سەرەکی » زانست » توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: تووڕەبوونی پیاوان زیاتر لە كۆمەڵگەی…

پیاوان لە ماڵەوە بە چ شتێك تووڕە دەبن؟

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: تووڕەبوونی پیاوان زیاتر لە كۆمەڵگەی…

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: تووڕەبوونی پیاوان زیاتر لە كۆمەڵگەی باوكسالاریدایە

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

مرۆڤ لەدروستبوونییەوە خاوەنی کەسایەتی‌ و تایبەتمەندیی خۆیەتی و لەگەڵ گەورەبوونیدا ئەو كەسایەتییە لە ژیانی رۆژانەیدا بەدیدەكرێت كە رۆژانە لەسەر ژیان‌ و رەفتاری رەنگدەداتەوە.ئەمەش وا لە كەسەكە دەكات كە بیناسیت كە ئاخۆ کەسێكی هێمن‌ و لەسەرخۆیە یان كەسێكی بێ حەوسەڵەیە یاخود كەسایەتییەكی بێدەنگ‌ و كەمدووی هەیە.

ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا لەسەری بدوێین، تووڕەبوونە کە ئایا خۆی هەر كەسێكی تووڕە و بێ حەوسەڵەیە یاخود هۆكارەكانی ژیان وای لێدەكات تووڕە ببێت؟

بەحەوشە شتن تووڕە دەبێت
محەمەد ئەحمەد، هاووڵاتییەکی تەمەن 40 ساڵە و خێزاندارە، نیشتەجێی گەڕەكی ئازادیی شاری كەركوكە، سەبارەت بەوەی لە چ كاتێكدا تووڕە دەبێت، بە کەشتی نوح-ی راگەیاند: تووڕەبوون شتێك نییە لە ناخی مرۆڤدا یەكسەر بیەوێت دەری ببڕێت، شروشتی مرۆڤ وایە كە رووداوێک دەبینێت ‌و یان گوێ لە بابەتێک دەگرێت، شتی باش‌ و چاك دڵخۆشی دەكات‌ و دەیگەشێنێتەوە، بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئەوەندە شتی خراپ و ناحەق‌ دەبینێت لەناو بازاڕ و شوێنی كارو سەر شەقامەکان، ئیدی ئەمە وای لێدەكات رق ‌و تووڕەیی لەناخیدا دروست ببێت، وتیشی: بۆیە تووڕەبوونەكانمان زیاتر لە شتێکی تردا دەردەبڕین.

خانمان تووڕە بوونەکەیان دەرنابڕن
هاوكات هاوژینەکەی کە ئامادەی گفتوگۆکەمان بوو وتی: ئەی ئێمەی خانمان بۆ تووڕە نابین، ئێمە گوناحمان نییە كە پیاوان لە دەرەوە لەبەر سەختی ژیان ماندوودەبن و دیاردەکان تووڕەیان دەكات، بێنەوە لە ماڵەوە تووڕەبوونەکەیان بە ئێمە دەرببڕن، بۆیە پێویستە پیاوانیش بارودۆخی هاوسەرەکانیان لەبەرچاوبگرن، چونكە خانمانیش ماندوون‌ و تووڕەن بەدەست هەمان ئەو دیاردانەی رۆژگارەوە، بەڵام دەیخەنەوە ناخی خۆیان و دەری نابڕن.

بەتێكچوونی ئامێرە ئەلەكترۆنییەكان توڕەدەبێت
ئەیوب محەمەد، پیاوێكی ترە لە هەمان گەڕەک، لەبارەی تووڕەبوونی خۆیەوە دەڵێت: باوەڕناكەم مرۆڤێك هەبێت تووڕە نەبێت، چونكە کە ناحەقییەكان دەبینێت یان دەستێوەردانی ئیشوكاری رۆژانەت وات لێدەكات كە تووڕە ببیت، بۆ نموونە ئەم كەرەنتینیەی ئێستا كە حكومەت هەفتانە سێ رۆژ دەتكاتە ژوورەوە گوشارت بۆ دەهێنێت و بەهەموو شتێك تووڕە دەبێت، یان ئەگەر دەستكاری مۆبایلەكەت بكەن، بۆیە من دەڵێم كەشی ئێستا زیاتر وات لێدەكات تووڕە ببیت.

