سەرەکی » هەواڵ » قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت پێكەوە لەژێر یەك چەتردا بەرگریی لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین

دەرباز محەمەد: بنەمای سەرەكیی هاوپەیمانیی كوردستان ئارامی و گەڕانەوەی ئومێدە

قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت پێكەوە لەژێر یەك چەتردا بەرگریی لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین

دوێنێ، دووەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوپەیمانیی كوردستان، لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، بەڕێوەچوو.

«كۆبوونەوەكە بۆ كاراكردنی میكانیزمەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو، تێیدا رێكخستن و راگەیاندن و هەڵبژاردن و كارگێڕی و دارایی و پەیوەندییەكان، میكانیزمەكانی كاراكردنی لیژنەكان، رێكخرا و بەرەو هەڵمەتێكی كاریگەر و چڕ هەنگاو دەنێین».

دوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان و دەرباز محەمەد رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

سەرەتا دەرباز محەمەد رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە بنەمای سەرەكیی هاوپەیمانیی كوردستان ئارامی و گەڕانەوەی ئومێدە بۆ پرۆسەی سیاسی كە لەماوەی رابردوودا بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان و ئەو پەیوەندییەی كە لەگەڵ بەغدا هەبووە، لە یەكەم رۆژەوە وتوومانە كە كورد دەبێت بەیەكەوە بێت بۆ ئەوەی بەهێز بێت، وتیشی: هاوپەیمانیی كوردستان نەواتێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانین وتارێكی یەكگرتووی كوردستانی ئامادەبكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد كە هاوپەیمانیی كوردستان ئەم كۆبوونەوە ئاساییانە زوو زوو دەكات بۆ راییكردنی ئیشوكار و ئامادەكارییەكانی هاوپەیمانییەكەمان.

پاشان، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی میكانیزمی چۆنێتی كاركردنی هاوپەیمانیی كوردستانمان كرد، ئەركەكانمان دابەشكرد بەسەر لیژنە هاوبەشەكاندا، وتیشی: بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە، بۆیە ئێمە لەم قۆناغەدا هەموو هێز و رێكخستنەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ، جەماوەرەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ لەپێناوی سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان، تاكو باشترین خزمەت بگەیەنین بە دانیشتووانی كوردستان و عیراق.

ئەوەشی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیریی بگەڕێنینەوە، تاكو پێكەوە بەبەهێزی لە بەغدا بەرگریی لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین، بتوانین بە هێزێكی یەكگرتوویی، لەژێر یەك چەتر، بەرگریی لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین.

لە درێژەی قسەكانیدا، قوباد تاڵەبانی، وتی: سوپاسی خۆم گەیاندە هەموو لایەك بۆ ئەو ئەركەی بە منیان سپاردووە و وتیشی: ئیشەڵڵا پێكەوە بەهێزترین و جوانترین و پێكەوە دەتوانین باشتر بەرگریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.

 

 195 جار بینراوە