سەرەکی » دۆسێ » مێژوی دامەزراندنی یەکەم حکومەتی (مەلیك مەحمود) لە سلێمانی

مێژوی دامەزراندنی یەکەم حکومەتی (مەلیك مەحمود) لە سلێمانی

م. شێخ فوئاد به‌رزنجی

لەدواییەکانی جەنگ و گرتنی بەسڕەو دواتر ناوەڕاستی عێراق و بەغدادو هاتنی هێزەکانی بەریتانیا بەرەو کوردستان به‌تایبەت شاری کەرکوك ، ئینگلیزەکان و هێزەکەیان شاری کەرکوکیان لەڕێکەوتی (7/5/1918)گرت. دەوڵەتی عوسمانی هێزەکەی یان سوپاکەی لەشاری سلێمانی کێشایەوە، هەموو پیاو ماقوڵان کۆبوونەوە لەناوچەکەدا لەگەڵ سەرۆك خێڵەکان و دواتر بڕیاری دامەزراندنی (حکومەتێکی کوردی کاتی) یاندا بەسەرۆکایەتی شیخ مەحمود، بۆیە شیخ مەحمود دوای ئەوە نامە دەنێرێ بۆ بۆ جەنه‌ڕاڵی فەرماندەی هێزەکەی ئینگلیز لەکەرکوك بەهۆی عه‌بدوڵڵا سافی یەعقوبیەوە ، وە نامەیەکیش بۆ وێڵسن حاکمی ئینگلیز لەبەغداد دەنێرێ بەهۆی موحسین ئاغای کفری یەوە.
شیخ لەو نامەیەدا وەک نوێنەری کودستان (جنوب) ی باشوور، بەڵکو وەك ڕۆژهەڵاتیش هەتاکو دەگاتە شاری (سنە) خۆی دەناسێنێ و دواتر ناوچەکە حوکم بکەن و بیداتە دەستیان یان خۆی وەك نوێنەری ئەوان حوکم بکات.
وە خۆشحاڵی خەڵکی کوردستانی بۆ باسکردبوون به‌رامبه‌ر به‌ سەرکەوتنەکانیان، بەتایبەت کەلە ژێر دەستی تورکە عوسمانیەکان ڕزگاریان بووە، بەڵکو لەژێر سایەی حوکمی ئینگلیزدا ببوژێنەوەو ئازادبن و ناوچەکە گەشەبکات و تاکۆتایی بەنامەکە هێنابوو کە ئیتر نەهێڵن جارێکی تر تورکەکان بێنەوە ناوچەكەو دەسەڵاتیان هەبێ.
بەڵام ئەوهێزانە لە (24/5/1918) له‌ بەر گوشاری سوپای تورك کەرکوکیان چۆڵ کردو تورکە کانیش گەڕانەوە سلێمانی، عەبدوڵڵا سافی ناوەرۆکی نامەکەی شێخی گەیاندە تورکەکان، بۆیە بە مستەفا بەگی قایمقامی فەرماندەی فەوجەکەی تورك لەشاری سلێمانی وترا ئیتر شێخ بەفێڵ دەسگیر کراو ناردیان بۆ شاری کەرکوك .
لەسەر ئەو نامەیە بڕیاری خنکاندنی شێخ درا، بەڵام فەرماندەی تازەی تورکی ئۆردووی شەشەمی عوسمانی بەهۆی ناوبانگ و کەسێتی شێخ و دەسەڵاتەکەی بەهیوای هاوکاری کردنی تورکەکان لەکاتی تەنگانەدا بانگی کردە موسڵ و لێی خۆش بوو، بەپێچەوانەوە (500) پێنج سەد لیرەی زێڕی دایەو کردیە سەرلەشکری میللی ناردیەوە بۆسلێمانی هەتاکو هێزێکی باشی عەشایەر کۆبکاتەوەو یارمەتی چەك و پێویستیەکانیشی لەسەربازگەی سلێمانی وەربگرێ.
بەڵام هێزەکانی ئینگلیز لە ڕێکەوتی (2/5/1918) شاری کەرکوکیان گرتەوەو لە ڕۆژی (31/5/1918) ئاگر بەست و ڕێکەوتنی مۆدرێس مۆرکرا. ئیتر کۆتایی بە یەکەم جەنگی جیهانی هات و ئاگری جەنگ کوژایەوه‌. دوای ئەم ئاشوبی جەنگە، عەلی ئیحسان پاشا هەر بەتەلەگراف فەرمانیدا بە موتەسڕیفی شاری سلێمانی کە عەلی ڕه‌زا بەگ بوو کە ئیدارەی سلێمانی بدات بە شیخ مەحمود و هەروەها نازناوی (نەقیب) یشی بۆ وەرگرت، ئیتر هەر فەوجە عەسکەرەکەی تورك مایەوە لەشاری سلێمانی و دوای داگیرکردنی موسڵ لەبەرواری (10/11/1918) هەموو کوردستانی باشوور کەوتە ژێر فەرمانی ئینگلیزەکان ( بریتانیا). شیخ مەحمود دیسان هەلی قۆستەوە بەباشی زانی کە لەکاتێکدا بەریتانیاو فەڕه‌نسا ئەو ماوەیە بەیانێکیان ڕاگەیاند لە (8/11/1918) دا کە ئەمان فریادڕەسن و هاتوون بۆ ڕزگار کردنی هەموو ئەو گەلانەی کە چەوساوەن و لە کۆنەوە بوونەتە ژێری نیری تورك و دەناڵێنن بەدەستیانەوەو ئیدای نیشتمانیان بۆ دادەمەزرێنن و حکومی خۆیان دەدەنە دەست خۆیان، بۆیە جارێکی تر وەك نامەکانی پێشووی کەچی داواکردبوو بۆ کورد بۆ دڵنیاکردنەوەیان کە کورد نەبوێرن لە لیستی میللەتانی ڕزگاریخوازدا، بە هەردوو نوێنەری خۆیدا عیزەتی تۆپچی و فایەقی تاپۆدا نامەیکی نارد بۆ کاربەدەستانی ئینگلیز لەکفری.