رەگەزی مێینەش بەدەرنییە لە تووڕە بوون
خاتوو ئەژین عەبدوڵڵا، تەمەن 35 ساڵە سەبارەت بەتووڕە بوونی خۆی و خانمان دەڵێت: بەوە زۆر تووڕە دەبم كە هاوسەرەكەم دێتەوە ئاژەڵێكی ماڵی لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە بەبیانووی ئەوەی كە منداڵەكان حەزیان لێیەتی‌ و تا لە ئامێرە ئەلەكترۆنییەكان دووربكەونەوە، بەڵام من ئەمەم پێ خۆش نییە، چونکە دۆخی ناوماڵەكەم بۆ بەخێوکردنی ئەو گیاندارانە ناگونجێت، لەبەرامبەردا تووڕە دەبم‌ و بۆڵە بۆڵ دەكەم تا لەناویان دەبات.

لە تووڕە بوونەكان ببورن
وەستا خالید شەریف، کە پیشەی فیتەرییە باس لە تووڕەبوونەكانی خۆی دەكات‌ و دەڵێت: من ئەو كاتانە تووڕە دەبم كە سەرقاڵی چاككردنی ئۆتۆمبێلم، ئەو پێداویستییانەی بەكاریان دەهێنم ون دەبن، بەوە زۆر تووڕە دەبم، راستە دەنگ بەرزدەكەمەوە بەسەر شاگردەكانمدا، بەڵام تووڕە بوونەكەم لە دڵنەوە نییە، تەنها بەدەمە تا ئیشەكەم تەواو دەبێت، بۆیە سەیری شاگردەكانی كرد و وتی: لە تووڕە بوونەكانم ببوورن، چونكە تووڕەبوون وەهمێكە لەناو سروشتی مرۆڤدایە و هەمووتانم خۆشدەوێت.

كۆمەڵگەی باوكسالاری ئەو مافەی پێداوە
لەوبارەیەوە بڵند زەندی، توێژەری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە توڕەبوونی پیاوان بە کەشتی نوح -ی راگەیاند: كۆمەڵگەی باوكسالاری مافی تووڕەبوون بە پیاوان دەدات‌ و هەموو بڕیارێک لە دەستی خۆیاندا دەبێت، هەر كارێكیش بە خواستی ئەوان نەبێت، ئەوا بۆیان هەیە تووڕەبن! بۆ نموونە ئەگەر تەماشای خوشك‌ و برایەك بكەین، كاتێک دەخرێنە قوتابخانە، دەبینین براكە دەبێتە بەرپرس بەسەر خوشكەكەیەوە، چونكە هەر كۆمەڵگەیە کە ئەو هێز و بەرپرسیارێتییەی داوە بە کوڕەکە و زۆرجار لە نێو ماڵەكانیشدا ئەم دیاردەیە بەدی دەكرێت.

مرۆڤ ئاوێنەی ماڵە
وتیشی: %80ی خانمان گرنگی بە پاك‌و خاوێنی بەناو ماڵ‌ و پەروەردەكردنی منداڵان دەدەن، بەڵام لای پیاوان بەو شێوەیە نییە، بۆیە كاتێك پیاوەكە دەگەڕێتەوە، دەبینێت هاوژینەكەی سەرقاڵی کاری ناو ماڵە، پیاوەكە تووڕە دەبێت، چونكە كاری پیاوان نییە و پێیوایە نابێت ئەویش بیكات لە هەمان كاتدا پیاوەكە كاتێك دەبینێت ناو ماڵەكەی پاك‌ و خاوێن نییە، بەمەش تووڕە دەبێت. ئەمەش كاریگەریی خراپ لەسەر دەروونی خانمان دروست دەكات‌ و تووشی خەمۆكی‌ و نەخۆشی دەبن لەبەرئەوەی بەرگەی ئەو هەموو گوشارانە ناگرن كە لەسەریانە، ئەمانەش هەمووی بۆ كۆمەڵگەی باوكسالاری دەگەڕێتەوە.

ئازاری خۆیان دەدەن
باسی لەوەشكرد زۆركات تووڕەبوون كارەساتی لێدەكەوێتەوە، بۆ نموونە هەندێك لە خانمان شوێنی داڵدەدانیان نییە، یان كەسوكارەكەی رێگەی پێنادات جیاببێتەوە، بۆیە ئازاری خۆیان دەدەن یان خۆیان دەسووتێنن یان خۆیان دەكوژن و چەندێن حاڵەتی وامان بینیووە یان گوێ لێبووە.

 175 جار بینراوە