سەرەکی » ئابووری » پانێڵێك لە بارەی رۆڵی زانكۆ و شار لە رەخساندنی هەلی كاردا

پانێڵێك لە بارەی رۆڵی زانكۆ و شار لە رەخساندنی هەلی كاردا

یەکەی ئابووری

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، مێژووی گەشەسەندنی زانكۆ بەسێ قۆناغی گرنگدا تێپەڕیووە، بۆیە دەبێ زانكۆكانی هەرێم خۆیان بگەێننە قۆناغی سێیەمی زانكۆكان، راشگەیاند، پێویست زانكۆ و شار هەماهەنگ بن لەپێناوی سەقامگیر و گەشەپێدانی ئابووری‌و دروستكردنی هەلی كار.
ئەو وتانەی د.یوسف گۆران، لەمیانەی پێشكەشكردنی بابەتێكیدا هات، كە لەپانێڵی (رۆڵی زانكۆ لەدانانی بناغەیەكی ئابووریی بەهێز بۆ پارێزگای هەڵەبجە) بەڕێوەچوو.

نازانن كاریان دەستدەكەوێ یاخود نا؟
لەسەرەتای پانێڵەكەدا، د.تەحسین عەبدولكەریم زەنگەنە سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، باسی لەگرنگی ئەو پانێڵە ‌كرد بۆ بونیاندنی شار، هیواشی خواست دەرچوانی زانكۆ سود لەو پانێڵە وەربگرن بۆ دامەزراندن‌و چۆنێتی دۆزینەوەی هەلی كار، داواشی لەكۆمپانیا گەورەكان كرد لقی كۆمپانیاكان لەهەڵەبجە بكەنەوە، هەروەك پێشنیازی كردنەوەی یەكێتی ژورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی لەشاری هەڵەبجە كرد.
دواتر بابەتەكانی پانێڵەكە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، كاوە عەلی جێگری پارێزگار‌و ئاكۆ محەمەد تۆفیق مامۆستای زانكۆ و ئاكۆ ئیبراهیم مامۆستای زانكۆ دەستپیكرد.
لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران باسی لەڕۆڵ‌و ئەركی زانكۆ و خوێندنی باڵا كردو رایگەیاند، ئەم بابەتەی كە زانكۆی هەڵەبجە‌ دەستنیشانیكردوە قسەی لەسەر بكەین بابەتێكی زۆر گرنگە بۆ خوێندن‌و كۆمەڵگەی كوردی لەسەرانسەری كوردستان، وتیشی: «كاتێك قسە لەسەر زانكۆو كۆمەڵگە دەكەین دەبێ بزانین ئێستا لەچ قۆناغێكی مێژوویداین، چونكە ئێستا ئێمە لەسەردەمانێكدا دەژین گۆڕانكاری گەورە لە‌سەرجەم كایەكانی كۆمەڵگە روویدا‌وە».
راشیگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە‌ قسە لەسەر ئەو خوێندكارانە بكەین، كە لەداهاتوودا دەچنە بازاڕی كارو نازانن كاریان دەستدەكەوێ یاخود نا؟.

ئەنجامدانی توێژینەوەو پێگەیاندنی خوێندكاران
لەتەوەڕێكی دیكەی باسەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا باسی قۆناغبەندییەكانی گەشەكردنی مێژووی زانكۆكان كردو وتی:‌ «بەپێی ئەو پۆلبەندیەی هەیە زانكۆكانی جیهان سێ قۆناغیان بڕیوە تا گەیشتوون بەئەمڕۆ، لەقۆناغی یەكەمدا زانكۆكان بونیادنراون، كە ئەركی بەرگریكردن بووە لە كۆمەڵێك بەهاو زانست‌و زانكۆ هەوڵیدەدا حەقیقەتی ئەو زانستانە بسەلمێنێ كە هەبوون، لەقۆناغی دووەمیشدا‌ ئەركی زانكۆكان بریتی بووە لە بەخشینی زانست‌و ئەنجامدانی توێژینەوەو پێگەیاندنی خوێندكاریان لەسەر بنەمای زانست‌و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگەو دامەزراوە رەسمیەكان، بەڵام نەوەی سێیەمی زانكۆكان ئەو زانكۆیانەن كە تێكەڵی كۆمەڵگە دەبن‌و لەگەڵ تەكنەلۆجی‌و گەشەكردن‌و گۆڕانكارییەكانی دەوروبەرو جیهان خۆیان دەگونجێنن‌و خوێندكار بۆ داهاتویەكی دوور ئامادە دەكەن، بۆیە ئەم نەوەیەی زانكۆ خوێندكار تەنها بۆ بازاڕی كار كار ناكەن، بەڵكو كار بۆ گەشەپیدانی بواری ئابووری‌و تەكنەلۆجی دەكات.

لەسەر بنەمای تێكەڵكردن لەگەڵ بازاڕ
وتیشی: «دەبێ ئەو پەیوەندییە زانستیەی لە زانكۆ دروست دەكرێ، دەبێ لەسەر بنەمای تێكەڵكردن لەگەڵ بازاڕ و گەشەكردنی ئابووریدا بێت».
لە بەشێكی دیكەی پانێڵەكەدا، هەریەك لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، كاوە عەلی جێگری پارێزگار، ئاكۆ محمد تۆفیق مامۆستای زانكۆ و ئاكۆ ئیبراهیم مامۆستای زانكۆ بەجیا باسەكانیان پێشكەشكردو لەڕوانگەی جیاوازەوە باسیان لە تەوەرەكەو‌ رۆڵی پەروەردەو خوێندنی باڵا كرد، پانێڵەكە بەپێشكەشكردنی چەند پرسیارێك و وڵامدانەوەیان لەلایەن پانێڵستەكانەوە كۆتایی پێهات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترسی جیهان لە داچوونی ئابووریی ئەمریكا

فەیسەل عەلی* ئاستی مەترسیی جیهانی لە پاشەكشێی ئابووریی ئەمریكا رۆژ ...