سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » میدیای ئەڵمانیا ڕەخنە لە مەسعود بارزانی دەگرێ

میدیای ئەڵمانیا ڕەخنە لە مەسعود بارزانی دەگرێ

لەدوای لەدەستدانی خاکێکی زۆری ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، لەئەنجامی بڕیاری ڕیفراندۆم و گوێنەدان بە هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوەو ناوەندە بەهێزەکان، ژمارەیەک کەناڵی میدیایی ئەڵمانیا ئەو ڕووداوە به‌لاسەنگبونی هاوسەنگی هێزو زیانێکی گەورە بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و دەستکەو تەکانی  کورد هەژمار دەکەن، ژمارەیەکیشیان ڕەخنە لە مەسعود بارزانی دەگرن.

هەمووی کردە نەیاری کورد
سەرەتا ڕۆژنامەی تاگسزایتۆنگ ڕەخنە دەگرێ و دەنوسێت: بارزانی بەڕیفراندۆم کوردی توشی کێشەیەکی ئاڵۆزکردو سەرلەنوێ حکومەتی ناوەند دەستی بەسەر شاری کەرکوکدا گرتەوە، بەمەش سەربەخۆیی کەوتە مەترسی و کێشەی کوردی کردە بەرمیلێک بارود مەترسی تەقینەوەی، بەڕووی هەموو کورد لەهەر کات و ساتێکدا هەیە، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کردە نەیار، ئەمەش سیاسەتێکی ژیرانە نییەو  لەبەرژەوەندی گشتیشدا نابێت.
بارزانی بەقسەی نەکردوون
ماڵپەڕی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێن تیڤی لەڕاپۆرتێکیدا باس لەزیانەکانی کورد دەکات،  لەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای عیراق کە لەدەرەنجامی بڕیاری ڕیفراندۆمەوە دراو  هاوکێشەکەی گۆڕی، هەروەها باسی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی نێوان «زیگمار جوبرائیل» ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاو «حه‌یده‌ر عه‌بادی» دەکات، کەتیایدا دوایین پێشھاته‌كانی عیراقیان تاوتوێ کردووەو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، پشتگیری وڵاته‌كه‌ی بۆ یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق دووپاتكردۆ‌ته‌وه‌. ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا، ئاشکرایکردووە كه‌پێش ڕیفراندۆمەکە «مه‌سعود بارزانی»  یان  ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ لەحاڵەتی ئەنجامدانیدا پشتیوانی ئه‌وروپاو ئه‌ڵمانیا له‌ده‌ست ده‌دات.
بارزانی قەیرانی دروستکرد
شتوتگارتە زایتۆنگ دەڵێت: بڕیاری سازدانی ڕیفراندۆم لەلایەن بارزانی و پارتەکەیەوە ئەو قەیرانەی دروستکرد کە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵیدا نەبوو،زۆر هەوڵیاندا دوابخرێ و ئەو پارتە، پارتی سەرۆکی کۆچکردو جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی ئێستای عیراق» فوئاد مەعسوم» دۆستایەتی دێرینیان لەگەڵ ئێرانی دراوسێیاندا هەیەو نەیانویست لەگەڵ حکومەتی ئێستای عیراق شەڕو پێکدادان دروست بکەنەوەو داوای گفتوگۆ ودانوستانیان دەکرد،بەڵام بارزانی پارتەکەی مەیلی شەڕیان هەبووەو بەپێچەوانەی ئیرادەی زۆرینە کەوتنە بەرەکەوەو زیانیان بەخۆیان و بە ناوچەکەشیان گەیاند.
شەڕی سوننەو شیعەش ماوە
فرانکفۆرتە ئەلگیماینە زایتۆنگ بەهەمان شێوە باس لەمەترسی بارەکە دەکاو دەڵێت: ئەگەر هەردوو بەحیکمەتەوە بڕیار بدەن و کێشەکان بەشەڕوچەک چارەسەر نەکەن و بەیەکەوەدانیشن، ئەوا لەمبارەدا شەڕێکی سارد لەنێوان بەغداو هەولێر درێژەی دەبێ، بەڵام ململانی داهاتوو لەم دەڤەرە لەنێوان ئێران و سعودیە دەبێ و یاریەکانیان بەسوننەو شیعە دەکەن، لەدوای نەمانی داعش، کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن و ڕووداوەکان لەنێوانیان دەتەقنەوە.
ڕاهێنانیان بەپێشمەرگە ڕاگرت
ماڵپەڕی شپیگل ئۆنلاین باس لەوە دەکات، ئەم پێکدادانەی نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق هەڵوێستێکی لای ئەڵمانیا دروست کردو کەبەزیان بۆ پێشمەرگە دەکەوێتەوەو نوسیویەتی: دوای ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا  لەپێناو بێلایەنی خۆی لەناکۆکی هەرێم و بەغدا بڕیاری ڕاگرتنی مەشقی پێشمەرگەیدا، ڕاوێژکاری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بەڕاوێژ لەگەڵ «ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین»ی وەزیری بەرگری ئەڵمانیدا ئەوەی راگەیاند، کە هاوکاریەکانیان بۆ پێشمەرگە ڕادەگرن.
ئەڵمانیا نیگەرانە
هەر لەسەر دۆستایەتی ئەڵمانیا بۆ کوردو پیشمەرگەو هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەی بادیشەزایتۆنگ باس لە ناسکی باردوو دۆخەکەو ئەو چەکانە دەکات کە ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگەو سوپای عیراقی ناردووە، تا شەڕی داعشی پێ بکەن و لەمبارەیەوە دەڵێت: هەڵوێستی ئەڵمانیا نیگەرانە لە حاڵەتی بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەدژی یەکتر .
کوردەکان خاکێکی زۆریان لەدەستدا
ماڵپەڕی نۆیە پرێسە لەڕاپۆرتێکیدا بەناوی» کوردەکان خاکیان لەدەستچوو» دەڵێت: لەئەنجامی بڕیاری سادانی ڕیفراندۆمەوە، کوردەکان خاکێکی زۆریان لەده‌ستچوو کە سێ ساڵ لەمەوبەر بەخوێن لەدەستی داعشیان دەرهێنا،جگەلەوەش پرۆسەی هاوبەشی پیشمەرگەو سوپای حکومەتی ناوەند لەدژی داعش،کەوتە مەترسی و وەک جاران ڕێکناخرێنەوە، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا مەترسی خۆی نیشانداوە لە ئاڵۆزی زیاتر.
دەبێت ڕێککەون
فرانکفۆرتە ڕۆندشاو دەڵێت: پێویستە نەهێڵدرێت بارودۆخەکە لەوە زیاتر تەشەنە بکاو ڕووداوەکان گەرمتر بن، دەبێت ڕێ لەهەڵگیرسانی شەڕێکی تر لە وڵاتی ڕافیدەین بگیرێت و حەیدەر عەبادی و مه‌سعود بارزانی، بەزمانی لۆژیک کێشەکان چارەسەر بکەن کە بەداخەوە لەوە ناچێت وابکەن.

 305 جار بینراوە