بۆیە میجەر نوئێل بەیاوەری نێردراوەکانی شێخ مەحمود کە حاکمی سیاسی نێوان زێی گەورەو سیروان بوو، لەڕێگەی کفرییەوەبوو هاتە داری کەلی و ئەشرافان و پیاوماقوڵانی شار بەپیریەوەچوون هه‌تا پاشنیوەڕۆی (16/11/1918) بە ڕێنوێنیەکانی بریکاری حاکمی گشتی گەشتنە شاری سلێمانی. وەك خۆی بروسکەی بۆ بەغداد لێداوە ((وەك مەلیك پێشوازی کراو نوێنەرانی دێهات بەدرێژایی ڕێگا ڕاوەستان و نیشانەی پێخۆش بوونیان بەبۆنەی هاتنیەوە پێوه‌ دیاربوو)) هەر لەبروسکەکەدا، نوسیبووی: من وای نابینم پاشەڕۆژ کۆسپێکی زۆر بێته‌ ڕێی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەسایەی ئێمەدا بەکۆنترۆڵی ئەفسەرە سیاسیەکانمان، بەمەرجێك ئێستا ڕێ و شوێنی پەلەی بۆ دابنرێ. جوڵانەوەکە هیچ نەبێ لەسلێمانی بەهێزە.
نوئێل پێ بەپێ ڕایسپارد کە جوڵانەوەیەکی تری هاوشێوە لەچەند ناوچەیەکی کوردنشینی باکوری موسڵ بخوڵقێنرێ.
نوئێل بەئاگاداری هەموو سەرۆك خێڵ و خاوەن کەسایەتیەکان و تەنانەت کەسایەتیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەشاری سلێمانی لەبەردەرکی سەرادا لە بەرواری (17/11/1918) کە هەموو خەڵكی شار کۆکرابۆوە، ئەوەی ڕاگەیاند کە شێخ مەحمود حوکمداری کوردستانە، خەڵكی تەواو دڵخۆش و بەختەوەربوون بەو بڕیارەی کە نۆئێل ڕایگەیاند.
لەپاشاندا وەك ئەوەی پێشتر لیوا لە سەردەمی عوسمانیدا کراو لیوا دامەزرێندرایەوە، نۆئێلیش خۆی به‌ حاکمی سیاسی دانرا لەبینای قوتابخانەی ئیعدادیه‌ی موڵکی زەمانی تورك. لەم حکومەتەدا سەید عومەر مامی شێخ کرا بە موتەسەڕیف و حاجی سەید حەسەن مامەکەی تری بەحاکم، یان ڕەئیس شەرع شێخ قادری حەفید بەسوپاسالاری هێز، (تایەری ئەمینی فەرخە) بە بەڕێوبەری پۆلیس (حەمیدی ساحێب قڕان) و)ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ) بەسەرۆکی شارەوانی. لێرەوە دەبێ بزانین کە ئەم حکومەتە نە زمانحاڵ نە ڕۆژنامەیەك، هیچی نەبوو، تەنها ئەوەندە نەبێ کە زمانی کوردی کرایە زمانی فەرمی بەڕێوەبردن.
ئیتر ئەوەبوو نۆئێل گەشتە شار، لەم سەردەم وکاتەدا برسێتی تەواو خەڵکی پەرێشان کردبوو، حاڵێکی حراپ دەگوزەرا، بەتایبەت بەهۆی ئەو تاڵانییەی تورکەکان کردیان لەدواساتەکانی وەستانی جەنگی یەکەمی جیهانی، لاشە لەسەر جادەو ڕێگاو بانەکان و کۆڵانەکان کەوتبوو، ماڵە چۆڵەکان ڕووخابوون بەسەریەکدا، لەڕاستیدا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شاری سلێمانی تیاچوو بوو، کە لەسێ بەش بەشێکی ئەو ژمارەیە مابوو کە لەپێش جەنگی جیهانی یەکەمەوە تێیدابوو، لە دانیشتوانەکەی و ئەو ئازوقەیەی کە فریاخراو دابەشیان کرد بەسەر خەڵکیدا، کەمێك خەڵکەکەی بوژاندەوەو دۆخەكه‌ گۆڕا.
