هەفتەی گفتوگۆ

بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی لایەنە سیاسییەكان «لە هەفتەی داهاتووەوە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكات». بەپێی زانیارییەكانیش جگە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر، هەر لایەنێكی سیاسی لەنێوخۆشیدا چەند كۆبوونەوەیەك لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی دیكەیدا دەكات و تەوەری سەرەكی ئەو كۆبوونەوانەش، هەمان تەوەری كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان دەبێت.

״بەم نزیكانە گفتوگۆكان دەستپێدەكات״
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: بەم نزیكانە كە پێدەچێت لە هەفتەی داهاتووەوە بێت، كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكات و یەكەم كۆبوونەوەش لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبێت، وتیشی: یەكێتی ئامادەیە بۆ دانوستان و گفتوگۆ و ئامانجیشمانە حكومەتێك پێكبهێنرێت كە باشترین خزمەت پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات. «یەكێتی جەخت لەسەر پاراستن و گەشەپێدانی دەستكەوتەكان دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تەئكید لە پێكەوەكاركردن و هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنەكاندا دەكاتەوە».

״بەم نزیكانە بەڕەسمی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلادەكرێتەوە״
عەلی حسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بەرنامەی پارتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ لایەنەكاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك پارتی دوو جۆر گفتوگۆ، بەڵام بە یەك پاكێج لەگەڵ لایەنەكاندا دەكەین، گفتوگۆی یەكەم بۆ پرسی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، «ئەم قۆناغەی گفتوگۆ بەم نزیكانە دەستپێدەكات»، گفتوگۆی دووەمیش گفتوگۆی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، لەم قۆناغەدا گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و ئەو لایەنانەدا دەكرێت كە دەیانەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بەشدار بن، وتیشی: هەرچەندە تائێستا بەڕەسمیی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلایینەكراوەتەوە، بەڵام بەم نزیكانە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ئەم پرسە یەكلایی دەكرێتەوە.

״گۆڕان تائێستا بڕیاری كۆتایی نەداوە״
جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەدا «تائێستا بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەشداریكردن، یان بەشدارینەكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا نەداوە»، لەبارەی كاتی یەكلاییكردنەوەی بڕیاری گۆڕان لەسەر ئەو پرسە، وتی: بڕیاری كۆتایی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكاندا.

هەڵوێستی كۆمەڵ
لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامیشەوە، رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵ بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشتر كۆبوونەوەی سەركردایەتیمان كردووە و پرسی بەشداریكردن، یان بەشدارینەكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا تاوتوێكردووە و پێمان وابوو هێشتا زووە بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە بدەین، راشیگەیاند: لە پرسی بەشداریكردن لە حكومەت، یان ئۆپۆزسیۆن بووندا، بەرژەوەندیی گشتی رەچاو دەكەین. «ئێمە سیاسەتی خۆمان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی داڕشتووە و وەك رابردوو لەسەر سیاسەتی راست و دروستی خۆمان بەردەوام دەبین».

״یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی داوە״
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەر زوو بڕیاری خۆی یەكلاییكردەوە و رایگەیاند: بەشداریی كابینەی نوێی حكومەت ناكات و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. عوسمان كاروانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیش لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: پێویست ناكات وەفدی دانوستانكاری پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی بكات، چونكە یەكگرتوو ئەو پرسەی یەكلاكردۆتەوە و رایگەیاندووە كە بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێم ناكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״بەشداریی پێکهاتەکانی کەرکوک لە لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەراندا״

بەیانی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایە لای هەمووان كە ...