سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » چوار وتووێژ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی فۆڵكلۆری كوردیی

چوار وتووێژ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی فۆڵكلۆری كوردیی

توێژینگه‌ی كوردستانناسیی زانستگای كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونییه‌وه‌ هه‌تا به‌ ئێستا، كۆمه‌ڵێك كار و به‌رهه‌می پڕبایه‌خی پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری و كتێبخانه‌ی كوردی كردووه‌. فۆلكلۆری كوردیش به‌شێكی دیار و به‌رچاوی له‌م توێژینگه‌یه‌دا هه‌بووه‌ و كۆمه‌ڵێك كتێب و چالاكی به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی فۆلكلۆر و داب و نه‌ریتی كۆنی كوردی هه‌بووه‌ و پشكێكی باش و به‌رچاوی له‌وێدا به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆری كوردیی توێژینگه‌ی كوردستانناسی وه‌كو یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ئه‌م توێژینگه‌یه‌ و بگره‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردی و ئه‌ده‌بی كوردیدا، دیار و به‌رچاوه‌ و كۆمه‌ڵێك مرۆڤی له‌ خۆبردوو به‌ بێ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ك، سه‌رقاڵی به‌ ئاكام و ئامانج گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی كه‌ چه‌ند وتووێژێكم له‌ خزمه‌تی هه‌ڵسووڕێنه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا هه‌بێت و زیاتر كار و چالاكی و ئه‌مانجه‌كانیان بناسێنین. به‌م پێیه‌ و به‌و پێشه‌كییه‌ چووینه‌ خزمه‌تی به‌رپرسانی پڕۆژه‌كه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان: دكتۆر نه‌جمه‌دین جه‌باری و هێرش شێرزاد و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی فۆلكلۆری كوردیی شاری بانه‌، خاتوو مه‌هناز مه‌ولوودی و خاتوو سارا ئه‌حمه‌د زاده‌.

سازدانی: ئارش میهره‌بان

سه‌ره‌تا ده‌چینه‌ خزمه‌ت دوكتۆر نه‌جمه‌دین جه‌باری. دكتۆر جه‌باری مامۆستای به‌شی فارسیی زانستگای كوردستانه‌ له‌ سنه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌.
*تكایه‌ دكتۆر وه‌كو یه‌كه‌مین پرسیار، با بچینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای درووستبوونی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌.
-ده‌توانم بڵێم كه‌ ئه‌م كاره‌ دیرۆكێكی سه‌یری هه‌یه‌. من سه‌ره‌تای درووستبوونی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ هاتمه‌ زانستگای كوردستان و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌وێدا بوو به‌ یه‌كێك له‌ په‌رۆشییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانم. ده‌توانم بڵێم كه‌ له‌ ساڵی 1380ی هه‌تاوییه‌وه‌ (2001)، كاتێك كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت وه‌كو مامۆستای میوان له‌ زانستگای ئازادی سنه‌ وانه‌ی شانامه‌ی فارسییان به‌ من سپارد، بۆ چالاكی ئه‌و وانه‌یه‌ رامسپارد به‌ خوێندكاره‌كان كه‌ هه‌ركه‌س له‌ ناوچه‌ی خۆی چیرۆكێكی تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه‌ بهێنێت. ده‌توانم بڵێم كه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ چۆنییه‌تی كۆكردنه‌وه‌یان دێته‌ ئه‌ژمار به‌ڵام، هه‌نگاوی جیددی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كاتێك بوو كه‌ من له‌ ساڵی 1388ی هه‌تاوییه‌وه‌ (2009) بووم به‌ سه‌رۆكی توێژینگه‌ی كوردستانناسیی زانستگای كوردستان. مه‌رجی سه‌ره‌كی من بۆ به‌ لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌، پڕۆژه‌یه‌ی كۆردنه‌وه‌ی چیرۆكی فۆلكلۆری كوردی بوو كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌یان بۆ په‌سه‌ند بكردینایه‌ و بڕه‌ پاره‌یه‌كیشان بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ته‌رخان بكردایه‌ تا ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ دوكتۆر غوڵامحسێن كه‌ریمی دووستان سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی زانستگای كوردستان و دوكتۆر عه‌بدوڵڵا سه‌لیمی جێگری توێژینه‌وه‌ی زانستگای كوردستان، به‌ پیریه‌وه‌ هاتن و له‌ ساڵی 1389ی هه‌تاوی (2010) وه‌كو گه‌ڵاڵه‌یه‌ك په‌سه‌ند كرا.