ئەوەبوو وێڵسن بە فڕۆکە هات بۆ شاری سلێمانی، بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەی نۆئێڵ لەگەڵ نزیکەی شەست گەورە پیاوان و سەرگەورەی ناوچەکە کۆی کردبوونەوە ئامادە بێت، دوای گفتو گۆیەکی زۆر شێخ مەزبەتەیەکی ئامادە کردبوو، بەئیمزای چل گەوڕە پیاو وەك نوێنەرانی خەڵك و دای بە وێڵسن، ناوەرۆکی مەزبەتەکە باسی ئەوە بوو کە بریتانیا نیازیەتی گەلانی ژێر دەستەی عوسمانیە تورکەکان ڕزگاربکات و یارمەتیان بدات بۆسەربەخۆییان،وە داوا دەکەین پارێزگاری کورد بکات هەتا پێسکەوتنی زامن و مسۆگەر دەبێت، وه‌ وێڵسن ئاشکرای کرد کە ڕێ لە هیچ ناوچەو هۆزێکی نێوان زێی گەورەو سیروان ناگرین بێتە ژێر ئاڵای شێخ مەحمود کە لەبری حکومەتی بەریتانیا بەڕێوەی دەبات پشتیوانی مەعنەوی لێدەکەین.
نوئێل لە کانونی یەکەمی 1918 به مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئیداریی ناوچەکانی باکورو باکوری ڕۆژئاوا ئەو هەرێمەی سەرپەرشتی دەکرد گەشتکی دەست پێ کرد له‌ 25/11 گەشتە کۆیەو لە27 ئەو مانگە گەشتە ڕەواندز، لەگەشتەکەیدا بۆی دەرکەوت هەموویان شێخ مەحمودیان قبوڵە کە دوای چەند هەفتەیەك گەڕایەوە بۆ سلێمانی پێشنیازی بۆ حکومەتەکەی شێخ مەحمود کرد کە دەوڵەتێکی کوردی پێکك بهێنرێ بەرەو باکور تا شاری (وان).
نۆئێل لەم ماوەیەدا خەریکی نووسینەوەی چەند مەزبەتەیەكی پشگیری بوو لەگەڵ شیێخ ،حسێن نازم هی کوردانی ڕۆژهەڵات کەبەدەستی خۆی بەتورکی و فارسی نوسییەوە کە عیزەتی تۆپچی و عەبدوڵڵا ئاغای حاجی حەمەسەعید بەڕاسپێری شێخ نێردرابوونە ئەودیو، بۆ ڕاپەڕینی ئەم بەشەی کارەکە مامۆستا ڕەفیق حیلمی ئەوانەی ترو چونکە شەریف پاشا دەمڕاست و نوێنەری کوردان بوو لە کوردستانی باشوورو هەندێ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ ئەوەی لەکۆنگرەی ئاشتی داکۆکی لەمافەکانی کورد بکات، سەید ئەحمەدی بەرزنجی و ڕەشید زەکی کابانی فەڕه‌نسی زان دیاری کران مەزبەتەکان بگەیەننە دەستی لەپاریس، ئه‌وەبوو ئەو دووانە لە (19/3/1919) خۆیان گەیاندە شاری بەیروت، بەڵام بەهۆی تێكچوونی نێوان شێخ و ئینگلیزەکان و بەرپابوونی شەڕی دەربەندی بازیان سەفەرەکەیانی پەك خست و فەڕەنسیەکان بە بە قسەو فیتی ئینگلیزەکان دەستگیریان کردن و هێنایاننەوە موسڵ و له‌وێ حوکمدران. وێڵسن دەڵێت: لایەنگرانی زۆرو فرە ژمارە، هەروە ها تەماعێکی زۆری هەبوو بەو ناوچانەی لەژێر دەستیا بوو، ڕازی نەبوو، بۆیه‌ هەوڵی دەدا کەخێڵ وناوچەکانی هەولێر ناوچە کورد نشینەکانی و موسڵی بخاتەسەرو بیانخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆی، چونکە هەرچی کوردانی وڵاتی فارسە لەگەڵ موسڵ حەزیان دەکرد لەژێر فەرمانی ئەودا حکومەتێك دابمەزرێنن بەسەرپەرشتی بەریتانیا، چونکە شێخ پێی وابوو ئینگلیز ڕزگارکەری کوردە لە حوکمی تورك و یامەتی دەدەن حکومەتێکی کوردی پێك بهێنێ لەچیای حەمرینەوە تا سنوری ئێران و ناوچەی شەمزینان، هەرچەندە نەبینراوە که‌ وەزارتی هیندو وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا تا پێچرانەوەی ئەو ڕۆژگارەیش سیاسەتێکی کوردی ئاشکرایان هەبێت، بەڵام هەردوکیان ئەوەیان دوپات دەکردەوە کە ئەم بەشەی باشور نەخێرێتە سەر دەوڵەتی عەرەی ئایندەی (عێراق) تەنانەت لە کۆنگرەی ئاشتی پاریسدا بەریتانیاش وای بۆدەچوو