر ته‌شریفاتییه‌، سیاسییه‌كی‌ كورده‌ كه‌ پێی‌ باشه‌ كار له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی به‌غدا بكات.
ئه‌م بژاردانه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ عیراق ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا رووی‌ خۆی‌ وه‌رگێڕێت‌و ئاراسته‌كه‌ی‌ بگۆڕێت، واته‌ له‌ تایه‌فه‌گه‌ری‌‌و حزبحزبێته‌ دوور كه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاری‌ عیراقه‌وه‌ ساڵی‌ 2003 تا ئێستا كێشه‌ی‌ زۆری‌ بۆ دروست كردووه‌‌و خوێنی‌ زۆریشی‌ رشتووه‌.
ئیما سكای‌ دۆست‌و هاوڕێی‌ به‌رزی‌ په‌یمانگای‌ جاكسۆن بۆ كاروباری‌ جیهانی‌ له‌ زانكۆی‌ ێڵ ده‌ڵێ: تا ئێستاش عیراق به‌ده‌ست كێشه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و بێكاری‌‌و نه‌بوونی‌ یان كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌و ناوچانه‌شی‌ كه‌ له‌ داعشی‌ سه‌ندۆته‌وه‌ وێرانن‌و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌یان ئاسان نییه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دوو كه‌س ده‌ركه‌وتن كه‌ به‌ توانان‌و نیازیشیان پاكه‌، ئه‌م دوو كه‌سه‌ به‌م دواییانه‌ به‌رپرسیاریی وڵاتیان گرته‌ ده‌ست. دوو سه‌ركرده‌ی‌ كارزان‌و لێهاتوون، میانڕه‌وو رێزدارن، زۆر هاوڕێی‌ نزیكی‌ یه‌كتریشن.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق له‌ ئێران، یان له‌ ئه‌مریكا، كه‌ له‌ 2003وه‌ كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر سه‌پاندنی‌ هه‌ژموونی‌ خۆیان به‌سه‌ر عیراقدا، بۆ ئه‌مه‌یان چاودێرانی‌ سیاسی‌ ده‌ڵێن، نابێ چاوه‌ڕێی‌ گۆڕانكارییه‌كی‌ زۆر له‌و بابه‌ته‌ بكرێت. زه‌ید عه‌لی‌ نووسه‌ری‌ كتبێی‌ ململانێ له‌ پێناو داهاتووی‌ عیراقدا ده‌ڵێ: هیچ شتێكی‌ نۆرماڵ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ سێكه‌ له‌ناو سیاسه‌ته‌كه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌ كه‌ تێڕوانینی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ عیراق، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر هیچ حزبێك له‌ حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دروست ناكات. زه‌ید عه‌لی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لایان گرنگه‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ به‌رده‌وام بێت، زۆر خۆشحاڵن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ خوازیاری‌ چاكسازین یان بۆ گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی‌ ده‌ڕوانن، خۆشحاڵ نابن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ رووی‌ داوه‌ ده‌نگدانه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی‌ دۆخه‌كه‌.
ئیما سكای‌ له‌ باره‌ی‌ هه‌ردوو كه‌سایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌-یه‌وه‌ ده‌ڵێ: دوو كه‌سی‌ زۆر زیره‌كن، له‌و باوه‌ڕه‌شدام هه‌رچییه‌كیان له‌ده‌ست بێت ده‌یكه‌ن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌مریكا‌و ئێرانیش دۆستی‌ عیراق بن.
عیراق له‌م دواییانه‌دا تووشی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئاسته‌نگ بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌ ژماردن نایه‌ت، وه‌ك ئاوه‌دان كردنه‌وه‌‌و چاكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و وێرانییه‌ی‌ له‌ ئه‌نجامی‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش رووی‌ داوه‌، هێوركردنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر كه‌ به‌هۆی‌ لاوازیی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ تووڕه‌ن، چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ به‌ وڵاتدا بڵاو بۆته‌وه‌، رێگرتن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ داعش، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو كێشه‌‌و ئاسته‌نگانه‌ كارێكی‌ قورسه‌ بۆ هه‌ر حكومه‌تێك، بۆ حكومه‌تی‌ تازه‌ش كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوی‌ پێك نه‌هاتووه‌ هه‌ر وایه‌‌و ئاسان نییه‌.
له‌ دوو هه‌فته‌ی‌ رابردوودا په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ده‌نگ به‌رهه‌م ساڵحیان ده‌ستنیشان كرد بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ عیراق، عادل عه‌بدولمه‌هدیش سازان‌و رای‌ زۆرینه‌ی‌ كوتله‌كانی‌ له‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ته‌مه‌نی‌ 76 ساڵه‌، پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابوورییه‌‌و مه‌شقدیده‌یه‌، پێشتر پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ هه‌بووه‌‌و پۆستی‌ وه‌زیری‌ نه‌وت‌و وه‌زیری‌ داراییشی‌ هه‌بووه‌، ئێستا 30 رۆژ مۆڵه‌تی‌ دراوه‌تێ تا كابینه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان بكات.
