سەرەکی » ئەدەب و هونەر » فۆتۆگرافه‌رێكی كورد ده‌بێته‌ هه‌وێنی كاری كوردانه‌

محه‌مه‌د مه‌حسوم خاوه‌ن زومێكی هه‌ستیار

فۆتۆگرافه‌رێكی كورد ده‌بێته‌ هه‌وێنی كاری كوردانه‌

خه‌لیل عه‌لی

محه‌مه‌د مه‌حسوم سوور، یه‌كێكه‌ له‌ فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌ناوبانگ و‌ ناسراوه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و جیهان. نه‌خشی جوانی خۆی كاتێك ده‌ستپێكرد، كه‌ له‌ ساڵی (1974) وه‌ك رۆژنامه‌نووس بووه‌ پێشه‌نگ و هه‌واڵی ئاماده‌ ده‌كرد و لەگه‌ڵیشیدا كاری فۆتۆگرافی بۆ رۆژنامە‌كان ده‌كرد. ئه‌مه‌ش تا ساڵی (1993) وه‌ك په‌یامنێر و ئاماده‌كار و رۆژنامه‌نووس به‌رده‌وام بوو. ئیدی له‌ ساڵی (1994)ـه‌وه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نووسی وه‌ستا و له‌و كاته‌وه‌ بایه‌خی به‌ زمان و كاری كه‌لتوری و رۆشنبیریدا، تا ساڵی (2000). به‌ڵام «محه‌مه‌د مه‌حسوم»، له‌ ساڵی (2000)ـه‌وه‌ هونه‌ركاری خۆی دوور له‌ كاری رۆژنامه‌ڤانی، خووی دایه‌ پیشه‌ی فۆتۆگرافی و هه‌موو هێز و توانا و ئه‌زموونی رابردووی خۆی له‌و بواره‌دا چڕ كرده‌وه‌، ده‌ستپێك له‌ وێنه‌گرتنی شوێنه‌ پاشماوه‌ دێره‌كان چڕ بۆوه‌ و دواتر بایه‌خی ته‌واویدا به‌ بابه‌ته‌ كه‌لتوری و فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌كان و به‌تایبه‌تیش بابه‌ته‌ فۆلكلۆرییه‌كانی كورد و چه‌ركه‌س و لاس و زازا و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی تر، كه‌ دیمه‌نی ژیان و جلوبه‌رگ و كه‌لتوریان سه‌رنجی محه‌مه‌دیان راكێشاوه‌ و ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی زومی كامێراكه‌یه‌وه‌ چركاندوونی.

«محه‌مه‌د مه‌حسوم»، بایه‌خێكی زۆری داوه‌ به‌ ته‌لاره‌ كۆن و دێرینه‌كانی [ئامه‌د و ماردین و وان و حه‌سه‌نكێف] سه‌رجه‌میانی دیكۆمێنت كردووه‌ و هه‌ندێكیان له‌ڕێگه‌ی پۆستكارت و رێبه‌ری گه‌شتیارییه‌وه‌، وه‌ك بابه‌تێكی گه‌شتوگوزار و دێروكی چاپكراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ی تریشی هه‌بووه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دارانی كورد، كه‌ سه‌رجه‌میانی له‌ رێگه‌ی «فۆتۆپۆرترێت»ـه‌وه‌ كاری له‌سه‌ركردوون و وێنه‌كانی دیكۆمێنت كردوون و له‌ پێشانگه‌ كه‌سیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌شداری پێكردووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێكی خاوه‌ن ‌ئه‌زموون و كارامه‌ به‌شداری زۆربه‌ی فێستیڤاڵ و گردبوونه‌وه‌ و كۆبونه‌وه‌ میللییه‌كانی كردووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ لێهه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و جووڵه‌ و نمایشه‌ فۆلكلۆریانه‌ی له‌م نمایشگایانه‌دا پیشاندراون.