*لە سه‌ره‌تای بانگهێشتتان بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چۆن بوو؟
-له‌ سه‌ره‌دا ئێمه‌ بانگهێشت نامه‌یه‌كمان بڵاوكرده‌وه‌ تا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خوازیارن ته‌ڤڵی ئێمه‌ ببن. ئێمه‌ شێوه‌ نامه‌یه‌كمان ئاماده‌كردبوو كه‌ بتوانین به‌ پێی ئه‌و شێوه‌ نامه‌یه‌، كاره‌كانمان ده‌ست پێبكه‌ین. هه‌ر له‌و كاته‌دا بوو كه‌ هێرش شێرزادیش په‌یوه‌ست بوو به‌ ئێمه‌وه‌.
* بانگێهێشتنامه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستی ئه‌م كاره‌ ده‌بوون ده‌بوایه‌ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كیان هه‌ببوایه‌؟
-مه‌رجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ له‌و بانگهێشتنامه‌یه‌دا، خوێندكار بوون بوو. ئێمه‌ له‌ دانیشتنێكدا كارگایه‌كی فێركاریمان دانا و شێوازی كۆكردنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت شێوازی پۆشینی جلوبه‌رگ و ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ توێژه‌ر ده‌بێت له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ره‌چاوی بكات خرایه‌ به‌ر باس و شرۆڤه‌وه‌.
*ده‌ستپێكردن و شێوازی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چۆن و له‌ كوێیه‌وه‌ بوو؟
-له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌م كاره‌دا، له‌ زۆر شوێن و شار و دێهاته‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و پیرمانه‌وه‌ نه‌هاتن هه‌رچه‌ند كه‌، من هۆكاری ئه‌م شته‌ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ لاواز بوونی پڕوپاگه‌نده‌ی ئێمه‌ له‌و بواره‌دا و نه‌بوونی ئه‌و سۆشیال میدیایانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن. دووهه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئێمه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا حه‌ق و مافێكمان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دانابوو كه‌ كار ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا بوو كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌م شته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ پێناسه‌ بكرایه‌ و ئه‌مه‌ بۆ خوێندكارانیش شتێكی باش بوو له‌ پاڵ ئه‌و ئه‌ركه‌دا كه‌ ده‌یكێشن، به‌رهه‌مێكیشیان وه‌كو داهاتی ماڵی یان پاره‌ ببوایه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ نه‌چووه‌ پێش. بێگومان ئه‌مه‌ وه‌كو هه‌نگاوه‌كانی یه‌كه‌می ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بوو و من ته‌واوی ئه‌و ناڕێكییانه‌ ده‌گرمه‌ ئه‌ستۆی خۆم.
*ماوه‌یه‌ك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌ستانێكی به‌ خۆوه‌ بینی، هۆكاری ئه‌و وه‌ستانه‌ چی بوو؟
-كاتێك كه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌ستیپێكرد، له‌ به‌ر راسپارده‌یه‌كی وه‌زاره‌تی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ ئێراندا نه‌مامه‌وه‌. پڕۆژه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ ناوی سه‌رۆكی توێژینگه‌ی كوردستا‌ناسییه‌وه‌ بوو. یه‌عنی له‌ دوای منیش جێگره‌وه‌ی من ده‌بوو به‌ به‌ڕێوه‌ری ئه‌و پڕۆژه‌یه‌. دوو هاوڕێی هێژا هێرش شێرزاد كه‌ دواتر بوو به‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و بێگومان له‌ داهاتوویشدا ده‌بێته‌ مرۆڤیكی هێژا بۆ فۆلكلۆری كوردی و دووهه‌میان، ئیره‌جی ئه‌حمه‌دی بوو كه‌ هاتن به‌ ده‌م پڕۆژه‌كه‌ و تا كۆتاییش پێشچوون. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ دوای ئه‌م رۆیشتن و دابڕانه‌ كاتییه‌، نائومێدییه‌كیان بۆ پێش هاتبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ توێژینگه‌ی كوردستانناسی بێ سه‌رۆك مایه‌وه‌ و ئه‌وه‌یش كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌ سه‌ر پڕۆژه‌كه‌دا دانا و به‌ هۆی لاواز بوونی پڕۆژه‌كه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س له‌ پڕۆژه‌كه‌ كشانه‌وه‌.
