سەرەکی » دۆسێ » توندوتیژی توركیا بەرانبەر بە كورد چی لێدەكەوێتەوە؟

شارەزایەك پێشبینی رووداوەكان دەكات

توندوتیژی توركیا بەرانبەر بە كورد چی لێدەكەوێتەوە؟

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»ی بریتانی بەپێویستی دەزانێت، توركیا هەماهەنگی كورد بكات لەبری دژایەتی، هەڵوێستی ئێستای ئەو وڵاتەش بە هۆكارێك بۆ فراوانبوونی زیاتری هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكەدا دادەنێت.
دێڤید گارنەر نوسەر و رۆژنامەنوس لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»، نوسیویەتی و دەڵێت:»توركیا دەتوانێت لەمڕۆدا زیاتر بەهێز ببێت لەناوچەكە، گەر هەماهەنگی كورد بكات لەبری دژایەتی و بەگژداچوونەوە»، پێشبینشی كردبوو ئۆپەراسیۆنەكەی ئەو وڵاتە لە عەفرین خێرایی و فراوانبوونی زیاتر بەخۆوەببینێت.
گارنەر دەڵێت:»ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون ناودەبرێت،لە توركیادا پشتیوانییەكی گەورە دەستبەر دەكات. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەسەر ژێی نەتەوایەتی گەمەی كردووە، ئەوەش راستی ئەو پێشبینیانە دەسەلمێنێت كە باس لەوە دەكەن ئەردۆغان بانگهێشتی هاوڵاتیان بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، تا لێوەی حوكمڕانی خۆی كە لەسەر بنەما و سیستمی تاكڕەوییە، پتەوتر بكات».
ئەو پێیوایە، ئەردۆغان بواری كلتوری و سیاسی بۆ كوردەكان كردبێتەوە لە توركیادا تا كاریگەریی لەسەر كوردانی باكووری سوریا و عیراق دروست بكات و لەو بارەیەوە دەڵێت:»ئەو هەنگاوە مەترسیدارە بەڵام بوێرانە: ئەردۆغان هەوڵی دەدا كوردەكان لەژێر سایەی كوردە سوننە خۆشگوزەرانەكاندا یەكبخات، ئەوەش لەپێناو خاوكردنەوەی هەڵكشانی خەونەكانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی گەورە لە نیشتمانی خۆیان».
گارنەر دەڵێت:»ئەردۆغان پارێزگاریی لە كوردە سوننەكان دەكرد لە بەغدای عیراقەوە تا بەیروتی لوبنان لەژێر سایەی یەك دەوڵەتدا، ئەوەش بۆ رووبەڕبوونەوەی هەڵكشانی هەژموونی شیعەگەرایی ئێرانی لەناوچەكە. بەڵام ئەو چەتر و سێبەرەی ئێران لە ناوچەكەدا دروستی كرد بەهێزتر و كاریگەر ترە».
سەبارەت بە هەوڵەكانی توركیاش بۆ راگرتنی ریفراندۆمی مانگی ئەیلولی رابردوو كە لێوەی كوردەكان دەیانویست لە عیراق جیاببنەوە، ئەو نوسەرە دەڵێت:»ئەو هێزانەی هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتی تاران هەبوو، توانیان دەستبگرنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی لە كەركوكدا نەوتێكی زۆرییان تێدایە».
دێڤید گارنەر بۆچوونی وایە، هێزەكانی سەر بە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیایان لەدژی پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد (پەیەدە) لە باكووری سوریا قۆستبێتەوە بۆ سەرلەنوێ‌ دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی پێشتر لە باكووری سوریا لەدەستیان دابوو، بۆیە نوسیویەتی و دەڵێت:»دەرپەڕاندنی رێكخراوی داعش لە رەقە لەسەر دەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (یەپەگە)، وەك فابریك باڵانچێ‌ ئەكادیمستی فەرەنسایی دەلًَێت، دەستگرتنەوەی دیمەشق و بەغدایە بەسەر ئەو شوێنانەی پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، واتای چوونەناوەوەی ئێرانیش بۆ ئەو ناوچانە دەگەیەنێت».

توركیا درەنگ كەوت؟
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»ی بریتانی، لێدوانەكانی ئەم دواییەی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا (پەیەدە) دێنێتەوەیاد كە رایگەیاندبوو»گەر توركیا بەردەوامبوایە لە هەماهەنگی لەگەڵ كورد، دەیتوانی ببێتە بەهێزترین دەوڵەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست».
گارنەر لە كۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت:»ئایا توركیا زۆر درەنگ كەوت لە بیركردنەوە لەو بابەتە؟ بەڵی دەكرێت بڵێن زۆریش درەنگ كەوت…لە واقیعدا هەماهەنگی حزبەكەی ئەردۆغان (پارتی داد و گەشەپێدان) لەگەڵ رەوتی نەتەوەیی توركیا، وایكردووە رۆژ لە دوای رۆژ دووربكەوێتەوە لە راستی و نەشیاوتر ببێت».
«وێڕای ئەوەی ئەردۆغان ماوەیەك لە ماوەكان، وەك نیشانەیەكی بەناوبانگ و دەركەوتوو خۆی دەنواند، بەو هۆیەی ئیسلام و دیموكراتی لە یەك سیستمدا كۆدەكردەوە، بەڵام كوردەكانیش خۆیان وەك بەشێك لە جیهانی خەیاڵ و خەیاڵی نێودەوڵەتیدا بینییەوە. سەركەوتوو بوون لەوەی سەرسامی و رێزی دەوروبەر و جیهانیان دەستەبەركرد لەڕێی دلێریی و نەبەردی لە گۆڕەپانی شەڕو رووبەڕبوونەوەكان، بە تایبەت ژنە شەڕڤانە كوردەكان لە رووبەڕبوونەوەی داعش و راگرتنی تەوژمی توندڕەوەكان. كوردەكان و توركەكان دەیانتوانی پێكەوە هاوپەیمانییەكی بەهێز لەناوچەكەدا دروست بكەن، ئێستاش ئەو هەلەیان لەبەردەستدایە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا: سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

دوای ئەوەی ئێران رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی تێپەڕاند و پیتاندنی یۆرانیۆمی ...