کە دەبێ ئەو دەوڵەتە تازە عەرەبیەی کە دادەمەزرێنرێت لە سنوری عەرەبی نشین بچێتەدەر، بەڵام وێڵسن بەهۆری باری ئابوری و ستراتیژی ناوچەکە بەردەوام کاری بۆ ئەو پێوە لکاندنە دەکرد، کە ئەو هەرێمە گۆشت و دانەوێڵەو میوەو توتن و پێداویستیەکانی بۆ دابین دەکردن، وە دەبووە ڕێگر لەبەردەم هەڕەشەی وڵاتی تورکیا بۆ سەر وڵاتی(عێراق) ی نوێ، هەروەها وێڵسن کۆتایی شوباتی 1919بانگ کرا بۆ پاریس و دواتر پایتەخی بریتانیا (لەندەن) هەموو پێشنیازەکەی ڕەتکرایەوە، پێی ڕاگەیەندرا وەك فەرمان کە ناوچەکانی موسڵ کە کوردنشینە بکرێتە چەند دەوڵەتۆکەیەکی کوردی بچوك و سەربەخۆ. سەرکردە کوردەکان بە ڕاوێژی ئەفسەرانی سیاسی ئینگلیز حوکمیان بکەن، کەچی دوای ئەوەی وێڵسن گەڕایەوە ئەوەی بڕیارەکەو فەرمانەکە جێبەجێ بکات بەپێچەوانەوە نەخشەی بۆ کەمکردنەوه‌ی دەسەڵاتی شێخ مەحمودی دانا، کە ئەوە بووه‌ ڕێگرێکی سەرسەختی بەرنامەکەو شێخ مەحمود، بەڵام شێخ مەحمود ملی نەدەدا بۆ ئەوەی سنوری بۆ دابنێنن و ناوچەکانی ژێر ده‌ستی کەم بکەنەوە کە بەپێچەوانەوە دەیویست کۆنترۆڵی ناوچە عەشایەرو نیشتەجێیەکانی تریش بکات، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی وێڵسن لەگەڵ نوئێڵ و لیچمەن و سۆن و گۆردندا کۆببێتەوەو بڕیاریدا نۆئیل لاببرێت و مێجەرسۆنی توڕەو توندو تیژ لەجێگەی دابنرێ، کە لە مارتی 1919دا جێگەی گرتەوە.
چونکە مێجەر نۆئیل توندو تیژی نەدەنواندو لایەنگری کورد بوو حەزی بەدامەزراندنی دەۆڵەتی کوردی دەکرد دژی لکاندنەکەی کوردستانی باشوور، بوو بە ولایەتەکانی بەغدادو بەسرە، وە به‌ ئەو ڕاستیە مێجەر نوئێڵ لەڕاپۆرتی ساڵی 1919دا دەریخستوە کە شێخ مەحمود بەپێی ئەو نەخشەو دەستووە دەجوڵایەوە کە بۆی دیاری کرابوو، وە دەڵێت تا شوباتی 1919هیچ ناکۆکیەك و پشێوییەك له‌ گۆڕێدا نەبوو. وێڵسن تا گەشتەوە سلێمانی بڕیارو سیاسەتی بۆ خۆی دانابوو، بۆیە کاتێ کە گەڕایەوە لە(24/4/1919) د و گەشتەوە سلێمانی، کاتێ کە شێخ مەحمود بۆ پێشوازی لەگەڵ ئەشرافانی شاردا دەچن هیچ ڕوو بەشێخ مەحمود نادات.
مێجەر سۆن لەو ماوەیەی حوکمی شێخ مەحمودا(20/5/1919) تا دواییەکانی ئەو سەردەمە، دواتریش مایەوە، بەڵام مێجەر نۆئیڵ دەستی کرد بە گەشتێکی دوورو درێژ بۆ کوردستانی باکور.
دوای ئەوەی مێجەرسۆن هاتەوە سلێمانی یان نێردرابێتەوە هیچ گرنگ نیە، چونکە مێجەریسۆن هەموو هەوڵەکانی کە لە خەیاڵیدا دایڕشتبوو بۆ ئه‌وەبوو کە حکومەتەکەی شێخ بچوك بکاتەوە، ئەوەبوو سەرەتا هەوڵیدا شێخ مەحمود لەخشتە ببات، ئەوەش بە پێدانی هەموو ئەو موڵك و زەوی و زارانەی سلێمانی و دەورو بەری لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی کە بریتی بوو 14هەزار ڕوپێیە، کە وه‌ك موچەی حوکمدار پێیان دەدا، لە بەرامبەردا واز لەحوکمدارییەکەی بهێنێ، بەڵام کاتێك ئەم بیرۆکەیەی خستە بەردەم شێخ مەحمود زۆری پێناخۆش بوو، بۆیە هەموو کەسوکارو ئەشرافی شارو کار بەدەستان کۆدەکاتەوە پێشنیازەکەی سۆنیان بۆ باس دەکات و پێیان دەڵێ دەیانەوێ بەم جۆرە لەخشتەم بەرن. دوای ڕاوێژ کردن ڕەتی دەکاتەوەو زۆریش دڵگران دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدا بوو کە شێخ خوێنی خۆی دەبەخشێت بۆ ئەوەی نیشتمانەکەی و خاکەکەی ئازادبێت وەكو گەلانی تر کوردیش خاوەنی حوکمی خۆی بێت.
