سەرەکی » مانشێت » ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

كۆسرەت رەسوڵ: شەراكەتی راستەقینە

مەلا بەختیار: گەڕانەوەی حكومەتی مەدەنی بۆ كەركوك

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 14/1/2019، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەكان پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، لە گرنگترین پرسەكانی كۆبوونەوەكە دەبن.

پێكهێنانیحكومەتێكی كارا و چالاك
لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ لە سلێمانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییكرد لە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و مارتن وار كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان و قۆناغەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راشكاوانە گفتوگۆیان كرد و جەختیان لە پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و چالاك لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە كردەوە.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیش لە دوو رۆژی رابردوودا لە میانی پێشوازییكردن لە باڵیۆز ‌و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە عیراق ‌و كوردستان، «گەڕانەوەی حكومەتی مەدەنی بۆ كەركوك» بەپێویست ناوبرد و وتیشی: پێویستە هەم لە عیراقدا كاربكەین ئەركەكانمان رابپەڕێنین، هەم لە كوردستانیش هەوڵبدرێت بەزوویی حكومەت پێكبهێنرێت.

״تەواوكردنی قۆناغەكانی چاكسازیی ریشەیی״
هەردوێنێ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە دەباشان چاویان كەوت بە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و مارتن وار كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا هەلومەرجی سیاسیی هەرێم و عیراق و ناوچەكە لە بەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكاندا تاوتوێكران، لەبارەی سیاسەتی بڕیارلێدراوی یەكێتی و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: لەگەڵ حكومەتی شەراكەتی راستەقینە و خزمەتگوزارین كە رەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆی هەرێم و عیراق بێت، چونكە یەكێتی لەگەڵ حكومەتی خەڵكدایە و كار بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی چاكسازیی ریشەیی لە هەرێم دەكەین و دەمانەوێت گۆڕانكاریی ریشەیی لە تەواوی كایەكانی بەڕێوەبردن بكەین و بەرنامەكەمان كە خۆی لە ئارامی و هەلی كار و خزمەت دەبینێتەوە، دەیكەینە شاڕێی كاركردنی چوار ساڵی داهاتوومان.

پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراق
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند، لاهور شێخ جەنگی تەئكیدیكردەوە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای شەراكەت و پێكەوەژیان و بەرژەوەندیی هاوبەش و وتی: یەكێتی لەگەڵ دروستكردنی بەرەیەكی نیشتمانیدایە كە رەنگدانەوەی هەموو بیروبۆچوونەكان بێت لە هەرێم و سیاسەتی بڕیارلێدراویش لەسەر بنەمای نیشتمانی بێت و پێكەوە یەك وتارمان هەبێت بۆ عیراق.

״كۆنگرەی نوێبوونەوە دەبەستین״
پەیوەست بە كاروباری رێكخراوەیی، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: یەكێتی لە بەردەم گۆڕانكاریی گەورە و نوێبوونەوەدایە و گیانی یەكێتیی ناو یەكێتی دەبووژێنینەوە و كۆنگرەی نوێبوونەوەش دەبەستین، چونكە یەكێتییەكی بەهێز بۆ ئەمڕۆ و داهاتوویەكی بەهێزتری هەرێم پێویستە و ئێستاش یەكێتی خاوەن یەك بڕیار و یەك ئاڕاستەی سیاسییە و بنەماو دوورنمای كاركردنیشمان درێژە پێدان دەبێت بە سیاسەتی حەكیمانەی هەڤاڵ مام جەلال.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئـەدگار

دووتوێی ئەدگار سەکۆیەکی ئازادی کوردستانی نوێیە و هەفتانە دەردەچێت بۆ ...