سەرەکی » ئاراستە » قه‌یرانی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی له‌ لوبنان تۆ بڵێی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكاته‌ تاكه‌ وڵاتی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی؟

قه‌یرانی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی له‌ لوبنان تۆ بڵێی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكاته‌ تاكه‌ وڵاتی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی؟

المرصد العربی‌ للصحافه‌

هه‌ردوو رۆژنامه‌ی‌ نه‌هار‌و سه‌فیر، به‌ دوو رۆژنامه‌ی‌ خاوه‌ن پێگه‌ی‌ تایبه‌ت داده‌نرێن له‌ مێژووی‌ هاوچه‌رخی‌ لوبناندا، رۆژنامه‌ی‌ نه‌هار یان (النهار) ساڵی‌ 1933‌و به‌ر له‌ سه‌ربه‌خۆیی لوبنان دامه‌زراوه‌، رۆڵی‌ بنه‌ڕه‌تیشی‌ هه‌بوو له‌ شه‌ڕی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌و شه‌ڕی‌ دواتریشدا، رۆژنامه‌ی‌ سه‌فیر-یش واته‌ (السفیر) له‌ ساڵی‌ 1974دا دامه‌زراو تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ له‌ مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2016دا داخرا، ده‌نگی‌ ئه‌وانه‌ بوو كه‌ ده‌نگیان نه‌بوو، هه‌ردوو رۆژنامه‌كه‌ش نموونه‌‌و شایه‌تحاڵێكی‌ دیاری‌ ژیانی‌ سیاسین له‌ لوبنان.
رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ لوبنان، به‌ تایبه‌تیش رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی، ئێستا له‌ قه‌یرانێكدا ده‌ژی‌ كه‌ هه‌رگیز به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، له‌م دواییانه‌ش قه‌یرانه‌كه‌ هێنده‌ی‌ تر قوڵ بۆوه‌، ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك هۆكاری‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌، وه‌ك هۆكاری‌ ئابووری‌‌و سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و مه‌سه‌له‌ی‌ موڵكایه‌تی‌ دامه‌زراوه‌كان. كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ پشتیوانه‌ی‌ دارایی‌و پاره‌ی‌ ریكلام، كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، ئه‌ویش میراتی‌ رۆژنامه‌كان بوو، به‌ جۆرێك هه‌ندێك رۆژنامه‌ی‌ دێرین هه‌بوون كه‌وتنه‌ ده‌ستی‌ كه‌سانی‌ وا كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ نییه‌، دوا كاره‌ساتیش ده‌ركردنی‌یاسایه‌كی‌ فشه‌ڵ بوو، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ مافی‌ خاوه‌نه‌كان ده‌پارێزێت، مافی‌ رۆژنامه‌نووسان ناپارێزێت.

قه‌یرانی‌ دارایی
گرنگترین هۆكار بۆ قه‌یرانی‌ رۆژنامه‌ی‌ چاپكراو له‌ لوبنان، ئه‌و هۆكاره‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ دابین كردنی‌ پشتیوانه‌ی‌ دارایی بیانی‌‌و سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ریكلام، چونكه‌ داهاتی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زیی له‌ لوبنان، به‌ر له‌ قه‌یرانه‌كه‌، له‌ فرۆشی‌ رۆژنامه‌‌و به‌شداریی مانگانه‌ یان ساڵانه‌كه‌یدا نه‌بووه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌و پشتیوانییه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سیاسه‌تمه‌داران‌و حزبه‌كان پێشكه‌شیان ده‌كرد، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر پێشكه‌ش كردنی‌ هه‌ندێك خزمه‌تگوزاری‌ راگه‌یاندن به‌و حزب‌و سیاسییانه‌.
راشكاوانه‌تر بڵێین ئه‌م پاشه‌كشێیه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌ز له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد كه‌ سعودیه‌ یارمه‌تییه‌ داراییه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ دامه‌زراوه‌كانی‌ راگه‌یاندن له‌ لوبنان نیمچه‌ راگرتنی‌ ته‌واو رایگرت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سعودیه‌ زیانی‌ ماددی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌وێ، له‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ سه‌ربازی‌ له‌ كاروباری‌ یه‌مه‌ن له‌لایه‌ك‌و دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وتیش له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ رۆژنامه‌كانی‌ لوبنان كه‌وتنه‌ دۆخێكه‌وه‌ نه‌توانن هاوسه‌نگی‌ له‌ نێوان داهات‌و خه‌رجیدا رابگرن‌و نه‌توانن خه‌رجی‌ چاپ‌و ته‌نانه‌ت مووچه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانیشیان دابین بكه‌ن.

قه‌یرانی‌ میراتی‌‌و خاوه‌نداریی
داخستنی‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌فیر كه‌ ته‌ڵاڵ‌ سه‌لمان خاوه‌نی‌ بوو، كه‌رتی‌ رۆژنامه‌وانی‌ چاپكراوی‌ له‌ لوبنان هه‌ژاند، له‌ دوای‌ داخستنی‌ ئیلیاس خۆری‌ له‌ نووسینێكدا وتی‌: ده‌كرێ لوبنانی‌ بێ رۆژنامه‌ بهێنینه‌ پێش چاوی‌ خۆمان، ئه‌و لوبنانه‌ی‌ رۆژگارێك سومبولی‌ رابوونی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بوو له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا؟
هه‌رچه‌نده‌ به‌ داخستنی‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌فیر، رۆژنامه‌گه‌ریی چاپكراو یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی‌ له‌ده‌ست دا، به‌ڵام خاوه‌نه‌كه‌ی‌ نه‌یهێشت به‌ده‌ردی‌ رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌كانی‌ تر بچێت، وه‌ك خانه‌ی‌ چاپی‌ ئه‌لسه‌یاد-ی‌ زه‌به‌لاح كه‌ له‌ دوای‌ مردنی‌ سعید فه‌ریحه‌ فرۆشی‌ نه‌ما، هه‌روه‌ها ئه‌لحه‌وادس ئه‌لكیفحی‌ عه‌ره‌بی‌، كه‌ هه‌مان كاره‌ساتیان به‌سه‌ر هات‌و به‌ كورتی‌ دۆخی‌ رۆژنامه‌كانی‌ لوبنان‌و دامه‌زراوه‌كانیان له‌ نێوان مردن‌و ژیاندا بوو، چونكه‌ وا رۆژنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌هاته‌ دنیاوه‌‌و به‌ مردنی‌ خاوه‌نه‌كه‌یشی‌ ده‌مرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌و رۆژنامه‌‌و دامه‌زراوانه‌ هیچ به‌هایه‌كیان نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بوون‌و نه‌بوونی‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌‌و ده‌سته‌ی‌ نووسه‌ران پاش مردنی‌ خاوه‌نه‌كه‌، توانای‌ به‌رده‌وامبوونیان نه‌بێت.
باشترین نموونه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌لف له‌یله‌ وه‌ له‌یله‌ هات، خاوه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌ مولحم كه‌ره‌م بوو، له‌ 22ی‌ ئایاری‌ 2010دا كۆچی‌ دوایی كرد‌و میراتگره‌كانی‌ خڕ ده‌رگای‌ دامه‌زراوه‌كانیان داخست، بێئه‌وه‌ی‌ مووچه‌و شایسته‌یی كارمه‌ندان‌و رۆژنامه‌نووسه‌كان بده‌ن، به‌وه‌ش كارمه‌ند‌و رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ به‌ جۆرێك بێكه‌س مانه‌وه‌‌و په‌رته‌وازه‌‌و بێكار بوون كه‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ وه‌ك نه‌سری‌ ئه‌لعه‌كاوی‌ خۆی‌ كوشت.
كێشه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی لوبنان ته‌نها نه‌بوونی‌ پشتیوانه‌ی‌ دارایی بیانی‌‌و سیاسی‌‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ریكلام نییه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌هار ده‌ڵێ: كێشه‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ هه‌ندێك ناو له‌و ناوه‌ دیارانه‌ی‌ بواری‌ رۆژنامه‌، له‌ دوای‌ مردنی‌ خاوه‌نه‌كانیان به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام كه‌وتنه‌ ده‌ست كه‌سانێك، كه‌ ته‌نها ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ی‌ پێ په‌یدا بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌ گرنگییه‌كه‌ی‌ تێ بگه‌ن، یان هیچ سۆز‌و خۆشه‌ویستییه‌كیان بۆ پیشه‌كه‌ هه‌بێت. یه‌كێك له‌و نموونانه‌ نایله‌ توینی‌-یه‌ كه‌ بۆته‌ سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌هار‌و ملیۆنێك‌و 700 هه‌زار دۆلاری‌ له‌ گیرفانی‌ خۆی‌ به‌قه‌رز داوه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌، به‌ڵام به‌ سوو، واته‌ له‌به‌رامبه‌ر قازانجدا، وه‌ك غه‌سان سعود له‌ وتارێكدا باسی‌ كردووه‌. كێشه‌كه‌ش به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێ، به‌ڵكو كاتێك قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ده‌بینین نایله‌ توینی‌ ده‌بێته‌ سه‌رنووسه‌ر بێئه‌وه‌ی‌ زانستێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یاندن‌و كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر كه‌ میراتییه‌كه‌ی‌ كه‌وته‌ ده‌ست، ده‌ستبه‌جێ خۆی‌ كرده‌ نووسه‌ر، پێشتر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو، ئه‌ركی‌ سه‌رنووسه‌ر ده‌درایه‌ ده‌ست سه‌رنووسه‌رێك، ته‌نها یه‌ك جار غه‌سان توینی‌ خاوه‌نی‌ رۆژنامه‌كه‌ بووه‌ سه‌رنووسه‌ر، ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگ‌و دوای‌ ئه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ سه‌رنووسه‌ریی بوو، ته‌نها نووسینی‌ ستوونێكی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ. ته‌ڵاڵ سه‌لمان ویستی‌ نه‌كه‌وێته‌ ئه‌و كێشه‌ی‌ میراتییه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو رۆژنامه‌ی‌ سه‌فیری‌ داخست تا له‌ دوای‌ خۆی‌ كێشه‌ بۆ میراتگران نه‌نێته‌وه‌.
كێشه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسایی
رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زی‌ له‌ لوبنان ته‌نها به‌ده‌ست قه‌یرانی‌ دارایی‌و كێشه‌ی‌ میراتگریی‌و خاوه‌ندارییه‌وه‌ ناناڵێنێ، به‌ڵكو سه‌دان رۆژنامه‌نووس كاتێك به‌خۆیان زانی‌ بێكارن‌و سه‌دانی‌ تریش هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێیان ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌یی یاساییه‌وه‌ كه‌ به‌رگری‌ له‌ مافه‌كانیان بكات‌و لێ نه‌گه‌ڕێ له‌لایه‌ن خاوه‌نی‌ دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه‌ سوكایه‌تییان پێ بكرێت‌و به‌ چاوی‌ كۆمپانیا‌و ته‌مای‌ گیرفان سه‌یریان بكه‌ن.
سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان له‌و وڵاته‌دا ته‌رخان كراوه‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خاوه‌نی‌ رۆژنامه‌كان‌و سه‌ندیكای‌ هه‌واڵسازانیش ته‌نها پاشكۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌و سه‌ندیكایه‌‌و ده‌ستی‌ به‌ستراوه‌، ئه‌مانه‌ ته‌نها مافی‌ خاوه‌ن رۆژنامه‌ ده‌پارێزن نه‌ك رۆژنامه‌نووس. رۆژنامه‌ی‌ نه‌هار كه‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ دارایی بووه‌، زیانی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ر رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ كه‌وتووه‌، كه‌ 14 مانگ ده‌بێ كرێی‌ ماندووبوونیان وه‌رنه‌گرتووه‌، هیوایه‌كیشیان نییه‌ كه‌ وه‌ری‌ گرن، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ده‌ست له‌ كار ده‌كێشنه‌وه‌، ئه‌و كاتیش له‌ قه‌ره‌بووی‌ یاسایی بێبه‌ش ده‌بن.
ره‌نگه‌ تاكه‌ رێگه‌ بۆ رزگار كردنی‌ ئه‌و كه‌مه‌ شكۆمه‌ندییه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ لوبناندا ماوه‌، پێداچوونه‌وه‌ بێت به‌ یاسا‌و ده‌ستووردا‌و هه‌موار كردنه‌وه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌ك مافی‌ رۆژنامه‌نووس بپارێزێت به‌هه‌مان راده‌ی‌ پاراستنی‌ مافی‌ خاوه‌ن رۆژنامه‌كه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ ده‌وڵه‌ت یارمه‌تی‌ راسته‌وخۆ‌و ناڕاسته‌وخۆ پێشكه‌شی‌ رۆژنامه‌كانی بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتانی‌ جیهاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ش بكرێت، داهاتووی‌ رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌ز روون نییه‌، چونكه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ به‌ قازانجی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌له‌كترۆنی‌. له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی‌ به‌ مێژووی‌ رۆژنامه‌ له‌ لوبنان ئاشنا بێت، ده‌زانێ ئه‌م وڵاته‌ رۆژگارێك پایته‌ختی‌ رۆژنامه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌‌و ره‌نگه‌ ببێته‌ وڵاتی‌ تاكه‌ رۆژنامه‌، چونكه‌ تاكه‌ رۆژنامه‌یه‌ك كه‌ كێشه‌ی‌ دارایی نه‌بێت، رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لئه‌خبار-ی‌ حزبوڵڵایه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...