سەرەکی » وتار » د.كاوە رەزا » كەركوك‌ و پارێزگارێكی سەربەخۆ

کلیک

كەركوك‌ و پارێزگارێكی سەربەخۆ

(11)

كەركوك ئەو شارەی بەدرێژایی مێژوو، كورد خوێنی بۆ رشتووەو هەمیشەش گەورەترین خاڵی ناكۆكی نێوان كوردو عەرەب بووە، زۆر كەس بە فاكتەری دروستنەبوونی دەوڵەتی كوردی دەزانن، زۆر كەسی تریش بەدەستهێنانەوەی كەركوك بە میكانیزمی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەزانن، كەواتە كەركوك شوێنێكە ناكرێت لێی دەستەبەرداربیت، بەڵكو بە هەموو مانایەك بەشێكە لە ستراتیژیەتی هەم رابردوو هەم ئایندەی هەرێمی كوردستان.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە، كوردستان لە بەدەستهێنانەوەی كەركوك نزیكبۆوەو هەنگاوی باشی بڕی، بەجۆرێك تەنها قۆناغی راپرسی مابوو بچێتە بواری جێەجێكردنەوە، بە بەڵگەی ئەوەی زۆرینەی كوردی كەركوك گەڕانەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەكان‌و بەپێی كورسیی دەنگی لایەنەكان، كورد زیاتر لەنیوەی پارێزگای كەركوكی پێكهێنا، لەو نێوەندەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەم خاوەنماڵ‌و هەم خاوەنی زۆرترین خەڵك‌و كورسی‌و پۆستی شارەكە بوو. بەڵام دوای هاتنی هێزەكانی حكومەتی عیراق بۆ شاری كەركوك، بارودۆخی كەركوك پێینایە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، دانانی پارێزگارێكی شۆڤێنیش هێندەی تر مەترسییەكانی زیاتر كرد، ئەم پارێزگارە عەرەبە كارێكی وایكردووە، ئەوەی كورد لەماوەی چواردە ساڵی حوكمڕانی ئەو شارەدا بەدەستیهێنا، خەریكە وردە وردە لەدەستماندەچێت.
لەم بارودۆخە پڕ مەترسی‌و هەستیارەدا، ململانێی یەكێتی‌و پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك لەوپەڕی خراپیدایە، لەبەرئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپێوەری جەماوەر‌و كورسیی پەرلەمانی، خۆی بەخاوەنی كەركوك دەزانێ‌و پێیوایە دانانی پارێزگار مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەرچی پارتی-شە بەهۆی بوونی زۆرینەی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وەك چەكێك بەرامبەر یەكێتی بەكاریدەهێنێت‌و دەیەوێت بەناوی پارێزگارێكی سەربەخۆوە، چانسی بەڕێوەبردنی كەركوك بەلای خۆیدا رابكێشێت، ئەوەش بەو مانایەی بوونی هەر كەسێكی سەربەخۆ بەواتای تەسلیمبوون بەئیرادەی پارتی دیموكراتی كوردستان دێت، ئەوەش بەو حوكمەی پارتی هەم پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و هەمیش پۆستی سەرۆكی هەرێمی لەلایەو پارێزگارە سەربەخۆكە بەشێوەی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كاریگەریی پارتی-یەوە.
پارتی لە هەنووكەدا بەناوی سەربەخۆییەوە چەندین كەسی جیاوازی لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەلای خۆیدا راكێشاوە، كە پێمانوایە ئەمەش جۆرێكە لە تاكتیكی پارتی بۆ بەدەستهێنانی هەندێك لەو ئامانجانەی كە لەڕێگەی حزبەوە ناتوانێت بەدەستیانبهێنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتادا هەموو هەوڵێكیدا تا پارێزگاری پێشوو بگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام لەم هەوڵەیدا سەركەوتوو نەبوو، ئێستاش بەپێی هەندێك مەعلومەی باوەڕپێكراو، هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی وەزیرێكی پێشووی عیراق، كاندیدبكات بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، هەم بەناوی ئەوەی ئەو كەسە سەربەخۆو تەكنۆكراتەو هەمیش لەبەرئەوەی ئەسڵی كەركوكییە، یەكێتی-ش بەهەموو شێوەیەك دژی ئەم بیرۆكەیەیە، چونكە ئەم هەنگاوەی لەڕابردوودا تاقیكردۆتەوە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە لەو شارەدا ئەوە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن‌و جەماوەری خۆی دەزانێت.
یەكلانەبوونەوەی پارێزگاری كەركوك چەند دوابكەوێت، ئەوەندەی تر باجەكەی لەسەر كوردستان قورستر دەكەوێتەوە، دیارە بەرپرسیارێتی یەكەمی ئەم قۆناغەش دەكەوێتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە یەكێتی ئەو مافە جەماوەرییە بەدەستنەهێنێت، تەنانەت ئەم عینادییە سیاسییە؛ فاكتەرێكیشە بۆ ئەوەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چەندین مانگی تر دوابكەوێت، با گریمانەی دیكەش لەولاوە بوەستێ.
بۆیە پێویستە لەپێناوی لەدەستنەچوونی یەكجارەكیی كەركوك‌و دابەشنەبوونەوەی كوردستان‌و لەدەستنەچوونی هەندێك فرسەتی مێژوویی تر بۆ كوردستان، كە رەنگە چەند مانگێكی تر سەرەتاكانی دەربكەون، پێویستە پارتی‌و یەكێتی هەرچی زووە پارێزگارێكی كورد بۆ شاری كەركوك دابنێن‌و چیتر بەبیانووی سەربەخۆبوون ئەو مەسەلەیە دوانەخەن، لەبەرئەوەی بەو هەنگاوە هەم كوردستان بەهێزدەبێتەوە لەبەرامبەر بەغدا، هەمیش كەركوك مەترسی لەدەستچوونی لەسەر نامێنێت‌و هەمیش حكومەتی كوردستان بەزوویی پێكدەهێنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كشانەوەكەی ئەمریكا و ئایندەی رۆژئاوای كوردستان

(10) لەچەند رۆژی رابردوودا، لەبڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، ...