سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » پێداگریی یەكێتی و دانوستانە سیاسییەكان

پۆلەتیک

پێداگریی یەكێتی و دانوستانە سیاسییەكان

دانوستان (Negotiation) لە سیاسەتدا جگە لەوەی بەهونەرێكی باشی سەركردایەتیكردن دادەنرێ، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازەكانی رێككەوتن و دانوستانی سیاسی و كات و زەمەن گرنگی زۆریان هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەناو پارتە سیاسییەكان و لەسەر ئاستی دەرەوە لەنێوان پارتە سیاسییەكان و حكومەتەكاندا، هەندێجار دانوستانەكان دەبنە بنەمای پەیوەندیی دۆستانە و زۆرجاریش دەبنە بارگرانیی سیاسی و داهاتووی پارتی سیاسی و حكومەتەكە دەخاتە مەترسییەوە.
سیاسییەكان، رۆڵی زۆر دەبینن لە دانوستانە سیاسییەكان و زۆرینەی پسپۆڕان كۆكن لەسەر ئەوەی كە بەكارهێنانی هێزی كۆمەڵایەتیبوون (use of social power) كلیلی سەركەوتنی دانوستانە سیاسییەكانن، بۆیە جۆری كەسایەتی مرۆڤ لێرەدا رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت، جگە لەوەی هونەرەكانی سەركردایەتیكردن كاریگەرییان دەبێت، بەڵام هێزی بەكۆمەڵایەتیبوون لە رێككەوتنەكاندا بەخاڵی جەوهەری دانراون.
لەگەڵ ئەوەشدا بوونی كارنامە و پرۆپۆزەڵی پێشوەخت، بەجۆرێك لەماوەی رابردوودا لەناو پارتە سیاسییەكەدا و لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە پێداچوونەوەی وردی بۆ كرابێت‌ و سەرجەم ئەگەرەكانی لەبەرچاو گیرابن، رۆڵی گرنگ دەگێڕێت بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرهەمی سیاسی لە دانوستانەكاندا، بۆیە بوونی ستراتیژ و بەرنامەڕێژی بۆ سیاسییەكان بەر لە دانوستان بەزەروریەتی حەتمی دادەنرێ‌ و بوونی پرۆپۆزەڵ گرنگی زۆری دەبێت تەنانەت بۆ لایەنی بەرامبەریش لەكاتی نائامادەییاندا، بۆ قایلكردنی ئەندامانی پارتە سیاسییەكە لەلایەن كەسی سیاسییەوە گرنگی زۆری دەبێت.
لە دانوستان‌ و رێككەوتنە سیاسییەكاندا هێز بەشێوەیەكی گشتی هێزی نەرم یاخود هێزە رەقەكان كاریگەریی زۆریان دەبێت، بۆ وڵاتانی دیموكراسی‌ و لە سەردەمی ئێستا نیولیبراڵیزمدا بۆ دروستكردن‌ و داگیركردنی پانتایی وڵاتانی دیكە هێزی نەرمی ئیمپریالیزم كاریگەری زۆرتری لە رێگەی جیهانگیری‌ و پڕۆسەكانی دیكەی ئاڵوگۆڕی كەلتووری‌ و ئابووری … هتد دروستكردووە، هەرچەندە وڵاتانیش هەن هێزە رەقەكان بەكاردەبەن بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە شكست‌ و ئەزمەی سیاسیدان، هەروەك چۆن ئەمریكا لە ئەفغانستان ‌و عیراق، نەیتوانی بەهێزی رەق (سوپا) ئیمپریالیزیمی ئەمریكی لە خۆرهەڵات دروست بكات. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی دیموكراسیی نەرم بەباشترین رێگەی دانوستانە سیاسییەكان دادەنرێت‌ و هەمیشە ئۆفەری كاری هاوبەشی نێودەوڵەتی وەكو پەیوەندییە ئابووری‌ و بازرگانی‌ و كەلتوورییەكان كاریگەریی زۆرتر لەسەر دانوستانەكان‌ و دواتریش پەیوەندییە دۆستانەكان لە نێوان وڵاتان‌ و نەتەوەكانیان دروست دەكەن، چونكە دواجار پەیوەندی‌ و دانوستانە درێژخایەنەكان لە دانوستانی چەند سیاسییەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕ و تێكەڵیی نەتەوەكان‌ و فرەنەتەوەیی لێ بەرهەم دێ.
بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو رێككەوتن و دانوستانەكاندا، زەمەن و كات گرنگیی زۆر لەسەر سروشتی رێككەوتنەكان‌ و تا مەودای پانتایی گشتی كاریگەریی دەبێت لەسەر رای گشتی‌ و رای جەماوەریی پارتە سیاسییەكەش، هەروەك چۆن رێككەوتنی گۆڕان‌ و پارتی لە (17)ی شوبات كاریگەریی زۆری لەسەر جەماوەری گۆڕان‌ و جەماوەر بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان بەجێهێشت‌ و ئەگەری كاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت بۆ داهاتووی جەماوەری ئەو پارتە سیاسییەش.
قۆناغە سیاسییەكان، فاكتەرێكی دیكەی گرنگن لە دانوستانە سیاسییەكاندا، هەروەك چۆن قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان‌ و كەركوك‌ و بەغدا لە قۆناغێكی راگوزەری سیاسیی گرنگدان، بۆیە پێویستە كەسێتییە سیاسییەكان لەبەرئەوەی لە ژیانی گشتیدا دەژین، قۆناغە سیاسییەكە لەبەرچاو بگرن، بۆیەش پێداگریی یەكێتی لەسەر دانوستان ‌و رێككەوتنی سیاسیی لەگەڵ پارتی بە پاكێجە گشتگیرەكەی كاری لەسەر دەكات بۆ ئەم قۆناغە سیاسییە، باشترین هەڵبژاردەی سیاسییە هەم بۆ یەكێتی‌ و هەمیش بۆ گەلی كورد و عیراق بەشێوەیەكی گشتی، چونكە دەبێتە فاكتەرێكی گرنگی ئاساییكردنەوەی ژیانی گشتی لە هەرێمی كوردستان‌ و بۆ پێكهاتەكانی عیراقیش بەشێوەیەكی گشتی.
لەگەڵ سەرجەم فاكتەرەكانی دیكەدا، لە كۆتاییدا گرنگە ئاماژە بۆ هێزی میدیا و هونەری مامەڵەكردنی سیاسییەكان لەگەڵ هێزی میدیا بدەین لە دانوستانە سیاسییەكاندا، هەرچەندە میدیای كوردی بەشێوەیەكی گشتی میدیایەكی پرۆفێشناڵ ‌و سەربەخۆ نییە، بۆیە نەیتوانیوە ئەو ئەركە جێبەجێ بكات‌ و بەشێوەیەكی هاوسەنگ كار لەسەر دانوستان‌ و رێككەوتنە سیاسییەكانی ئەم كۆتاییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هەرێم بكات‌ و شیكاری كاریگەریی رێككەوتن‌ و دانوستانەكان لەسەر داهاتووی نزیك‌ و دووری هەرێمی كوردستان‌ و ژیانی گشتی لە هەرێمدا شیبكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەرگی هاووڵاتی و بێدەنگیی حكومەت

لە كەمپەین و پڕوپاگەندە سییاسییەكاندا، بەتایبەت لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردندا، زۆرینەی ...