*وه‌زعی پڕۆژه‌كه‌ له‌ ئێستادا چۆنه‌ و تا كوێ به‌ره‌وپێش چووه‌؟
-ئێمه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌م پڕۆژه‌مان ته‌رخان كرد بۆ مه‌ریوان و به‌شێك له‌ سه‌وڵاوا كه‌ كاری كۆكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆری كوردیی مه‌ریوان زۆر به‌ باشی به‌ڕێوه‌چوو. هه‌نگاوی دووهه‌می ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخان كرا بۆ سه‌وڵاوا و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا زۆر به‌ ڕێكوپێكی به‌ پێی چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئێمه‌ و بگره‌ پتر له‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌، گروپی بانه‌ بوو كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ شه‌ش خوێندكاری كوڕ و كچی خوێنگه‌رم و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ستبوونی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ به‌م گروپه‌ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ تا ئێستا زۆر به‌ باشی كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌، ده‌توانێت وه‌كو وێنه‌یه‌كی باش بێت بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. هه‌رچه‌ند كه‌ ئێمه‌ ئێستا سه‌رقاڵی كاراكردنه‌وه‌ی گروپی سنه‌ و كامێرانین و گروپی قوروه‌یش كه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی به‌ دوای كار و چالاكییه‌كانیه‌وه‌یه‌.
*ئایا ماوه‌یه‌كی كاتیتان بۆ كۆتاییهێنان به‌م پڕۆژه‌یه‌ دیاری نه‌كردووه‌؟
-زۆرم پێخۆشه‌ كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ كه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێوچانی ئه‌م لاوانه‌یه‌، له‌ كۆتاییدا بێت به‌ كتێب و كه‌لێنێك له‌ كتێبخانه‌ی كوردی پڕ بكاته‌وه‌ و توێژه‌رانێك له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان وه‌كو زمانه‌وانی، كۆمه‌ڵناسی، باوه‌ڕ و ئایین ناسیی و هتدد… كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن. بێگومان ئه‌مه‌ وه‌كو ئاواتێك بوو بۆ من به‌ڵام پێم خۆشه‌، ئێستا هه‌رچی هێز و وره‌مان هه‌یه‌ بیخه‌ینه‌ كۆكردنه‌وه‌ و له‌ ئێستا گرنگ بۆ ئێمه‌ كۆكردنه‌وه‌یه‌.
*به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی به‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژبه‌ڕۆژی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ئه‌و پێویستییه‌ نایه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی لێی بڕوانین؟
-بێگومان وایه‌ و ده‌بێت وه‌كو گه‌ڵاڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه‌ بكرێت. به‌ڕای من خاوه‌ندارێتی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ده‌بێت له‌ یه‌ك كه‌س و زانستگای كوردستاندا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی چاوی لێبكرێت. پێویسته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دابین بكرێت و به‌ هاوكاری ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت سامانێكی باشتر به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت. ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ زۆر شوێن وه‌كو « بان هه‌وه‌توو و سه‌قز» ئاخێزگه‌ی به‌یتن. هه‌رچه‌ند دیرۆكی ناوچه‌یه‌ك كۆنتر بێت، ئه‌و شوێنه‌ به‌ به‌یت ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌ و ده‌بێت ئه‌م چه‌ند شوێنه‌ ببێته‌ په‌رۆشییه‌كی زیاتر بۆ ئێمه‌.
*وه‌كو دوایین قسه‌ و ئاواتێك كه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌دا هه‌تانه‌ و حه‌ز ده‌كه‌ن به‌دی بێت چییه‌؟
-به‌ڕاستی ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م به‌یت و ئه‌فسانه‌ و ڕاسه‌ كوردییانه‌ هه‌مووی كۆبكرێته‌وه‌. دووهه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ ئێستا ئێمه‌ گوند به‌ گوند ده‌گه‌ڕێین و ده‌نگی ئه‌و به‌یتبێژانه‌ تۆمار ده‌كه‌ین، بگاته‌ قۆناغێكی باش بۆیه‌ ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌م كه‌ بتوانین به‌ زۆری له‌ شێوازی دیجیتاڵی به‌ باشی كه‌ڵك وه‌ربگرین و دیجیتاڵییان بكه‌ینه‌وه‌. هیوادارم خه‌ڵك زیاتر بێت به‌ هانامانه‌وه‌ و سپاسی ئه‌و لاوه‌ كوردكانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ به‌جێ ده‌گه‌ینن و دڵنیایشیان پێده‌ده‌م كه‌ مافیان له‌م پڕۆژه‌یه‌دا نافه‌وتێت.

وتووێژی دووهه‌ممان له‌گه‌ڵ هێرش شێرزاده‌. شێرزاد له‌ دایكبووی مه‌ریوانه‌ و كارناسی باڵای فه‌رهه‌نگ و زمانه‌ كۆنه‌كانه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌.
*هۆكاری چی بوو له‌ ناو فۆلكلۆردا ده‌ستان دایه‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌یته‌كان؟
-ئێمه‌ له‌ ناو فۆلكلۆری كوردیدا وێڕای ته‌واوی پانتایی و به‌ش و شێواز و لقه‌كانی، ده‌ستمان خسته‌ سه‌ر ڕاس و چیرۆكه‌كان. ئه‌مه‌یش به‌ پێی زانست و هه‌ڵكه‌وتێك كه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی خوێندنه‌وه‌ و ئه‌زموونێك كه‌ بوومانه‌، ده‌بینین ڕاس به‌ شێوازێكی زانستییانه‌ له‌ به‌شێكی زۆر له‌ لقه‌كانی فۆلكلۆردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بووه‌ بۆ وێنه‌، كاتێك گوێ له‌ ڕاسێك ده‌گرین به‌ هه‌موو پانتاییه‌كییه‌وه‌ وه‌كو ڕاسه‌ ئه‌فسانه‌یی و ئوستووره‌ و سه‌رگوزه‌شته‌كان و زۆربه‌ی ئه‌و شیكارییانه‌ی كه‌ بۆ ڕاس دانراوه‌، به‌ باشی ده‌بینرێت زۆر جار له‌ ڕاسه‌كاندا ڕیتمێكی گۆرانی ده‌گوترێت یان بێژه‌ر مه‌ته‌ڵێك دادێنێت یان شیعریك به‌ بۆنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ ( بڕیك له‌ ژانر و ئایتمگه‌لێكی كه‌ی فۆلكلۆریك له‌ درێژه‌ی گێڕاندنه‌وه‌یه‌كدا به‌دیده‌كرێت یان باشتر وایه‌ بڵێین شێوه‌ی ئه‌ده‌بی زۆرتری تێدایه‌). له‌ بواری زمانناسییه‌كه‌یه‌وه‌، ئێمه‌ ڕاسمان (واته‌ چیرۆكی فۆڵكلۆری) هه‌یه‌ كه‌ په‌نجا ده‌قه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئه‌گه‌ر كه‌سێكی چل په‌نجا ساڵه‌ خه‌ریكی قسه‌ كردن بێت، كۆمه‌ڵێك له‌ وشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه‌ بۆ دابه‌شكردن و سا‌غكردنه‌وه‌ی زاراوه‌ و بن زاراوه‌كانی زمانی كوردی پێویسته‌ و ته‌بارناسی (ره‌چه‌ڵه‌كناسی) زمانی لێ ده‌كرێن دێنه‌گۆ و هه‌ر وه‌ها به‌شێكی به‌رچاو له‌ بابه‌ته‌ رێزمانییه‌كانی زمانی كوردی به‌ ئاسانی به‌كار ده‌چن و ده‌توانن نموونه‌گه‌لێكی باش ببن بۆ پیشاندانی زمانی ره‌سه‌نی كوردی. بۆیه‌ وا ده‌زانم كه‌ بوونی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ « ڕاس»دا (چیرۆكی فۆڵكلۆری) له‌ كه‌متر به‌شێكی فۆلكلۆردا به‌و شێوه‌یه‌ به‌رفراوان ببینرێت. هه‌رچه‌ند ئه‌م بایه‌خپێدانه‌ له‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی دیكه‌یشدا به‌رچاوه‌ و ئه‌و گرنگایه‌تییه‌ی كه‌ به‌ ڕاسیان داوه‌، به‌ به‌شی دیكه‌یان نه‌داوه‌ و به‌و پێیه‌ به‌ هۆی فره‌ ده‌لیلی كه‌ ئێمه‌یش ده‌ستمان خسته‌ سه‌ر چیرۆك و ڕاسیی فۆلكلۆری كوردی.