شایانی باسه‌، فۆتۆكانی «محه‌مه‌د»، وه‌ك ناسنامه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و هه‌وێنی هه‌موو ئه‌و دیمه‌نانه‌ن، كه‌ نه‌بینراون، یان هاووڵاتی پێان ئاشنا نه‌بووه‌، بۆیه‌ فۆتۆكانی سه‌رنجی بینه‌ر بۆلای خۆی راده‌كێشێت و بینه‌ریش، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌ری و به‌رجه‌سته مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات. گومانی تێدانییه‌، هه‌میشه‌ فۆتۆ ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی لێی چركێنراوه‌، چونكه‌ وێنه‌ بۆخۆی چیرۆكه‌، ئه‌م چیرۆكه‌ش گوزارشت له‌و دیمه‌نه‌ بینراوه‌ وه‌ستاوه‌ ده‌كات، كه‌ دیمه‌نه‌كه‌ی تێدا وه‌ستێنراوه‌. كه‌واته‌ ئه‌م لێزانییه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی «محه‌مه‌د» لێزانانه‌ ره‌فتار بكات و له ‌هه‌مان كاتیشدا جووڵه‌كانی كردوونه‌ته‌ ئیستێكی ئیستاتیكی پڕ به‌ها، كه‌ له ‌جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ها ده‌به‌خشێته‌ دیمه‌نه‌ بینراوه‌كان و مێژوویان تۆمار ده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی وێنه‌كانی له ‌نێو كتێب و رێنیشانده‌ره‌ گه‌شتوگوزارییه‌كاندا جێ بگرێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا، وه‌ك رێبه‌ری گه‌شتوگوزاری سوودی لێوه‌ربگیرێت‌، چونكه‌ فۆتۆگرافه‌ر لێزانانه‌ دیمه‌نه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌ چێوه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌ریدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته‌ و شمه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌كات.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ند وایكردووه‌ رۆژنامه‌ و پێگه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان به‌ بایه‌خه‌‌وه‌ له‌ فۆتۆكانی بڕوانن و بیكه‌ن به‌ مانشێتی‌ هه‌واڵ و رووگه‌ی رۆژنامه‌كانیان و گۆڤاره به‌ناوبانگه‌‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی رۆژنامه‌كان سێره‌ له‌ فۆتۆكانی «مه‌حسوم» ده‌گرن و ده‌یانه‌وێت كاریان بۆ بكات.‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ناوبانگی له‌م سنووره‌ جوگرافییه‌ به‌رته‌نگه‌ ده‌ربچێت و ببێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی نێو جیهانی فۆتۆگرافی و له‌ ناو ناوه‌ند و كۆمه‌ڵه‌ جیهانییه‌كانیشدا پێگه‌ و جێگه‌ی خۆی هه‌بێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی پیشان بدات، ئه‌مه‌ش رێك له ‌رێگه‌ی ئه‌و كارانه‌ی به‌رهه‌می هێنان و پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی كردوون، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد.

محه‌مه‌د مه‌حسوم سوور له ‌چه‌ند دێڕێكدا:

له‌ (15) ئۆكتۆبه‌ری ساڵی (1957) له‌ ماردینی باكووری كوردستان له‌ دایك بووه‌ و ئێسته‌ له‌ ئامه‌د نیشته‌جێیه‌.

ساڵی (1980) په‌یمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی به‌شی زمانی توركی ته‌واو ده‌كات.

ساڵی (1993) له‌ زانكۆی Universita Anatolia به‌شی ئه‌ده‌بیاتی توركی ته‌واو ده‌كات. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا كۆرسی نیگاركێشانیش وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام فه‌رمی نه‌بووه‌.

خاوه‌نی (12) پێشانگه‌ی مه‌زنه‌ له‌ توركیا، هه‌رێمی كوردستان، به‌لچیكا، ئه‌مریكا، هیند.

گۆڤاری به‌ناوبانگی جیهانی International photography magazine (19) فۆتۆی «محه‌مه‌د سور»ی وه‌ك پێشه‌نگی فۆتۆكان هه‌ڵبژاردووه‌ و له‌ ساڵی (2014)ش (4) وێنه‌ی، وه‌ك باشترین فۆتۆی مانگ هه‌ڵبژێردراون‌ له ‌نێو(100) باشترین فۆتۆگرافه‌ره‌كانی جیهان‌ له‌ گۆڤاری Light and Composition. هه‌روه‌ها (3) خه‌ڵاتی له‌لایه‌ن هه‌مان گۆڤاره‌وه‌ پێ به‌خشراوه‌.

له‌ فێستیڤاڵی كه‌لتوره‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ میداڵی رێزلێنانی پێبه‌خشراوه‌.

له‌ توركیا چوار وێنه‌ی له‌سه‌ر پول چاپكراوه‌.

له‌ نێوان ساڵانی (2005، تا 2007)، وه‌ك ئاماده‌كاری لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی Gneydou Ekspres له‌ ئامه‌د كاری كردووه‌.

چه‌ندین بابه‌تی هونه‌ری و كه‌لتوری و مێژوویی له‌ رۆژنامه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌.

كاركردنی له‌ ئاژانس و رۆژنامه‌كان:

موته‌رجیم (1976-1980)

رۆژنامه‌ی گونه‌یدم (1982)

رۆژنامه‌ی میللیه‌ت (1988-1993)

رۆژنامه‌ی ئێكسپرێس ئه‌ده‌نه‌ (1986)

ره‌ش و سپی

ئاژانسی هه‌واڵی ده‌ریای سپی

ئاژانسی هه‌واڵی توركی

ئاژانسی هه‌واڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

ئاژانسی نیشتمانی بۆ راگه‌یاندن

 171 جار بینراوە