ئیتر لێرەوە حکومەتەکەی شێخ هەرلەناوچەی سلێمانی گیر دەخوات، زیاتر پەلی نەهاوشت، چونکە مێجەرسۆن هەموو ناوچەکانی تری دەوروبەری لەژێر دەست دەرهێنا (2000) هەزار پیادەو (400) سواری پۆلیسی لیڤیشی ڕاستەوخۆ خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و هەموو کارمەندو فەرمانبەرەکانیشی گۆڕی بە فەرمانبەری عەجەم و هیندی و ئەفغانی، دائیرەکانی حاکمی سیاسی و عەسکەری و گومرگیشی دایە دەستی ڕاوێژکارە ئینگلیزەکان، وە مووچەکەی شێخ کە بریتی بوو لە 14هەزار ڕوپییە کەم کردەوە بۆ 10هەزار ڕوپییە.
به ‌‌تەواوی شێخ تووڕە دەبێت لە کردەوەی ئینگلیزەکان و کارمەندەکانیان و پەیوەندیەکانی تەواو لاواز دەبێت تا دەبێتە هۆی دابڕان لەگە ڵ ئینگلیزەکان،
بەڵام شێخ مەحمود وەك باسکراوە لەسەرچاوکاندا هێشتا هەرهەوڵ دەدات بیری ئینکلیزەکان بخاتەوە، بۆیە تۆفیق فیکرەتی ئەفسەری پێشووی عوسمانی بەنوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ تاران بۆ ئەوه‌ی بتوانێ پەیوەندی بە باڵویزی ئەمریکاوە بکات بە پشت بەستن بە بەندەکانی سەرۆك وێڵسن زۆرلێکراوی کوردو دۆزەکەیان بۆ باس بکات، بەڵام تەنها فەرمانبەرێك نەبێت لەباڵیوزی ئەمریکا چاوی بەکەس ناکەوێ بەناچاری دەگەڕێتەوە.
شیخ زۆر نائومێد دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات بەچەك لەڕوویاندا بوەستێت، جواب دەنێرێت بۆ ئەوەی (مەحمودخانی دزڵی) بەخۆی و هێزەکەیەوە بێن بۆ سلێمانی، کە هەموو سەرچاوەکان وادەڵێن، بەڵام لەڕاستیدا وانیە پێی دەڵێت بەهێزەکەیەوە بچێتە دیوەخانەکەی سەیدی بەرزنجی خزمی کە بەسەید ئەحمەدی حاجی مامەند ناوی دەرکردوە، خۆی سەید ئەحمەدی کاژاوە، بۆ ئەوەی لەوێ ماندویان بحەسێتەوەو لەگەڵ هێزەکەی سەید ئەحمەدو کوڕەکانی بەتایبەت سەید حسێن کەی جوابی بۆ ناردن بەڕێ بکەون. دوای هەفتەیەك لەوێ دەمێنێتەوە، شێخ جوابیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی بەڕێ بکەون بۆ سەرشاخی گۆیژە خۆی لەوێ چاوەڕوانیان دەکات لەشەوی (20/5/1919) دا پێشوازیان لێدەکات، بەڵام سۆن بەم هێزە دەزانێ، بۆیە بەبیانوی ئەوەی کەدەچێت بۆ شاری بەسرە بۆ پێشوازی لەژنەکەی خۆی دەدزێتەوە،مێجەر گرینهاوس دەکاتە جێگری خۆی و فەرمانیان پێدەکات کەبەر لەو هێزە بگرن.
لەبەرەبەیانی (21/5/191) سوپای لیڤی ڕەزا بەگ فەرماندەی پیادەو جەمال عیرفان فەرماندەی سوارەی بوو بەرەنگاری هێزەکە دەبێتەوە لەبناری گۆیژەو دواتر خۆیان بۆ ناگیرێ و دەشکێن. شێخ مەحمود بەهێزەوە کەهاتبوو بە چەند سەعاتێك شاری سلیمانی کۆنترۆڵ دەکاتو هەموو ئینگلیزکان دەسگیر دەکات، شەش ئەفسەرو نزیکەی دووسەد مەئمور کە پانزە مەئموریانی گلدایەوەو لەگەڵ ئەفسەرەکاندا بەدیلی ناردنیە سەربانی دەبۆکە، دواتر دەستی گرت بەسەر خەزێنەو تۆمارەکانی حکومەتدا، تەنانەت هێڵی تەلگرافی نێوان سلێمانی و کەرکوکیشی بڕی و ئاڵای بەریتانیای لەسەر دائیرەی حاکمی سیاسی داگرت و ئاڵای تایبەتی خۆی لێ هەڵکرد کە وێنەی مانگێکی یەکشەوە لەناو بازنەیەکی ڕەنگ سوری سەر تەخی قوماشێکی سەوز لەجێ داناو حوکمدارێتی خۆی وەك یەکەم حکومداری کوردستانی باشوور ڕاگەیاند.
