سەرەکی » وتار » خەڵەف غەفور‌ » لەسەر رێگای ئەمریكا ماوین

کەمین پۆڵەتیک

لەسەر رێگای ئەمریكا ماوین

سەردانە بەردەوامەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە، بە دوای تویتەكانی دۆناڵد ترەمپدا دێت كە سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بڵاویكردەوە، هەروەك دۆسێی دیكەی لە وێنەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەمەن، سوریا، چوارچێوەداركردنی هەژموونی ئێران و تاڕادەیەك رێككەوتنیش لەگەڵ توركیا لەنێو «دیپلۆماسیەتی دە رۆژەی پۆمپیۆ»دا بوونی هەیە.

سەردانەكەی پۆمپیۆ لە چەند خاڵێكدا پەیوەندی بە دۆزی كوردەوە هەیە و باشترە بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكرێت:
یەكەم: لە ئەجێندای سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ بەغدا داوای چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدای كردووە، ئەمە لایەنی ئەرێنی ئەوەیە هێشتا ئەمریكا ئاگای لە كوردە وەكو لایەنێكی لۆكاڵی لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، لایەنی نەرێنیشی ئەوەیە عیراقی یەكگرتوو ویستی ئەمریكایە و كوردستان نابێت بەو زووانە بیر لە جیابوونەوە بكاتەوە.
دووەم: سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ كوردستان گرنگ بوو لەو رووەوەی هێشتا هەولێر وەكو ترافیكێكی سیاسی بۆ ئەمریكا گرنگە، بەڵام مەرجی یەكلاكەرەوە ئەوەیە هەم خۆی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بگونجێنێ‌، هەروەك لە چوارچێوەی عیراقی یەكگرتوودا كێشەكانی چارەسەر بكات.
سێیەم: بابەتی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و لەنزیكەوە سەرنجدان لەوەی چی دەخوڵقێ بەهۆی كارێكی لەو شێوەیە و جێگرەوەی دووبارە دەرنەكەوتنەوەی داعش چییە دیسانەوە پەیوەندی بە لایەنی كوردستانییەوە هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا سێ پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەمریكا گرنگە كە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە نزیكەوە تاوتوێی بكات، رای هەندێك لە چاودێرانی سیاسی ئەوەیە پۆمپیۆ ویستێتی دیپلۆماسیەتی وڵاتەكەی بەشێوازی كرداریی ئەبدەیت بكاتەوە. هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و نزیكبوونەوەی ئیسرائیل لە هەندێك وڵاتی عەرەبی و چارەسەركردنی كێشەی یەمەن بۆ ئەمریكا گرنگن، ئێران لێرە مەترسییە و توانایەكی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەدەستدەخرێت و ئەوەش خواستێكی رۆژئاواییە.
لەم نێوەدا چارەسەركردنی كێشەكانی سوریایش بوونی هەیە، مانەوەی بەشار ئەسەد تاڕادەیەكی زۆر بووەتە واقیع، چۆن بتوانرێت سوریایەكی بێ مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و بەتایبەت ئیسرائیلیش بهێنرێتەكایەوە كە ئەوەش دەكاتە چوارچێوەداركردنی هەیمەنەی ئێرانی. ئەم بابەتە بەپێی لێدوانێكی پێشووتری دۆناڵد ترەمپ لەڕووی ماددی و ئاوەدانییەوە بە ئیمارات و سعودیە دەسپێردرێت و ئەوەش رووی سوریا زیاتر بەرەو ژینگە عەرەبییەكە دەبات.
لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ ستراتیژیی ئەمریكا لەهەر كاتێكی دیكە روونترە، ئاشكرا بوو كە پاكێجی ئامادەكراو بۆ كۆبوونەوەكانی پۆمپیۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە ئەوەیە دۆستەكانیان گرنگن، بەڵام سەردەمی ئەوەش بەسەرچوو بێ بەرانبەر بیانپارێزن، بەڵكو پاراستن نرخی هەیە، نرخەكەش تەنیا مادی نییە، بەڵكو بەتەواوی خۆگونجاندنە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
لە بابەتی پرسی كوردیش لەسەر ئاستی هەموو پارچەكانی كوردستان، روونە كورد كارەكتەرێكی نا دەوڵەتییە، لایەنی سەرەكی پەیوەندیی نییە لەگەڵ ئەمریكا هێندەی ئەوەی هێز یان لایەنێكی پشتگیرییكراو و بەكارهێنراوە لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گرنگترین شت لێرە ئەوەیە گوتاری سیاسی كوردی ناتەبا نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، سەردەمی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی ئابووری و بازرگانی زیاتر بنەمان، ژینگەی كوردستان بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی لەو شێوەیە دروستە، لێ بەكرداركردنی ئەو پرۆژەیە گرنگە و تا ئەم كاتەش پرۆژەیەكی كوردستانی لەو شێوەیە نابینرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێككه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌مه‌رجی خاوه‌ندارێتی‌ له‌ خه‌ڵك

با قسه‌ سواوه‌كه‌ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی‌ مه‌حكومن ...