سەرەکی » راپۆرت » چۆمسكی‌ له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌دوێ

چۆمسكی‌ له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌دوێ

نوام چۆمسكی‌ بیریاری‌ ناوداری‌ جیهانی‌ له‌ گفتوگۆیه‌كدا كه‌ رادیۆی‌ ئینته‌رسێپت-ی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵیدا سازی‌ كردبوو، باسی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ جیهانی‌ كرد له‌ ئه‌فغانستان، سوریا، یه‌مه‌ن، كۆریای‌ باكوور‌و باسی‌ ئه‌مریكا‌و سیاسه‌تی‌ تره‌مپ‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاشی‌ كرد.
سه‌باره‌ت به‌ دۆناڵد تره‌مپ-ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاش وتی‌: تره‌مپ له‌ زۆر سیاسه‌تدا جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك سیاسه‌تیشدا درێژه‌پێده‌ری‌ ئه‌وانه‌ی‌ پێش خۆیه‌تی‌، تره‌مپ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ زۆر چالاكه‌، له‌ به‌رێوه‌بردنی‌ بازنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتوو بوو، زۆر به‌ باشی‌ خزمه‌تی‌ به‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و سه‌رمایه‌داری‌ كردووه‌، به‌ جۆرێك له‌ بڕیاره‌كانیدا‌و له‌ به‌رنامه‌ ده‌ستوورییه‌كاندا زۆر به‌ باشی‌ خزمه‌تی‌ به‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان كردووه‌‌و به‌ ئاسانیش هه‌موو ئه‌وانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌لا ناوه‌.
جگه‌ له‌وه‌ش تره‌مپ له‌وه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ وا خۆی‌ پیشان ده‌دا تاكه‌كه‌سه‌ پشتیوانی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كات دژی‌ ده‌سته‌بژێری‌ قێزه‌ون، به‌ڵام تا كه‌ی‌ ده‌توانێ هه‌ر وا خۆی‌ پیشان بدات، من نایزانم. له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێستی‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ لێده‌گرن، به‌ڵام من به‌ گونجاوی‌ ده‌زانم بۆ نموونه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆریاكان هه‌نگاوی‌ باشی‌ ناوه‌‌و هه‌ردوو كۆریاش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن ناوچه‌كه‌یان له‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ داماڵن.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی‌ دۆناڵد تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌ روسیا، وه‌ك چۆمسكی‌ ده‌ڵێ، بابه‌ته‌كه‌ ئاڵۆزتره‌‌و به‌ دوو ئاراسته‌ كاری‌ كردووه‌، له‌لایه‌ك هێزی‌ سه‌ربازی‌ خۆی‌ له‌ نزیك روسیا زیاتر كردووه‌‌و مانۆڕیشی‌ ئه‌نجام داوه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ڵوێستی‌ زۆر مه‌ترسیدارن، له‌لایه‌كیشه‌وه‌ هه‌ندێك هه‌نگاوی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ناوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئاڵۆزییه‌كان، له‌م سیاسه‌ته‌شدا ره‌خنه‌ی‌ لێ گیراوه‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ باشی‌ كردووه‌، له‌ هه‌ندێك بابه‌تی‌ دیكه‌شدا هه‌ندێك رێكه‌وتنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ گرنگترینیان رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران بوو، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موو جیهان بوو ئه‌وه‌ش زۆر مه‌ترسیداره‌، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر پاشه‌كشه‌ی‌ بوو له‌ دانوستانه‌كانی‌ پاریسی‌ تایبه‌ت به‌ كه‌ش‌و هه‌وا.
چۆمسكی‌ ده‌ڵێ: دۆناڵد تره‌مپ پرسیارێكی‌ گونجاوی‌ وروژاند سه‌باره‌ت به‌ په‌یمانی‌ ناتۆ، پرسیاره‌كه‌ی‌ زۆر له‌ جێی‌ خۆیدایه‌، چونكه‌ له‌ دوای‌ رووخانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێته‌وه‌ ناتۆ بۆچی‌ باشه‌؟ راسته‌ روسیا ئێستا هه‌وڵ ده‌دات خۆی‌ بگرێته‌وه‌‌و جێپێیه‌كی‌ هه‌بێت له‌ سیستمی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌ڵام ترس له‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر روسیا بیه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا بگرێت زۆر بێمانایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ روسیا ئه‌گه‌ر زۆر خۆیشی‌ ماندو بكات، هه‌موو هه‌وڵی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێگه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌‌و سوریاش له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، كه‌ له‌ راستیدا ئه‌و پێگه‌یه‌ زۆر بچووكتره‌ له‌ پێگه‌ی‌ ئه‌مریكا‌و ته‌نانه‌ت له‌ پێگه‌ی‌ چینیش.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵوێستی‌ ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی‌ سوریادا، من پێشتریش وتوومه‌ ده‌بێ ئه‌و خاڵه‌ ره‌چاو بكه‌ین كه‌ ئه‌سه‌د تاوانباری‌ جه‌نگه‌، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ تاوانه‌كان‌و كاره‌ساته‌كان له‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وه‌، هیچ پاساوێكیش نییه‌ بۆ ئه‌و تاوانانه‌، راستییه‌كه‌ی‌ ئێستا به‌شی‌ زۆری‌ سوریا له‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ ئه‌ودایه‌، له‌مه‌شدا به‌شی‌ زۆری‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پشتیوانیی روسیا‌و به‌شێكی‌ كه‌میشی‌ پشتیوانی‌ ئێران. روسیا به‌ فراوانی‌ چووه‌ ناو سوریاوه‌، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا چه‌ك‌و پێداویستی‌ بۆ جیهادییه‌كان دابین كرد تا دژی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د شه‌ڕ بكه‌ن، چه‌كی‌ پێشكه‌وتووی‌ دانێ دژی‌ تانكه‌كانی‌ سوریا، ئا لێره‌دا روسیا به‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ به‌شداری‌ كرد‌و ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریای‌ كپ كرده‌وه‌. ئێستاش پێمان خۆش بێت یان نا سوریا دۆخه‌كه‌ی‌ كۆنترۆڵ كردۆته‌وه‌.