*شێوازی دروستكردنی گروپه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چۆن بوو؟
-ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ چه‌ند گروپێكی باش بۆ ئه‌م كاره‌ پێكبهێنین هه‌رچه‌ند ره‌نگه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ نه‌ڕه‌خسابێت كه‌ توێژه‌رانمان بواری زانستییان په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ فۆلكلۆره‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌، ئێمه‌ كارگاگه‌لێكی راهێنانمان داناوه‌ و له‌و كارگایانه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و زانستانه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌ر توێژه‌رێك له‌ ناوچه‌ی توێژینه‌وه‌دا بیزانێت و به‌كاری بێنێت، وه‌كو شێوازی تۆماركردن، پۆلێن كردنی ڕاسه‌كان، باسكردن له‌ مێتۆده‌ جیهانییه‌كان له‌ بواری كۆكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌زموونه‌کانی پێشووی خۆشمانیان بۆیان باس كراوه‌.
*ئێوه‌ چه‌ند گروپتان هه‌یه‌ و بریتین له‌ چه‌ند كه‌س؟
-ئێمه‌ بۆ هه‌ر شارێك هه‌وڵمانداوه‌ گروپێكی چوار تا پێنج كه‌سی پێكبێنین و له‌ دوای راهێنان و دانانی كارگا (واته‌ خول) بۆ ئه‌و گروپانه‌، كاره‌كانمان بۆ دابه‌شكردوون. به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌شی مه‌ریوان، به‌شی نه‌مه‌شیری بانه‌، به‌شێك له‌ سه‌وڵاوا كه‌ چه‌ند ناوچه‌ی هه‌ورامان و ژاوه‌رۆیشی له‌ سه‌ره‌، زیاتر له‌ 79 له‌ سه‌دی كاره‌كه‌یان به‌ كۆتایی گه‌یشتووه‌ و له‌ شاری سنه‌یش، توانیومانه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌رمان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و به‌ ته‌ماین درێژه‌ی پێبده‌ین. له‌ شاری سه‌قزیش سه‌رقاڵی كاراكردنه‌وه‌ی گروپه‌كانیانین و به‌ داخه‌وه‌ دوو شار كه‌ تا به‌ ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ گروپێكی باشیان بۆ دابین بكه‌ین شاره‌كانی بیجاڕ و كامێرانن كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ش، ته‌واوی هێزمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ.
*ئێوه‌ وه‌كو به‌رپرسانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، چ شتگه‌لێكتان بۆ ئه‌و گروپانه‌ دابین كردووه‌؟
-ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ كه‌ به‌ یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ لایه‌نه‌ فه‌رمی و خه‌ڵكی ناوچه‌كان، په‌یوه‌ندی و ئاسانكارییه‌كی زیاتر بۆ كاره‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. دابینكردنی كه‌لوپه‌لی پێویست بۆ توێژه‌ران له‌ وانه‌، كامێرای فیلم و وێنه‌، ڕێكۆردر، پرسیارنامه‌ و نه‌خشه‌ی شاره‌كان بووه‌ كه‌ به‌ پێی توانا دابین كراوه‌ و بۆ هاتوچۆی توێژه‌رانیش ماشین دابینكراوه‌ كه‌ بۆ ئه‌مه‌ گرنگه‌ له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نی فه‌رمی و نافه‌رمیدا قسه‌كراوه‌.
*ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ به‌ جێگه‌یاندنی ئه‌ركی فه‌رهه‌نگی و نه‌ته‌وه‌یی، چ ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی بۆ توێژه‌ران هه‌یه‌؟
-به‌ پێی نه‌ریت و هه‌لومه‌رجی ئێستای كۆمه‌ڵگا و ژیانی ئێستامان، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ كارێك ده‌كات، به‌ تایبه‌ت كارگه‌لێك له‌م شێوازه‌، پێویسته‌ له‌ بواری بایه‌خییه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ماڵییه‌وه‌ پاڵپشتی بكرێت و ئه‌م پڕۆژه‌یشه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی مه‌یانییه‌ و پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێت، به‌ داخه‌وه‌ پشتگیرییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌كراوه‌. هه‌رچه‌ند كه‌ توێژینگه‌ی كوردستانناسی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ تا به‌ ئێستا، له‌ خۆ بوردووانه‌ و ماندوونه‌ناسانه‌ هه‌وڵی خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ به‌ره‌وپێش بردنی و كه‌وابوو ئێمه‌یش به‌ پێی توانامان تا ڕاده‌یه‌ك هاوكاری ماڵی توێژه‌ران ده‌كه‌ین و بڕێك پاره‌یان ده‌ده‌ینێ، هه‌رچه‌ند كه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ زۆر كه‌مه‌ و له‌ ئاستی ماندووبوونیاندا نییه‌. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ نێوان توێژینگه‌ی كوردستانناسی و توێژه‌راندا گرێبه‌ست ده‌به‌ستین و دۆسێیه‌یه‌كیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و وه‌كو توێژه‌رێكی فه‌رمی له‌ گه‌ڵیاندا مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت و مۆڵه‌تی فه‌رمییان پێده‌درێت. بێگومان له‌م كاره‌دا هه‌ر كه‌س هه‌ر شتێك بكات ناوی نافه‌وتێت و له‌ سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئێمه‌ ئه‌م توێژه‌رانه‌ به‌ زانستی تایبه‌ت و به‌ڕۆژ وه‌ك: شیكاری له‌ سه‌ر فۆلكلۆر به‌ گشتی و فۆلكلۆری كوردی به‌تایبه‌تی و پانتایی و تایبه‌تمه‌ندی و شێواز و جۆری پێكهاتن، پۆلێنكردن و چۆنیه‌تی گه‌ڕان و توێژینه‌وه‌ له‌م بواره‌دا و زۆربه‌ی زانسته‌ پێویسته‌كانی ئه‌م ڕێبازه‌یان بۆ باس ده‌كه‌ین و ڕایان دێنین. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ هه‌ركام له‌م توێژه‌ره‌ خۆشه‌ویستانه‌ له‌ ئاكامدا و دوای كۆتاییهاتنی پڕۆژه‌كه‌ شاره‌زای توێژینه‌وه‌ی ئه‌م بواره‌ن و هه‌ركام بۆ خۆیان مامۆستایه‌كی زۆر باشیان لێ ده‌رده‌چێت و وه‌ها ده‌زانم كه‌ ئه‌مه‌ كه‌م ده‌سكه‌وتێك ده‌بێت بۆیان.
*به‌رنامه‌ی داهاتووتان بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ چییه‌؟
-ئێمه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ندێ به‌رنامه‌مان داڕشتووه‌ بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌. بۆ وێنه‌ ده‌توانین به‌ دانانی هه‌ندێ كارگا- خول له‌و بواره‌دا ئاماژه‌ بكه‌ین. هه‌ر بۆیه‌، به‌ هاوكاری دوكتۆر بێهروز چه‌مه‌نئارا سه‌رۆكی توێژینگه‌ی كوردستانناسی به‌ بانگهێشتكردنی چه‌ند كه‌سی زانا له‌و بواره‌دا وه‌كو پڕۆفیسۆر «ئۆلریش مازرۆلف» و «كریستییه‌ن ڕابینز» وا بڕیاره‌ كه‌ هه‌ندێ كارگای فێركاری له‌ زانستگای كوردستاندا، دابنێردرێت. به‌رنامه‌ی دیكه‌یشمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ دوای تۆماركردن و دابه‌زاندن و هه‌ڵه‌گری و نووسینی، له‌ چوارچێوه‌ی گه‌ڵاڵه‌ ده‌ریبێنین و بیكه‌ین به‌ كتێب و به‌ دیجیتاڵكردنی ئه‌م چیرۆك و ڕاسانه‌ و دانانی له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕی كوردستانناسی و كه‌ڵك وه‌رگرتنیان به‌ شێوه‌ی خوڵقاندنه‌وه‌ی دووباره‌یان له‌ به‌رنامه‌كانی داهاتوومانه‌. په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ئه‌نستیتۆی كه‌له‌پووری كوردیی مامۆستا مه‌زهه‌ر خالقی له‌ كاره‌كانی دیكه‌مان بووه‌ و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان زیاتر بكه‌ینه‌وه‌. ئاواتێك كه‌ له‌ ناخی دڵه‌وه‌ حه‌ز ده‌كه‌م بێته‌دی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیوادارم له‌ توێژینگه‌ی كوردستانناسی لقێك له‌ ژێر ناوی فۆلكلۆر دابمه‌زرێت و له‌ ژێر ئه‌م لقه‌دا بتوانرێت په‌ره‌ به‌م كارانه‌ بدرێت. بێگومان ده‌سته‌ به‌ربوون و به‌ ئاكام گه‌یشتنی ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ هاوكاری هه‌مه‌ چه‌شنه‌ و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی دڵسۆزانی داب و نه‌ریت و فۆلكلۆری كوردی گه‌ره‌كه‌ هه‌ر بۆیه‌، لێره‌وه‌ داوا له‌ ته‌واوی دڵسۆزانی فه‌رهه‌نگ و فۆلكلۆری كوردی ده‌كه‌م كه‌ په‌یوه‌ستمان بن و له‌م ڕێگه‌دا ببن به‌ هاوڕێ و یارمه‌تیده‌رمان.