دوابەدوای ئەم شۆڕشەی شێخ مەحمود هەڵگەڕانەوەکەی وێڵسن بەفڕۆکە هاتە سەر شاری سلێمانی و ئەفسەرە دیلەکانی لەسەربانی دەبۆکەی شاری سلێمانی بەچاوی خۆی بینی، بۆیە دەچێت بۆ هەڵەبجە بۆ ئەوەی لیز یاریدەدەری حاکمی سیاسی له‌گەڵ خۆیدا ببات، بەڵام نەیتوانی چونکە عەشایەرەکانی ئەو دیو بەهانای حامید بەگی جافی قائیمقامی شێخەوە هاتبون، ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە کەلێرەدا بەهاوکاری عادیلە خانم لیز ڕزگاری دەبێت و دەیگەیەنێتە شاری خانەقین و له‌و ڕۆژەبەدواوە کە 26 ئایار بوو، هەڵەبجە بەتەواوی دەکەوێتە دەستی شۆڕشگێڕەکانی شێخ مەحمودەوە.
ڕاپەڕینەکە هێندە دڵخۆش کەربوو، بۆیە دەنگی دایەوە هەموو عەشایەرەکان خۆیان چەکدار کرد تاگەیشتە ناوچەی ڕەواندوز بۆ ئەوەی هەر کەدۆخەکە تەقیەوە هەموویان بەشداری تێدا بکەن.
شێخ مەحمود دوای ئەوەی وەك یەکە حکومداری کوردستانی باشوور خۆی ناساند بەفەرمانێك کەژمارەکەی(3) بوو (22/5/1919) دەستەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەتی کوردستان هەڵبژارد بەسەرۆکایەتی سەید عومەرو ئەندامێتی ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ وسەید کەریمی سەید ئەحمەدو شیخ عەلی سەرکارو حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا ساڵح حەمەبەگی قادر بەگی قادر پاشا.
وە نامەی بۆ هەموو سەرۆك خێڵەکان نارد، هەتا پشگیری بکەن، بەتایبەت ناوچەکانی سۆران و بادینان، بەتایبەت بۆ شیخ ئەحمەدی بارزان و فەخری واسیف بەگ
بەڵام کاتێک هێزەکەی شێخ ئەحمەدی بارزان ناردی بەهۆی دووری ڕێگاوە پێی نەگەشت و فریای نەکەوت.
شێخ ئیسماعیل حەقی شاوەیسی بەنامەیەکدا کە بەزمانی فارسی نوسیبووی نارد بۆ شاری کەرکوك، بۆ ئەوەی لەنیازی ئینگلیزەکان تێبگات، وە داوای ئەوەی کردبوو گفتوو گۆ لەسەر ئەو بەڵێنانە بکەن کە دابوویان بەکوردو لێی پەشیمان نەبنەوە، بەڵام نێرداوەکەی شێخ دوای ئەوەی چاوی به‌ جەرناڵ فرایزەرکەوت بێ ئەنجام گەڕایەوە.
ئینگلیزەکان زۆر تووڕە دەبن و دەیانەوێ تۆڵەی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە لە شێخ بکەنەوە، بۆیە فەرماندەی کەرکوك هێزێك لەسوارەی لیڤی و ژمارەیەکی زۆر لە زرێ پۆش و سەیارەی ڕەشاش بەسەر بەرەوە چەمچەماڵ دەنێرێت، بەڵام ئەم هێزە هیچ حسابێك بۆ هێزی کوردو بەرگری کردنیان ناکاتەوە بۆیە ناوەستێ و بەرەو سلێمانی دێت، لەتاسڵوجە لە (25/5/1919) دا لێیان دێنە دەست و زیانێکی قورسیان پێ دەگەیەنن. چواردە زرێپۆش و نۆزدە ئۆتۆمبیل دەسووتنن. هێزەکەی مەحمود خانی دڵی مەنمیەکان هەمەوەندەکان گەشتنە بانی مەقان و قەرە هەنجیرو چیمەن و زیانێکی زۆریان گەیاندە لەشکری ئینگلیزەکان، شێخ مەحمودیش لەگەڵ هێزێکی تردا مایەوە لەبەری خوارووی دەربەندی بازیان، سەید ئەحمه‌دو کوڕەکانی وەك سەید حسێنی‌کوڕی باسی کردوەهه‌ گێڕاوێتیەوە لە گۆڤاری (شارباژێڕ) ژمارە (6) شەشدا باسمان کردو لە ژیانی سەید ئەحمەددا، لە بەری سەروشدا عەشایەرەکان لەگەڵ هێزی لیڤی لێ دانرا.