سه‌ره‌تای‌ رووداوه‌كان ئۆپۆزسیۆنێكی‌ عیلمانی‌ له‌ ئارادا بوو باش بوو، به‌ڵام دواتر ئۆپۆزسیۆن بوو به‌ جیهادییه‌كان، ئه‌ویش به‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ سعودیه‌‌و قه‌ته‌ر‌و ئه‌مریكا‌و هه‌ندێك لایه‌نی‌ تر، كاره‌ساته‌كه‌ش كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌تا ئیدله‌ب له‌سه‌ر رۆخی‌ كاره‌ساتێكی‌ مرۆیی وه‌ستاوه‌.
چۆمسكی‌ له‌ درێژه‌ی‌ گفتوگۆكه‌یدا ده‌ڵێ: پرسیارێكی‌ تری‌ گرنگ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌كی‌ كورده‌كانه‌، واته‌ رۆژاڤا. هه‌ڵوێستێكی‌ لۆژیكیانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌و ناوچانه‌دا بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپه‌رچی‌ هه‌ر هێرشێك بداته‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر ناوچه‌ی‌ كورده‌كان، چونكه‌ ئه‌وان به‌شێكی‌ سوریایان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ چالاك، كه‌ زۆر له‌ پێكهاته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ كاتی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێرشی‌ توركه‌كان كه‌ دژمنیانن، یان هێرشی‌ ئه‌سه‌دی‌ خوێنڕێژ، من له‌و باوه‌ڕه‌دام ده‌بێ هه‌رچییه‌ك‌و هه‌ر كارێك له‌ده‌ست بێت بكرێت بۆ رێگرتن له‌ هێرشێكی‌ له‌و جۆره‌. به‌ڵام ئه‌مریكاش وه‌ك ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی‌ تری‌ دنیا هه‌وڵ نادات بۆ ئامانجی‌ مرۆیی، به‌ڵكو هه‌وڵ بۆ ئامانجێك ده‌دات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیدا بێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش وا ده‌كات هه‌ڵوێستی‌ جیاجیای‌ هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌كان، یان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تر له‌كات‌و شوێنی‌ جیاجیادا.
چۆمسكی‌ ده‌ڵێ: بۆ نموونه‌ له‌ حه‌فتاكاندا ماوه‌یه‌ك ئه‌مریكا پشتیوانی‌ له‌ كورد ده‌كرد دژی‌ سه‌دام حسێن، دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م رێكه‌وتنێك هه‌بوو كه‌ كورده‌كانی‌ كرده‌ قوربانی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌دام حسێن، ئه‌و كاته‌ هینری‌ كیسنجه‌ر وتی‌: نابێ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی‌ مژده‌به‌رییدا تێكه‌ڵ بكه‌ین. ئه‌وه‌ش زۆر راسته‌ چونكه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانیشدا كلینتۆن به‌بار چه‌كی‌ ده‌نارد بۆ توركیا تا كورده‌كانی‌ پێ بكوژێت. به‌ڵام ئێستاش ئه‌مریكا ده‌توانێ به‌رپه‌رچی‌ هه‌ر هێرشێك بداته‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر كورده‌كانی‌ سوریا‌و لێ نه‌گه‌ڕێ ئه‌و ناوچه‌یه‌ وێران بكرێت كه‌ تاكه‌ ناوچه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ شایسته‌ هه‌ڵسوكه‌تی‌ كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ ئه‌فغانستان چۆمسكی‌ ده‌ڵێ: پێشتریش وتوومه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ سه‌ربازی‌ گونجاو نییه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا هه‌ر ئه‌و رێگه‌چاره‌یه‌ی‌ به‌كارهێنا، باشترین وه‌سف بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا وه‌سفه‌كه‌ی‌ عه‌بدولحه‌ق بوو، كه‌ چالاكوانێكی‌ دیار‌و دژی‌ تاڵیبان بوو، به‌ڵام دژی‌ هێرشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكاش بوو، ئه‌و ده‌یوت ئه‌مریكا هێرشی‌ ئاسمانی‌ ده‌كات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ خۆی‌ ده‌ربخات‌و نایه‌وێ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئه‌فغانستان خۆی‌ دۆخه‌گه‌ له‌گه‌ڵ تاڵیبان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، راستی‌ كرد، ئه‌وه‌تا دوای‌ 17 ساڵ شه‌ڕ نه‌توانراوه‌ ئاسایش بۆ ئه‌فغانستان دابین بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌ یه‌مه‌ن چۆمسكی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ یه‌مه‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیستمێكی‌ عه‌ره‌بی‌ دواكه‌وتووی‌ وه‌ك سعودیه‌‌و ئیمارات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگرێت، ده‌وترێ حوسییه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن‌و ئێران وا سه‌یر ده‌كرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌یان مایه‌ی‌ گاڵته‌جاڕییه‌.

* سه‌رچاوه‌: سه‌نته‌ری‌ كوردی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

کوردستانی نوێ و یادگار عەلی: كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان ...