سەرەکی » دۆسێ » سعودیە لە مساڵدا 17 هەزار یەمەنی دیپۆرتكردۆتەوە

700 هەزاری تر لە وڵاتەكەدان

سعودیە لە مساڵدا 17 هەزار یەمەنی دیپۆرتكردۆتەوە

دەسەڵاتدارانی سعودیە، 17 هەزار كۆچبەری یەمەنی لەمساڵدا رەوانەی وڵاتەكەیان دەكەنەوە، ئەمەش بە گوتەی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ كە ترسی هەیە 700 هەزار یەمەنی تر لەو وڵاتەوە رەوانەی یەمەن بكرێنەوە وێڕای رەوشی نالەباری وڵاتەكە بەهۆی جەنگەوە.
بۆ كەمكردنەوەی كرێكارانی نایاسایی، ریاز سزای دارایی بەسەر كۆچبەرەكاندا دەسەپێنێت و هەندێك جاریش ئەو سزایە دەگاتە ئاستی زیندانی، بە تایبەت بۆ ئەوانەی بەڵگەنامەی مانەوەیان نییە.
محەمەد عەبدیكر بەڕێوەبەری پرۆسە نائاساییەكان لە رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ، بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە»17 هەزار یەمەنی رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە، بەو هۆیەی بەڵگەنامەی یاساییان نەبووە لە سعودیە».
پرۆسەكانی رەوانەكردنەوەی كۆچبەران، بەنگلادیشی و فلیقینی و ئەسیوپییەكانیش دەگرێتەوە.
بەڵام بە گوتەی ئەو بەرپرسە نێونەتەوەییە:»ناكرێت خەڵكی بۆ وڵاتێكی وەك یەمەن رەوانە بكرێتەوە، بە تایبەت كە خۆت دەستی گۆڕانكارییت هەیە تێیدا. ئایا دەكرێت سعودیە خەڵكی یەمەن لەو رێوشوێنانە ببورێت تا ئەو كاتەی نیشتمانێكیان دەبێت و بۆی دەگەڕێنەوە؟».

عەبدیكر دەڵێت»نزیكەی 700 هەزار یەمەنی لە سعودیە كاردەكەن».
سعودیە لە ساڵی 2015وە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكی سەربازی دەكات لە دژی حوسییەكان، ئەوەش بە مەبەستی گێڕانەوەی حكومەتی شەرعی بۆسەر دەسەڵات كە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە.
حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت، 70%ی خاكی یەمەنیان بەدەستەوەیە، بە سەنعای پایتەختیشەوە.
لە جەنگی یەمەنیدا 10 هەزار كەس كوژراون، وێڕای ئاوارەبوونی نزیكەی 3 ملیۆن كەسی تر، بەهۆی شەڕ و نەبوونی هۆكارەكانی ژیان.
نەتەوە یەكگرتووەكان بارودۆخی یەمەن بە خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا دادەنێت.
سعودیە وەڵامی لێدوانەكانی بەرپرسە نێونەتەوەییەكەی نەداوەتەوە.

كۆچبەرە ئەفریقاییەكان لە یەمەن
عەبدیكر، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە كۆچبەرە ئەفریقاییەكان دەردەبڕێت كە دەچنە یەمەن بەو هیوایەی بگەنە سعودیە، لەو رێگایەشدا رووبەڕووی دەستگیركردن و مامەڵەی خراپ دەبنەوە لەلایەن قاچاخچییەكانەوە.
مانگانە 7 هەزار كۆچبەری ئەفریقایی دەگەنە یەمەن كە زۆربەیان لە ئەسیوپیا و سۆماڵ و ئیریتریاوە دێن.
رێكخراوی كۆچ، ژمارەیەك گرتوخانەی لە یەمەن بەسەركردۆتەوە كە هەندێكیان لەژێر ئیدارەی حوسییەكاندان لە سەنعا.
لە ساڵی رابردوودا ئەو رێكخراوە نێونەتەوەییە، یارمەتی پێشكەش بە نزیكەی 2900 كۆچبەر كردووە تا بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.
عەبدیكر دەڵێت»پرسیاری لە 470 دەستبەسەركردووە، سەبارەت بە بارودۆخیان، وەڵامی 90%ی ئەوانە ئەوەبووە كە بێزارن و وەك ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، داواشیان لێكردووە یارمەتییان بدرێت تا بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان».
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، گەڕانەوەی ئەو كۆچبەرانە كێشە نییە، كێشەكە لەوەدایە مۆڵەت لە سعودیە وەربگیرێت تا بۆردومانی ئەو كاروانانە نەكات كە خۆیان ئامادە دەكەن تا لەڕێی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچەوە بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.
بەرپرسە نێونەتەوەییەكان، داوای لە سعودیە دەكات رێگە بە كەشتییەكانی بدات تا بچنە بەندەری حودەیدە، بە مەبەستی گواستنەوەی كۆچبەرەكان بۆ جیبۆتی.
وابڕیارە لەو رووەوە دڵنیایی لە ریازەوە وەرگیرابێت.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، پرۆسەی یەكەم گواستنەوەی 458 كۆچبەر لەخۆدەگرێت كە زۆربەیان ئەسیوپین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...