سەرەکی » راپۆرت » ״بەم نزیكانە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكاتەوە״

״بەم نزیكانە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكاتەوە״

بڕیارە بەم نزیكانە خولێكی دیكەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێبكات.

كۆسرەت رەسوڵ: پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵاوكردەوە. لە پەیامەكەدا هاتووە: سەرەتای ساڵی نوێمان هاوكاتە لەگەڵ بوونی جۆرێك لە جووڵەی سیاسیی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە لایەنە عیراقییەكانیشەوە، هەریەك لەلایەك بەمەبەستی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم. «یەكێتی رای وایە كە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر هەردوو تەوەر زۆر بە ئاگایانەوە جووڵەی سیاسیی خۆیان لەو بوارەدا درێژەپێبدەن، بەمەبەستی ئەوەی هەم لە بەغدا شێلگیرانە و وەك یەك تیم كار بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانی گەلی كوردستان بكەن و رێگە نەدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا میللەتەكەمان لە مافە رەواكانی بێبەش بكرێت، هەروەها لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش، هەمووان پێداگریی لەسەر چەسپاندنی سەرەتاكانی (سەروەریی یاسا و بوونی شەفافیەتی تەواو لە خەرجی و داهاتە گشتییەكان و دژایەتی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار بە خەڵك) بكەن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە لەسەر بنەمای ئەو سەرەتایانە و پەیڕەوكردنی مەبدەئی شەراكەتی راستەقینەی نێوان لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردن، هەنگاوی جددی و كرداری بهاوێت.

قوباد تاڵەبانی: بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتمان بێت
‎قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێدا رایگەیاند: ‎بەهیوام هاتنی ساڵی ٢٠١٩، كۆتایی ئێجگاریی كۆژانەكانی رابردوومان بێت و دەستپێكی قۆناغێكی دیكەی خۆشگوزەرانی و ئارامی بێت. چاوم لەوەیە پێكەوە بتوانین ئەو ئەركە بەجێ بگەیەنین. دەشڵێت: سەرەتای ساڵی نوێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان رەسمی حكومڕانیی چوار ساڵی داهاتوو دەكێشێت. بۆ ئەوەش گەشبینم ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجامێكی هێندە باش تەواو بكەین كە لە ئاستی چاوەڕوانیی كوردستانییاندا بێت و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتمان بێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی: شەراكەتی راستەقینە
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئاماژەی بەوەداوە «ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین، پەیامی یەكێتی لەبارەی پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە دۆخی كوردستان ‌و عیراق ‌و ناوچەكە دووپاتبكەینەوە. لە سەر ئاستی بەغدا، هەموو لایەنە كوردستانییەكان وەك یەك تیمی كوردستانی تێكۆشانی سیاسی ‌و پەرلەمانی بكەن بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە دەستووری ‌و دیموكراسییەكانی گەلی كوردستان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم ‌و ناوەند و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك ‌و خانەقین ‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان. هەروەها لەسەر ئاستی كوردستان، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەردەوام بێت، بەڕاشكاوانە گفتوگۆ بكرێ‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رابردوو و پێكهێنانی حكومەتێك، كە بتوانێ‌ شەراكەتی راستەقینە بەدیبێنێ‌ ‌و لایەنە بەشداربووەكانی كابینەكە لە بڕیاردان ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیدا هاوبەش بن ‌و ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك ‌و ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی زیاتری كەرتی ئابووری ‌و خزمەتگوزاریی، باشتر بكات».

گفتوگۆكان دەستپێدەكاتەوە
لەلایەكی دیكەوە، بڕیارە بەم نزیكانە خولێكی دیكەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دەستپێبكات.
لەوبارەیەوە د.فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەچەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدابوو «پاش كۆتاییهاتنی پشووی سەری ساڵ، ئەمجارە جددیتر دەست بە دانوستان دەكەینەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كۆی پرسەكان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...