ئه‌مه‌شیان رووداوێكی‌ تازه‌یه‌، جاران ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و سه‌رۆك وه‌زیریش پێكه‌وه‌ پێشكه‌شی‌ په‌رمان ده‌كران، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حزبه‌ گه‌وره‌كان له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ له‌سه‌ری‌ رێك ده‌كه‌وتن. سه‌باره‌ت به‌م گۆڕانكارییه‌ تازه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ ده‌ڵێن، جۆرێكه‌ له‌ نواندنی‌ نه‌رمی‌. ریناد مه‌نسور هاوكاری‌ توێژینه‌وه‌ له‌ چاتام هاوس له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: بینیمان كوتله‌ سیاسییه‌كان په‌رت بوون‌و هه‌مان ده‌سته‌بژێری‌ پێشوو له‌ توانایاندا نه‌بوو یارییه‌ كۆنه‌كه‌یان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌‌و له‌ ژووره‌كانی‌ پشته‌وه‌ مامه‌ڵه‌كانی‌ خۆیان ته‌واو بكه‌ن‌و دوای‌ ئه‌وه‌ بچنه‌ په‌رله‌مان‌و بڵێن فه‌رموو ئه‌وه‌ حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌مانه‌. ریناد مه‌نسور ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ ئه‌م جاره‌ بۆ په‌رله‌مان كه‌سانی‌ تازه‌ن، وا دیاره‌ كه‌متریش پابه‌ندن به‌ شێوازه‌ باوه‌كانی‌ كاركردنه‌وه‌. قورسه‌ سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ عیراق گه‌شبین بین، چونكه‌ زۆر ئاسته‌نگ له‌ رێماندایه‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تێكی‌ بچووك بۆ گۆڕانكاریی هه‌یه‌. ده‌رفه‌تێك بۆ بڕێك گه‌شبینی‌، به‌ڵام گه‌شبینییه‌ك به‌ده‌م سڵ كردنه‌وه‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا به‌ ئاسته‌م ده‌توانین بڵێین حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق حكومه‌تێكی‌ پاش تایه‌فه‌گه‌رییه‌، یان تایه‌فه‌گه‌ری‌ جێهێشتووه‌، چونكه‌ له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عیراقه‌وه‌ واته‌ ساڵی‌ 2003 تا ئێستاش به‌ رێكه‌وتنی‌ ژێربه‌ژێر سێ گرنگترین پۆسته‌كه‌ به‌ پێی‌ تایه‌فه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، سه‌رۆكی‌ كۆمار كه‌ پۆستێكی‌ ته‌شریفاتییه‌ بۆ كه‌سێكی‌ كورد، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆ سوننه‌‌و سه‌رۆك وه‌زیریش بۆ شیعه‌. ئه‌م ریزبه‌ندییه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان هه‌ڵبژاردنی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌‌و به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌یه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێبازێكی‌ باشتر.
عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ساڵانێك وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق كاری‌ كردووه‌، ئه‌ویش حزبێكی‌ شیعه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ ئێرانه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ وازی‌ هێناوه‌‌و وه‌ك كه‌سێكی‌ بێلایه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیر كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 13 ساڵی‌ رابردوودا ئه‌ندامی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌ نه‌بێت‌و ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت. ئه‌و حزبه‌ی‌ كه‌ نوری‌ مالكی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشوو سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌شی‌ له‌و حزبه‌دا كه‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌یه‌، بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كورد‌و سوننه‌ له‌ عیراقدا بێزار بن.
به‌رهه‌م ساڵح-یش كه‌ ته‌مه‌نی‌ 58 ساڵه‌، به‌ كسێتییه‌كی‌ یه‌كانگیر‌و كۆكه‌ره‌وه‌ ده‌بینرێت، خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ دوكتۆرایه‌ له‌ بواری‌ ئه‌ندازیاریدا‌و دوكتۆراكه‌شی‌ له‌ بریتانیا به‌ده‌ست هێناوه‌، پێشتر سه‌رۆك وه‌زیری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق بووه‌‌و له‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ فیدراڵیشدا وه‌ك وه‌زیری‌ پلاندانان كاری‌ كردووه‌. پێشتر وا باو بوو كه‌ هه‌ردوو حزبه‌ كوردییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ رێك ده‌كه‌وتن‌و ده‌یاننارد بۆ په‌رله‌مانی‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان وا نه‌بوو، به‌ڵكو كێبڕكێ هه‌بوو له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان فشاری‌ دروست ده‌كرد تا به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌یانویست كه‌سێك بێت كه‌ نزیك بوو له‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، كه‌ ساڵی‌ رابردوو هه‌وڵی‌ دا راپرسی‌ بكات سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان. راپرسییه‌كه‌ كرا‌و زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری ده‌نگیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوو، به‌ڵام ئه‌نجامی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ سه‌یری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، چونكه‌ ئاڵۆزییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر كرد‌و له‌ كۆتاییشدا باجه‌كه‌ی‌ دا‌و به‌شێك خاك‌و سه‌ربه‌خۆییشی‌ له‌ده‌ست دا كه‌ پێشتر هه‌یبوو.
به‌و شێوه‌یه‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌ستنیشان كردنی‌ سه‌رۆك گه‌یشته‌ په‌رله‌مان‌و به‌رهه‌م ساڵح له‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا له‌ كۆی‌ 273 ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان 220 ده‌نگی‌ به‌ده‌ست هێنا، به‌شێكی‌ زۆری‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌ی‌ هێناوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ نزیكتر له‌ ئاشتی‌‌و ئاشته‌واییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سه‌یر ده‌كرێت. به‌ سوێنده‌ یاساییه‌كه‌شیدا دیاره‌ كه‌ سوێندی‌ خوارد وتی‌: به‌ڵێنتان پێ ده‌ده‌م سه‌لامه‌تی‌‌و یه‌كێتی‌ خاكی‌ عیراق بپارێزم.
نیویۆرك تایمز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

18 − 8 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەند وێستگەیەكی گرنگ لە یەكەمین جەنگی جیهان

یەكەمین جەنگی جیهان كە چوار ساڵ و نیو درێژەی كێشا، ...