سەرەکی » وتار » پێداگریی یەكێتی و بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان

پێداگریی یەكێتی و بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان

كاروان عەلی شامار

(١)
هیچ كات هەنگاوەكانی یەكێتی بارتەقای ئێستای بە دڵی جەماوەرەكەی نەبووە بەجۆرێك جیاواز لە هەموو رێكەوتنەكان لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا لەبری سازش، پێداگری لەسەر خواست و داواكارییەكانی دەكا، باشتر بڵێین ئەگەر لەرابردوو سازشی (ی.ن.ك) بۆ تێكنەچونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵك بوو بێت، ئەوا هەنوكە پێداگرییەكەی لە پێناو هەمان دۆزدایە، باشترین ئەرگومێنتیش رێكەوتنەكەی (4)ی ئازارە كە تەواوی خاڵەكانی پابەستە بە باشكردنی گوزەران‌و ژیانی هاووڵاتیانەوە!
یەكێتی لە ئێستادا فیگەرێكی گەورەیەو دووەم هێزی هەڵبژاردنە، راستە زیاتر لە نیوەی كورسیەكانی پەرلەمان لە دوای ركابەرەكەیەوەیەتی، بەڵام فیدباكی یەكێتی بە كورسی نییەو دەكرێ لەوەدا (مێژوو، قوربانیدان، سنوری جوگرافی، ئیعتیباری نێودەوڵەتی، هەبونی هێزی پێشمەرگە.. هتد) بەهەندوەرگیرێت‌و لەسەر بنەمای ئەو پێودانگانەش پۆستەكانی لەگەڵ دابەشكرێت!
(٢)
سیاسەت هەر بریتی نییە لە قازانج، بەڵكو بەدیوە دروستەكەیدا بریتییە لە بەخشین‌و وەرگرتن، یەكێتی وەك هێزێكی گەورەو بەرپرسیار بەرامبەر بە ئەركە مێژوویەكانی هیچ كات پۆستی بەلاوە گرنگ نەبووە، زۆرترین قوربانیشی داوە لەو پێناوەدا بەتایبەت لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمدا ئامادەبوو پۆستی سەرۆكی حكومەت بە هاوپەیمانەكەی ببەخشێ كە ئیستحقاقی خۆی بوو!
دوو هێز كە رێكەوتنی ستراتیجی لەنێوانیاندا واژوو دەكەن ناكرێ هێزێك برا گەورەو ئەوی تر برا گچكە، ناكرێ دانەیەك تێر و ئەوی تر برسی، ناشكرێت هێزێك زۆرترین پۆست بەرێ و ئەوی تر مەحروم، بەڵكو دەبێ سەرجەم پۆستەكان بە هاوبەشی و یەكسانی لە نێوانیاندا دابەشكرێت!
(٣)
پێداگری یەكێتی بۆ یەكپاكێجی بەغداو كەركوك‌و حكومەتی هەرێم، هەندێ جار تەفسیری هەڵەی بۆ دەكرێ، وەلێ لە بنەڕەتدا ئەم هەنگاوەش هەر بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكەو یەكێتی مەبەستی گەیاندنی ئەو پەیامەیە كە ناكرێت لە ناوخۆ تەبابین‌و لە دەرەوە ناكۆك، پێشیوایە گەر ناكۆكیەكمان هەبێ با لۆكاڵی بێ، بەڵام بۆ بەغداو ناوچە دابڕێنراوەكان یەكتیم‌و یەكگرتوو بین!
(٤)
بە هاتنە پێشەوەی نەوەی سێیەمی یەكێتی-یەكان گۆڕانێكی نەوعی لەسیاسەتی هەنوكەی حزبەكەدا دروست بووە، واتە یەكێتی ئێستا یەكێتیەكەی چەن ساڵێك پێش ئێستاو دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و جیابونەوەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، نییە فیگەرە نوێیەكانی سەركردایەتی حزبەكە دەیانەوێ بەهەر شێوەیەك بێ پارسەنگی هێز بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوەو ئەو ناعەدالەتیە جوگرافی‌و ئابورییە زۆرەی كە لە ناوچەكەدا بەرجەستەبووە تاڕادەیەك كەمكرێتەوە.
بەبێ پارسەنگی هێز لەنێوان هەولێرو سلێمانی‌و هەروەها هەبوونی پەرتەوازەیی لەنێوان هێزەكانی ناوچەكە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی بارودۆخی دەڤەری سەوز لەمە باشتر نابێ، بۆیە پێویستە چارەسەرێکی گونجاو بێتەئاراوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تەلەڤزیۆنی کوردی

سەرکەوت عەلی حەبیب (5) باسەکەمان لەوەوە سەرچاوەکەی گرتووە کە تەلەڤزیۆنی ...