هێزێکی پیادەی ئینگلیز لەموسڵەوە لەژێر فەرماندەی جەرناڵ فرایزەردێت، وە لەخانەقینەوە تۆپخانەی چیایی لەژێر فەرمانی موقەدەم بۆید دێت.
هێزەکەی فرایزەر لە 15حوزەیرانی 1919 لەچەمچەماڵ کۆ دەبێتەوەو دواترلە (17/6/1919) بەرەو دەربەندی بازیان دێت لەپێش بەرە بەیانی (18/6/1919) بەهەموو بەررزاییەکانی ناوچەکەدا سەردەکەوێت، ئەوكاته‌ کەوتە تۆپ باران ئاگری شەڕ دەستی پێ کرد. وە هێرشی هێنا، هێزەکەی شێخ مەحمودیش بەرەنگاری بۆوە بەچەکی کەمەوە، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵاین و خۆڕاگریەوە، بەڵام سەر ئەنجام دەشکێ لەبەرامبەر لەشکرکێشییه‌كه‌ی ئینگلیزەکاندا شێخ قولە پێوی یوو، کەمەری بریندار دەبێت جگە لە 48 شەهید زیاتر لە 100 کەسی هێزەکەی بەدیل گیرا، یەکێ لەو دیلانە سەید حسێن کوڕی سەید ئەحمەد دەبێت. لەڕاستیدا دەبێت ئەوەش بزانین کە هۆکاری ئەوەی هێزەکەی شێخ کە بەئاسانی شکا هەر زۆری هێزی دوژمنانی نەبوو، بەڵکو هۆکار زۆر بوو، یەکێ لەو هۆکارانە ئەو خیانەتەبوو کە موشیری حەمەی سلیمان ئاغای هەمەوەند لە کانی بناوەوە کەوتە پێش هێزێکی ئینگلیزەکان و پشتی لەشکری کوردانیان گرت و کە دکتۆر کەمال مەزهەر باسی کردووە.
ملازم دینهای هەر ئەو ڕۆژە دەچێتە ناو شاری سلێمانی،خەڵکی شار بێ ئاگابوون لەم کارەساتە ئەفسەرەکان ڕزگاردەکات (23/6/1919) به‌ تەواوی شار دەگیرێت، تەنانەت هەڵەبجەش دەگێرێتەوە وکێوماڵی سەرجەم ناوچەکانی قه‌ره‌داغ و به‌رزنجەو و شاربژێڕو سەنگاوو خورماڵ کران و سەد ماڵ زیاتر تاڵان کرا، جگە لە ماڵی شێخ، خێزانی شێخ و کۆمەڵێک ماڵی تر تەنانەت سەید ئەحمەدی حاجی مامەندو کوڕەکانی تری هەموویان ئاوارەی ئێران دەبن.
ئینگلیزەکان لەسەرەتادا لەشۆڕشەکەی شێخ مەحمودیان کۆڵییەوە، کە شێخ بەدیلی لەدەستی ئەواندا بوو لەگەڵ شێخ حەمە غەریبی زاوای و ژمارەێەکی تر دیل لەوانە شێخ حسێن سەید ئەحمەد، یان حاجی مامەندی و تالەی ئاسیشەخان، ئەدهەم ئەفەندی قەرەداغی و عەلی یاوەر سەیفی غەفورو عزەتی تۆپچی و ڕەشید جەودەت .
شێخ بۆ چارەسەر لە سەرەتاوە نێردرایە بەغداد و لەوێ وێڵسن دەچێت بۆلای. شێخ مه‌حمود پێی وت: هیچ دادگایه‌كی سه‌ربازی ناتوانیت دادگایی بكات، بۆیه‌ فه‌قیانه‌كه‌ی قۆڵی كرده‌وه‌، هه‌ر چوار به‌نده‌كه‌ی سه‌رۆك وێڵسن كه‌ له‌ (18/11/1918) دا ڕایگه‌یاند كه‌ شێخ مه‌حمود ببێته‌ حوكمدار. له‌سه‌ر دیوی ناوه‌وه‌ی به‌رگی قورئانێكدا نیشاندا، به‌ڵام وێڵسن ده‌مێك بوو گاڵته‌ی به‌و بڕیاره‌ی به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا ده‌هات، به‌تایبه‌ت به‌ به‌ندی (12) ی ئه‌و به‌ندانه‌، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕزگاری گه‌لانی ژێر ده‌ستی عوسمانی بوو. ناوی نابوو وه‌سیه‌تی (دوازده‌هه‌م). ته‌نانه‌ت تا تشرینی یه‌كه‌می 1918 له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی وێڵسن خۆیدا ڕێگه‌ی به‌ بڵاوبوونه‌وه‌شی نه‌دا.