گروپی بانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گروپه‌ دیار و چالاك و به‌رچاوه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌یه‌ و كه‌ توانیویانه‌ هه‌نگاوگه‌لێكی باش له‌م بواره‌دا هه‌ڵبگرن. گروپی بانه‌ تا به‌ ئێستا پێكهاتوون له‌ پێنج خوێندكار به‌ ناوی مه‌هناز مه‌ولوودی، سارا ئه‌حمه‌د زاده‌، ته‌رانه‌ موحه‌مه‌دی، موحه‌مه‌د موحه‌مه‌په‌نا و نیما ئیبن عه‌باس، كه‌ وتووێژی كۆتاییمان له‌ گه‌ڵ دوو ئه‌ندامی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌.
*خانم مه‌هناز مه‌ولوودی تكایه‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ست بوونی خۆتان به‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ باس بكه‌ن.
-من منداڵ بووم و له‌ بیرمه‌ كه‌ دایه‌ گه‌وره‌م به‌رده‌وام چیرۆكی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌ و ئه‌وه‌ وه‌كو خولیایه‌كی نه‌بڕاوه‌ له‌ بیر و زه‌ینمدا بوو. ته‌نانه‌ت له‌ ته‌مه‌نی13 و 14 ساڵاندا، هه‌میشه‌ وه‌كو دڵه‌دڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ بۆم كه‌ بۆچی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ كردووه‌ به‌ڵام له‌ لای كورد ئه‌م شتانه‌ لاوازه‌ و كارێكی بۆ نه‌كراوه‌؟ هه‌تا ئه‌وه‌ی كه‌ هاتین بۆ زانستگای كوردستان، زانیمان كه‌ توێژینگه‌ی كوردستانناسی وه‌ها كارێكی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئێمه‌یش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووین به‌و كاره‌وه‌.
*خانم سارا ئه‌حمه‌د زاده‌ ده‌ستپێكی كاره‌كه‌تان به‌ چ شێوازێك بوو؟
-ئێمه‌ وه‌كو یه‌كه‌مین گروپێك كه‌ ده‌ستمان كردبوو به‌ كاره‌كه‌، كۆمه‌ڵێك گرفت و كێشه‌مان له‌ به‌رده‌مدا بوو و بێگومان گروپه‌كه‌یشمان لاوازییه‌كی پێوه‌ دیار بوو و كاره‌كان به‌ باشی نه‌ده‌چوونه‌ پێش و پێداویستی باش و ئه‌وتۆمان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو. به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ هه‌موو كه‌م و كووڕی و گرفتی سه‌ر ڕێگه‌مانه‌وه‌ ساچاین و له‌ دووهه‌مین مانگی هاویندا، به‌ره‌ به‌ره‌ لاوازییه‌كانمان كه‌م بۆوه‌ و گه‌شه‌یه‌كی باشی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی.
* خانم مه‌ولوودی یه‌كه‌مین دێهاتێك كه‌ ده‌ستان پێكرد كوێ بوو؟
-یه‌كه‌مین دێهاتێك كه‌ ده‌ستمان پێكرد ئاوایی به‌رده‌ڕه‌ش سه‌ر به‌ به‌شی نه‌مه‌شیر بوو.
*خانم ئه‌حمه‌د زاده‌ یه‌كه‌مین چیرۆكێك كه‌ تۆمارتان كرد له‌ كێتان وه‌رگرت و چ چیرۆكێك بوو؟
-یه‌كه‌مین چیرۆكێ كه‌ تۆمارمان كرد چیرۆكی له‌یلێ و مه‌جنون بوو كه‌ پیاوێكی ته‌مه‌ن 80 ساڵ به‌ ناوی ره‌حیم سڵێمانی بۆی گێڕاینه‌وه‌.
