سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » شەڕ کەوتە گەرووی بابولمەندەب

شەڕ کەوتە گەرووی بابولمەندەب

لە دوای هێرش و پەلاماری حوسیەکانی یەمەن بۆسەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی سعودیە لە گەرووی بابوئەلمەندەب، شانشینی عەرەبی سعودیە هەناردەکردنی لەو بەندەرە بۆ کاتێکی نادیار ڕاگرت و ئەو بابەتە بوە وێردی سەر زمانی بەرپرسانی وڵاتان و یەکسەر نرخی نەوتی لەهەموو جیهان بەرزکردەوە.

بابولمەندەب چیە؟
ناوەکەی مانای «گریان» ە گوایە لەوە هاتوە کە کاتی خۆی کە ئەفریقیەکانی بەری ڕۆژئاوا کە بەدەستی عەرەبەکان بەدیلگیراون یان کوژراون دایکەکانیان لە لێواری ئەو بەندەرە بۆیان گریان و سەردولکە و لاواندنەوەیان وتوە، بۆیە ئەو ناوەی لێندراوە، بەندەرێکی گەورەیە لەسەر دەریای سور ،پانتاییەکەی ٣٠ کیلۆمەترە، دەکەوێتە سەر دورگەی»برێم» کە دوو کەناڵی تێدایە بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی پانتاییەکەی ٣ کیلۆمەتر و قوڵاییەکەشی ٣٠ مەترەبەشی ڕۆژئاواشی پانتایی ٢٥ کم وقوڵایی ٣١ مەترە، ئەو گەروە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و نیمچە کێشوەری هیند و هەردوو کێشوەری ئاسیا و ئەفریقیا لێکجیا دەکاتەوە.

شوێنێکی گرنگی هەیە
ئەو گەروەی سەر ئاوی دەریای سور بە پێی شوێنە ستراتیژیەکەی لەدێر زەمانەوە گرنگ بوەو وەک دەروازەیەکی ئەو دەریایە سەیرکراوە،دەکەوێتە سنوری سێ دەوڵەت: « یەمەن، جیبۆتی، ئەریتیریا» و بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەو سێ وڵاتە موڵکایەتی ئەو شوێنە دەکەن، هەر لەکۆنەوە کەشتی و بارهەڵگری گەورەی پێدا تێپەڕبوەو لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتەکان و سەردەمە هەرە کۆنەکاندا جێی ململانێی نێوان دەسەڵاتەکانی ناوچەکە بووە، بارەکە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە و خاڵی ناکۆکی زۆرێک لە وڵاتانە، بەڵام بە بریارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە کراوە، دەبێت لەبەردەم کەشتیە بارهەڵگرەکانی ناوچەکە و دەتوانن بەکاری بهێنن.

بایەخەکەی
بایەخی ئەو بەندەرە لە دوای دروستکردنی قەناتی «سوێس» لە ساڵی ١٨٦٩ دەرکەوت، کاتێک هەردوو دەریای سپی و سوری بە یەکەوە دەبەستەوە، ئەو کاتە ئەوێ بووە بنکەیەکی هێنان و بردن و بازرگانیکردن لە نێوان ئەوروپا و هیند و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.

بایەخی ئەمنی
جگە لە بایەخە ئابووری و بازرگانیەکەی بایەخێکی تری ئەمنیشی هەیە بۆ نمونە لەساڵی ١٩٧١ بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستین، نزیکەی دە موشەکیان گرتە کەشتیەکی بارهەڵگری ئیسرائیلی و زیانێکی گەروەیان لێدا، لە ساڵی ١٩٧٣یش ئەوەندەی تر بایەخی ئەمنی زیاتر بوو، کاتێک میسر لە جەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ ماوەی ساڵێک دای خست و بە هەمانشێوە لە ساڵی ٢٠٠١ یش لەمیانی جەنگی دژە تیرۆر ئەمریکیەکان کۆنترۆڵیان خستە سەری بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی قاعیدە و پاراستنی ئەمنی ناوچەکە، جگە لەوەش وەک پانتاییەکی ئەمنیە بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە وەک «میسرو ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو».

ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل
لەگەڵ دۆزینەوەی نەوتیش لە نیمچەدورگەی عەرەبی لەسیەکانی سەدەی ڕابردودا بایەخی زۆرتری بۆ پەیدابو بەوەی نەوتی پێدا هەناردەکرا و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لەسەر پشتی نزیکەی ٦٠ کەشتی بارهەڵگری گەورەوە بەوێدا دەنێردرێ و ساڵانە نزیکەی ٢٥ هەزار کەشتی بەو بەندەرەدا تێپەڕ دەبن، تەنها بۆ ئەوروپا نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیلی پێدا دەڕوات.

نەوت وەک کارتی فشار
لە دوای سعودیەش هەریەک لە کوێت و بەحرێنیش بەتەمان هەمان هەنگا و بنێن و هەناردەی نەوتیان لەو بەندەرە هەڵپەسێرن و جەنگەکە لەو بەندەرە گەرمتر بکەن، بۆئەوەی فشارێک لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن ، تاوەکو بۆ پەلەبکەن لە لە لێدانی دوژمن و نەیارەکانیان لە حوسیەکانی یەمەن، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

سەرچاوە:BBC، DW

 298 جار بینراوە