شێخ مه‌حمود و شێخ حه‌مه‌ غه‌ریبی زاوای خرانه‌ به‌ندیخانه‌و له‌ ڕۆژی (25/7/1919) درانه‌ دادگای عورفی سه‌ربازی. بۆ كاتی ئه‌و دادگاییه‌ش (میرزا فه‌ره‌جی حاجی شه‌ریف) و (حه‌مه‌ به‌گی قادر پاشا) و (شێخ نه‌جیبی قه‌ره‌داغی) و (عیزه‌ت به‌گی وه‌سمان پاشا) و (عه‌ونی ئه‌فه‌ندی) و (حاجی گورون) و (حاجی مه‌لا سه‌عیدی كه‌كوك لی زاده‌) و (حاجی ئاغای حه‌سه‌ن ئاغا) و له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ شایه‌دی بران بۆ به‌غداد.
شێخ مه‌حمود به‌ دژایه‌تی به‌ریتانیه‌كان و داگرتنی ئاڵا تاوانبار كرا، لۆیه‌ حوكمی له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركرد، به‌ڵام مه‌ردانه‌ داكۆكی له‌ میلله‌ت و خۆی كرد. بۆی ڕوون كردنه‌وه‌ ئینگلیزه‌كان به‌بێ شه‌ڕ هاتنه‌ كوردستانی باشوور، وه‌ كردیان به‌ حوكمدارو له‌ گه‌ڵیدا ڕاست نه‌بوون و داد په‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كردووه، بۆیه‌ سه‌رو جامانه‌كه‌ی دا به‌ سه‌ر سنگی سه‌رۆكی داگادا. سه‌ركرده‌ی ئه‌و ده‌مه‌ی ئینگلیزه‌كان باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ خه‌ڵك داوایان كردووه‌ شێخ له‌ سێداره‌ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ پاساوی نییه‌و كارێكی خراپه‌،‌ چونكه‌ به‌ریتانیا درێژه‌ده‌دات به‌كاری خۆی، پێویست نییه‌ بیكوژن. هه‌ر بۆیه‌ سزاكه‌یان بۆ كرده‌ هه‌میشه‌یی، وه‌ كه‌میش كرایه‌وه‌ بۆ (10) ده‌ ساڵ زیندان و شێخ حه‌مه‌ غه‌ریب به‌ (5) پێنج ساڵ زیندانی، وێڵسن ناڕازی بووه‌و به‌ پێویستی زانیوه‌ سزای له‌ سێداره‌دان بدرێت. شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ شێخ حه‌مه‌ غه‌ریبی زازایدا دوور خرایه‌وه‌ بۆ دوورگه‌ی (ئه‌ندامان) لە بەشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناو ده‌ریای هیندی. دیله‌كانی تر له‌ دوای (3) مانگ به‌ردران، لێره‌وه‌ ئیتر حوكمی ڕاسته‌وخۆی به‌ریتانیا له‌ سلێمانی ده‌ستی پێكردو كۆتایی به حكومه‌تی یه‌كه‌می شێخ مەحمود هات .واتە لە (19/6/1919) حوکمی ڕاستەوخۆی ئینگلیزەکان دەست پێدەکات هەتا (4/9/1922)،وە لە (9/10/1922) لە لایەن شێخ مەحمودەوە دووەم حکومەتی کوردستان دادەمەزرێنرێتەوە..

* سه‌رچاوە کوردییەکان:
1- سی. جی. ئیدمونز. كورد، تورك، عه‌ره‌ب، ل313
2- (ئه‌حمه‌د خواجە)چیم دی، ب1، بەغداد، 1968، ل18
3- ڕەفیق حیلمی، یاداشت، به‌شی1، ب1، ل54
4- محەمەد ڕەسوڵ هاوار/ شێخ مەحمودیی قارەمان و دەوڵەتەكەی خوارووی كوردستان، ب1، له‌نده‌ن، 1990، ب2، له‌نده‌ن، 1991
5- میجەر نۆئێڵ لە كوردستان، وەرگێڕانی: حسێن ئەحمەد جاف و حسێن عو‌سمان نێرگزەجاڕی، بەغداد، 1984
6- یادداشتەكانی شێخ لەتیفی حەفید، كەمال نوری مەعروف ساغیكردۆته‌وه‌، دهۆك، 1995، ل57
7- گۆڤاری شارباژێڕ، ژماره (6)، م. شێخ فوئاد به‌رزنجی، سه‌ید ئەحمەد بەرزنجی؛ یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەی بەرزنجه‌- سروچك، ل41- 43

* سەرچاوە عەرەبییەكان:
1- سر ارنولدت ی ویلسون، بلاد ماورا‌ء النهرین، ترجمه‌: فٶاد جمیل, ط1، ج2، بغداد.
2- الدكتور احمد عثمان ابوبكر، القسم الثانی، الثقافه‌، العددات(11، 12)، بغداد، 1992، ص14- 15، 17
3- الدكتور كمال مظهر احمد و اضوا‌ء علی دولیه‌ فی الشرق الاوسط، بغداد، 1978، ص21

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سوپای سوریا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ״بەرەی نوسرە״ كۆنترۆڵ دەكات

سوپای سوریا لە شەوی 14ی ئایاری 2019، دەستیكرد بە هێرشكردنە ...