* خانم مه‌ولوودی شێوازی پێشوازی خه‌ڵك له‌ ئێوه‌ چۆن بوو؟
-تا ڕاده‌یه‌ك باش بوو. له‌ زۆرێك له‌ شوێنه‌كان پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رم و گوڕیان لێ كردین. ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیان جلی كوردی جوانیان له‌به‌رده‌كرد و ڕیزیان ده‌به‌ست و سروود و شیعری كوردییان ده‌خوێنده‌وه‌ بۆمان. ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ له‌ هه‌ندێ له‌ شوێنه‌كانیشدا، سه‌ره‌ڕای ناساندنی ته‌واوی خۆمان به‌ خه‌ڵك و به‌رده‌نگه‌كانمان، ئه‌م پرسیار و توێژینه‌وه‌ به‌لایانه‌وه‌ نامۆ بوو و هاوكارییان كه‌م بوو و بگره‌ به‌ چاوێكی دیكه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كردین.
خانم ئه‌حمه‌د زاده‌ به‌ چ شێوازێك ئه‌و به‌یتانه‌تان تۆمار ده‌كرد؟
-ئێمه‌ ڕۆژێك به‌ر له‌وه‌ی كه‌ بچین بۆ تۆماركردنی به‌یته‌كان، له‌ نێوان خۆماندا كۆبوونه‌وه‌مان ده‌به‌ست كه‌ ده‌بێت چه‌ند دێهات بچین؟ چۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌یتبێژه‌كاندا بگرین؟ ته‌نانه‌ت شێوازی جل و به‌رگی خۆیشمان دیاری ده‌كرد بۆ باشتر په‌یوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ به‌یتبێژه‌كان.
*خانم مه‌ولوودی ئامرازی كاره‌كه‌تان چ شت گه‌لێك بوون؟
-ئامراز و كاره‌كانی ئێمه‌ بریتی بوون له‌ كامێرای فیلم و وێنه‌گرتن، رێكۆردرێك بۆ تۆمار كردنی ده‌نگه‌كان. ئه‌وه‌یش بڵێم كه‌ هه‌ندێ له‌ ژنان و پیاوان، له‌گه‌ڵ كامێرادا ڕاحه‌ت نه‌بوون و ئێمه‌ مه‌جبوور ده‌بووین كه‌ ته‌نیا ده‌نگیان تۆمار بكه‌ین.
* خانم ئه‌حمه‌د زاده‌ ئێوه‌ وه‌كو گروپی بانه‌ تا ئێستا چه‌ند چیرۆكتان كۆكردوه‌ته‌وه‌؟
– زیاتر له‌ 200 چیرۆكی باش به‌ ده‌نگ و فیلمه‌وه‌.
* خانم مه‌ولوودی به‌رنامه‌ی داهاتووتان بۆ ده‌ستپێكی دووباره‌ی پڕۆژه‌كه‌ چییه‌؟
-به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ چه‌ند كه‌سی دیكه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ گروپه‌كه‌مانه‌وه‌ و ئه‌مه‌ جێی خۆشحاڵییه‌ به‌ڕاسی كه‌ ده‌توانن كاره‌كان باشتر به‌ره‌وپێش ببه‌ین و بێگومان به‌ وزه‌ و گوڕ و تینێكی زۆره‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ كار و چالاكییه‌كانمان. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كانمان له‌ سه‌ر ڕێگه‌ لابچن.
*خانم ئه‌حمه‌د زاده‌ وه‌كو ئاوات و دوایین قسه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌تانه‌ تكایه‌ بفه‌رموون:
-بێگومان ئاواتی هه‌موومان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌رهه‌می ئه‌م ڕه‌نج و ماندووبوونه‌ بگاته‌ سه‌مه‌ر و ببێت به‌ كتێبێك و پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ی كوردی بكرێت. ئه‌وه‌یشمان بیر نه‌چێت كه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر توێژینگه‌ی كوردستانناسی نه‌بوایه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هیچكات به‌م شوێنه‌ نه‌گه‌یشتایه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ سوپاسی خۆمان ئاراسته‌ی توێژینگه‌ی كوردستان ناسی ده‌كه‌ین و هیوای به‌رده‌وامی بۆ ئه‌ندامانی و پشتگیری هه‌میشه‌ییان ده‌خوازین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەزانی چۆن حەزدەکەم هەڵوەرێم؟

‎ئاوات حەسەن ئەمین ‎حەز دەکەم .. کاتێ ‎وەختی ماڵئاواییم دێت ...