سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » تایوان، خاڵێكی دیكەی ناكۆكیی نێوان چین ‌و ئەمریكا

تایوان، خاڵێكی دیكەی ناكۆكیی نێوان چین ‌و ئەمریكا

یەكێك لەو خاڵە دیارانەی پەكین ‌و واشنتۆن لەسەری ناكۆكن، دۆسێی تایوانە، كە پەكین بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانێت ‌و تایوانیش دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، لەو نێوەشدا، ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی لێ دەكات.

بایدن: ئەمریكا بەرگریی لە تایوان دەكات
لەو چوارچێوەیەدا، جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەرگریی لە تایوان دەربڕی، لە ئەگەری هێرش كردنە سەری لەلایەن چینەوە. حكومەتی پەكین-یش داوا لە واشنتۆن دەكات، كە ئاماژەی هەڵە بۆ لایەنگرانی سەربەخۆیی تایوان نەنێرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، جۆ بایدن رایگەیاند: ئەگەر چین هێرش بكاتە سەر تایوان، ئەوا ئەمریكا بە هێزی سەربازیی بەرگریی لەو وڵاتە دەكات، چونكە لەوبارەیەوە پابەندن. وتیشی: دەڵێن بایدن ئارەزوو دەكات كە جەنگی سارد لەگەڵ چین بەرپا بكات، بەڵام نەخێر، ئەوەی ناوێت، ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە كە بەرپرسانی چین لەوە تێبگەن، كە لە هیچ دید ‌و بۆچوونێكمان پاشگەز نابینەوە.

لای خۆشیەوە، كۆشكی سپی تەئكیدیكردەوە: سیاسەتی ئەمریكا لە بەرامبەر تایوان نەگۆڕاوە، بەڵام نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی كێبڕكێكاری ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەر جۆرە جموجۆڵێك كە هەڵەی گەورەی تێدا بكرێت.

وەڵامی چین
لە بەرامبەر لێدوانەكانی جۆ بایدن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: دەربارەی ئەو دۆسێیانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندییە جەوهەرییەكانی وڵاتەكەی، چین ئاسمانی خۆی بۆ هیچ سازشێك ئاوەڵا ناكات.

هەروەها چانگ جون باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: وڵاتەكەی لە پێگەی هێرشكردندا نییە، بەڵكو لە هەڵوێستێكی بەرگریدایە ‌و وتیشی: ئێمە لەپێناوی پاراستنی سەروەری ‌و سەلامەتیی خاكەكەمان، تێدەكۆشین.

روونیشیكردەوە: ئێمە هۆكاری كێشەكان نین، بە پێچەوانەوە، هەندێك وڵات بە تایبەتیش ویلایەتە یەكگرتووەكان رێوشوێنی مەترسیدار دەگرێتەبەر، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێكی مەترسیدار لە تایوان.

ئەو دیپلۆماتكارە چینییە وتی: پێویستە داوا لە ئەمریكا بكرێت، كە سنوورێك بۆ ئەو جۆرە رێوشوێنانە دابنێت، چونكە تێكچوونی دۆخی تایوان لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 458 جار بینراوە