سەرەکی » وتار » کێشەی بەشوودانی کچانی منداڵ لە عیراقی نوێدا

کێشەی بەشوودانی کچانی منداڵ لە عیراقی نوێدا

بڵێسە جەبار فەرمان

لەگەڵ هاتنی 25/11 رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستپێکی چالاکی لەوبارەیەوە لە 21/11 لە شاری بەغدای پایتەخت و لە دادگای کازمیە داوایەک پێشکەش بە دادوەر دەکرێت کە لە هەموو روویەکەوە دژی مرۆڤایەتییە.

پیاوێک کە خۆی بە مێردی کیژۆڵەیەکی 12 ساڵ ناو دەبات داوا دەکات گرێبەستی مارەکردنیان لە لایەن دادگاوە دانی پێدابنرێت.

ئەم هەواڵە هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە لە عیراقی ئەمڕۆدا،

رۆژانە کچی منداڵ بەشوو دەدرێن
رۆژانە لە ناوەڕاست و باشووری عیراق منداڵانی تەمەن 11 ساڵ بەرەو سەرەوە بە زۆر بە شوو دەدرێن، لە هەرێمی کوردستانیش رێژەی ئەو منداڵانەی لە سەروو 15 ساڵانەوە بە شوو دەدرێن روو لە زیادبوونە.

راستە تائێستا لە هەرێم گوێمان لە بەشوودانی کیژۆڵەی 11 ساڵان نەبووە، بەڵام دڵنیام لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو جۆرە هەواڵانە بە هەمانشێوەی ناوەڕاست و باشوور لای ئێمەش ئاسایی دەبن.

ئەوەی لە عیراق روو دەدات لەناوبردنی منداڵیی و کوشتنی روحێکە بە هێشتنەوەی لاشەیەکی زیندوو.

دایکی ئەو منداڵە 12 ساڵانەیە دەڵێت، کچەکەم دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و لەلایەن باوکییەوە بە زۆر لە تاوانبارەکە مارەکراوە.

ئەسرا ناوی ئەو کچە 12 ساڵانەیە هێشتا لەناو دونیای خەیاڵی بووکەڵەو ماڵەباجێنەدایە بەزۆر و بەناوی شەرعەوە دەخرێتە دۆزەخێکەوە کە دەربازبوونی نییە.

چالاکوانانی بواری ژنان ئەم داوایەی ئەو پیاوەی خۆی بە مێردی ئیسرا دادەنێت بە دەستدرێژی بۆ سەر جیهانی منداڵی ناودەبەن.

هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی یاسای باری کەسێتی لە عیراق
ساڵی 1959 عیراق بوو بە خاوەنی هاوچەرخترین یاسای باری کەسێتی لە ناوچەکە.

عیراقی ئێستا لە رووی یەکسانی و مافەکانی ژنان و منداڵان رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.

هەوڵێکی زۆر هەیە لە رێگای پەرلەمانەوە یاسای باری کەسێتی لە عیراق دا بگۆڕدرێت، هەروەک چۆن بینیمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ بڕگەی 57 ی یاسای باری کەسێتی لە 7/1/2021 کرا کە تێیدا مافی پەروەردەکردنی منداڵ لەدوای جیابوونەوە لە ژن دەسەنرێتەوە.

ئەو یاسایەی خوێندنەوەی بۆکرا نەک تەنها دژی دایکەکانە بەڵکو بە پلەی یەکەم دژی مناڵانە.

پرسیار لە بەرژەوەندی منداڵەکە ناکرێت
لەو هەموارکردنەوەیەدا هاتووە منداڵ تا تەمەنی حەوت ساڵی دەتوانێت لای دایکی بمێنێتەوە ئەوەش لە کاتێکدایە دایکەکە شوو نەکاتەوە و ئەگەر هاتوو شووی کردەوە ئەوا تەنها تا تەمەنی دوو ساڵی لای دایکی دەبێت و دواتر دەدرێت بە باوکی.

بە پێی ئەم یاسایە پرسیار لە بەرژەوەندی منداڵەکە ناکرێت.

ناپرسرێت ئایا ژیانی ئەو منداڵە لای دایکی یان باوکی باشترە؟ کێ دەتوانێت باشتر پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات؟ کێ باشتر پەروەردەی دەکات؟ منداڵەکە خۆی چی دەوێت؟ ئەگەر هاتوو باوکەکە لە ژیاندا نەبوو یا لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا باپیری لەلایەن باوکیەوە دەبێتە بەرپرسیاری و بەخێوکەری.

لە ساڵی 2013 دا لە لایەن حەسەن شەمەری وەزیری دادەوە پێشنیازی پڕۆژە یاسایەک کرا کە تێیدا هاتبوو دادگاکان لەسەر بنەمای مەزهەب جیا بکرێنەوە.

بابەتی وەکو شووکردن و جیابوونەوە و حەزانەی منداڵ و زۆرێکی تر لەو بابەتانە لە یاسای باری کەسێتیدا هاتوون جیابکرێنەوە لەسەر بنەمای تایفی و مەزهەب.

بەو شێوەیەش هەر دادگایەو بەشێوەیەک بڕیار لەسەر بابەتەکان دەدات.

هاووڵاتیان سەر بە هەر مەزهەبێک بن روو لەو دادگایە دەکەن بەمەش درزێکی گەورە لەنێو کۆمەڵگای عیراقیدا دروست دەبێت.

پڕۆژەی جیاکردنەوەی دادگاکان لەسەر بنەمای مەزهەب سەرکەوتوو نەبوو

بە هەمانشێوە تەمەنی شووکردن لەلایەن دادگای تایبەتی مەزهەبەکانەوە دیاری بکرێت، هەندێک مەزەهەب لەو بڕوایەدایە کچان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەتوانن بە شوو بدرێن.

خۆشبەختانە ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکرا و زۆرینە دژی بوون.

دژەکانی ئەم یاسایە لە پەرلەمان دژ بەبۆچوونی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی نەبوون بەڵکو لەو بڕوایەدا بوون دروستبوونی چەندەها دادگا لەسەر بنەمای مەزهەب دەبێتە هۆی دابەشکردنی عیراق.

هەوڵدانی هەموارکردنەوەی یاسا مەدەنییە هاوچەرخەکان و گۆڕینی دەستووری عیراق، وڵات بەرەو دواوە دەباتەوە.

حزبە سیاسییەکان لە رێگای دابەشکردنی کۆمەڵگاوە بەسەر مەزهەبەکاندا و نانەوەی ناکۆکی و دروستکردنی جیاکاری هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان بەهێزبکەن و دەست بگرن بەسەر وڵاتدا، بۆ ئەو مەبەستەش لایان ئاساییە گەر ژنان و منداڵان ببن بە قوربانی یاساکانیان.

ئەم رەوتە سیاسییەی عیراق نە هاوشێوەی ئێرانی شیعی و نە سعودیەی سونییە.

رەوتێکی نوێ دەبێت بەناوی شەرع و ئیسلامەوە دوور لە هەموو یاساکانی مەدەنیەت.

هەوڵەکان لە عیراقی نوێ دا بەو ئامانجەن توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان بە یاسایی بکرێت.

 64 جار بینراوە