سەرەکی » راپۆرت » پیاوانی هەرێم لە دادگای کەرکوک ژنی دووەم مارە دەبڕن

پیاوانی هەرێم لە دادگای کەرکوک ژنی دووەم مارە دەبڕن

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ئەحمەد مستەفا هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستانە هاوسەر و سێ منداڵی هەیە، بەبێ ئاگاداری هاوسەرەکەی ساڵێکە ژنی دووەمی هێناوە و لە یەکێک لە دادگاکانی ناوچە جێناکۆکەکان بە فەرمی گرێبەستی بۆ کردووە و کردویەتی بە ژنی دووەمی.

ئەحمەد دەڵێت، ژنی یەکەمم رازی نەدەبوو بە ئاشکرا ژنی دووەم بهێنم و لەبەر ئەو رێکارانەی لە دادگاکانی هەرێم بەرامبەرم دەگیرێتەبەر لە دادگای کەرکوک ژنی دووەمم مارەکرد.

فرەژنی لە کوردستان مەرجدارکراوە

بەپێی یاسای باری كەسی ژمارە-15ی ساڵی 2008 هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان مەرجدار کراوە، ژنی یەکەم لەبەردەم دادگا مۆڵەت بدات مێردەکەی ژنی دووەم بهێنێت، یان ژنی یەکەم نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبێت بەپێی راپۆرتی پزیشکی، پیاوەکە بیسەلمێنێت توانای دارایی و بەڕێوەبردنی زیاتر لە ژنێکی هەیە لەبەردەم دادگا هەروەها پیاوەکە بەڵێننامەیەک بە نووسین بداتە دادگا کە دادپەروەر و یەکسان دەبێت لەنێوان هەردوکیاندا.

سزای سەرپێچیکردنی ئەو یاسایە بەندکردنە بۆماوەیەك لە شەش مانگ كەمتر و لەساڵێكیش زیاتر نەبێت هەروەها پێبژاردن بەبڕی 10 ملیۆن دینار، لە هەمانکاتدا هاوسەری یەکەم دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکات و سەرجەم مافەکانیشی لەلایەن پیاوەکەیەوە پێ دەدرێت.

زۆربەی پیاوەكان كوردن
بەپێچەوانەی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم دادگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و ناوچە جێناکۆکەکانیش بەپێی یاسا هێنانی ژنی دووەم رێگەپێدراوە هەر بۆیە پیاوان کاتێک دەیانەوێت بێ رەزامەندی ژنی یەکەم ژنی دووەم بهێنن روو لەو دادگایانە دەکەن بۆ مارەکردن.

كەنعان چیمەن پارێزەر بۆ كوردستانی نوێی وتی، لە ماوەی ئەمساڵدا لە دادگاكانی كەركوك نزیكەی 950 گرێبەستی ژنهێنانی دووەم بەبێ ئاگاداری ژنی یەكەم تۆمارکراوە و سەرجەم کەسەکان خەڵکی دەرەوەی کەرکوکن.

وتیشی: ئەم كەیسانە زۆربەی پیاوەكان كوردن و ئەو ژنانەی دووەمیش کە مارەی دەکەن کچی مناڵكاری عەرەبن و زۆربەیان لەبەر خراپی باری دارایی شوو بەو پیاوە كوردانە دەكەن.

نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دادگاكانی عیراق و دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بوونی دوو حكومەتی جیاواز كە هەر لایەكیان دان بە بڕیار و چاكسازییەكانی ئەوی تردا نانێت ئەو گرفت و دووفاقیەی دروستکردووە.

ژیان حەمید لێپرسراوی رێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان/ لقی كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی، بەهۆی نەبوونی بەربەست لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پیاوێكی زۆر لە كوردستانەوە دێنە دادگاكانی كەركوك بۆ هێنانی ژنی دووەم.

وتیشی، زۆربەی حاڵەتەکان پێشتر پیاوەکە ژنی دووەمی لەلای مەلا مارەکردووەو بۆ بە فەرمیکردنی گرێبەستەکە دێتە دادگاکانی کەرکوک بەبێ ئەوەی ژنی یەکەم ئاگاداربێت.

باسی لەوەشکرد، بەپێی بەدواداچوونەکانیان دەرکەوتووە لە زۆربەی کەیسەکان دوای ئەوەی ژنی یەکەم دەزانێت ژنی دووەمی بەسەردا هاتووە بە دزییەوە داوای جیابوونەوە دەکات و بەوەش خێزانێک هەڵدەوەشێتەوە.
ژنی یەکەم مافی خۆی وەرناگرێت

هاوکات ئاوێزان نوری بەڕێوەبەری سەنتەری پەنا بۆ داڵدەدانی ئافرەتی بێ سەرپەرشت بە كوردستانی نوێی راگەیاند، بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو هێنانی ژنی دووەم و فرەژنی لە دادگاكانی عیراق تۆماردەكرێت بەبێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە ژنی یەكەم بە تەواوی مافەكانی خۆی وەربگرێت.

وتیشی، حكومەتی عیراق تا ئێستا نەیتوانیوە كاربكات و هەماهەنگ بێت لەگەڵ رێكخراوەكانی ژنان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی منداڵ و خێزان هەر بۆیە رێكخراوەكەیان سەرقاڵی توێژینەوەیەكە لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە بڕگە و مادەكانی دەستوور هەموار بكرێتەوە و تیایدا یاسای باری کەسێتیش دەستکاری بکرێت.

یاسای فرەژنی رێگە پێدراوە
هەرچەندە لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەر دەستووری عیراقدا هات و چاكسازی لە بەشێك مادە و بڕگە یاساییەكانی دەستووردا کرا لە ساڵی 2005، هەروەها بەشێک لە یاساکانیش هەموارکرانەوە بەمەبەستی گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆدا، بەڵام بەبیانووی ئەوەی عیراق پێشتر لە شەڕدا بووە و بەهۆی شەڕەکانی عیراق ـ ئێران، عیراق ـ كوەیت ژمارەیەكی زۆر لە پیاوان شەهیدبوون و رێژەی بێوەژن زیادیکرد، ئەوەش وایکرد پەرلەمانی عیراق نەتوانێت گۆڕانكاری لە مادە و بڕگەكانی باری كەسێتی و خێزان و منداڵدا بكەن و یاسای فرەژنی وەک خۆی ماوەتەوە و رێگە پێدراوە.

کچانی گەنج دەخوازن
بەڵام دەرکەوت ئەو رێگەپێدانە چارەسەری کەمبوونەوەی رێژەی بێوەژن ناکات لە عیراق لەبەرئەوەی ئەو پیاوانەی ژنی دووەم دەهێنن کەسانی بێوەژن ناهێنن، بەڵکو کچانی گەنج دەخوازن و ئەوەش گرفتەکانی خێزانی زیاتر کردووە هەر بۆیە رێکخراوەکانی ژنان لە هەوڵی ئەوەدان یاسای باری کەسێتی لە عیراقیش هەموار بکرێتەوە و هێنانی ژنی دووەم مەرجدار بکرێت.

 182 جار بینراوە