سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » له‌ یادی راپه‌ڕینی‌ شاری هه‌ولێردا رێوره‌سمی‌ ناساندن و دابه‌شكردنی‌ شه‌ش كتێبه‌كه‌ی‌ نه‌وزاد عه‌لی ئەحمەد به‌ڕێوه‌چوو

سه‌رجه‌میان به‌شێكن له‌ مێژووی‌ پڕسه‌روه‌ری ئه‌ده‌بیاتی‌ ی ن ك

له‌ یادی راپه‌ڕینی‌ شاری هه‌ولێردا رێوره‌سمی‌ ناساندن و دابه‌شكردنی‌ شه‌ش كتێبه‌كه‌ی‌ نه‌وزاد عه‌لی ئەحمەد به‌ڕێوه‌چوو

دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ شاری سلێمانی‌ له‌ یادی‌ راپه‌رینی‌ شاری هه‌ولێر رێوره‌سمی ناساندن‌و دابه‌شكردنی‌ شه‌ش كتێبه‌كه‌ی‌ نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د به‌ناونیشانه‌كانی‌ (راپه‌رین و پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڵویست وژیانی‌ رێكخراوه‌یی من‌و سه‌نگه‌ر و سروشت) به‌رێوه‌چوو، كه‌ سه‌رجه‌میان به‌شێكن له‌ مێژووی‌ پڕسه‌روه‌ری ئه‌ده‌بیاتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و شوڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌ولێری ئه‌و كاته‌ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ركراوه‌.
به‌ئامانجی‌ پاراستنی‌ مێژووی‌ رزگاری خوازی‌ گه‌لی كوردستان و شۆڕشی نوێ گه‌له‌كه‌مان ، هاوكات مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌چوارچێوه‌ی‌ یاده‌كانی‌ راپه‌رینی 1991 و ساڵرۆژی ئازادكردنی‌ شاری هه‌ولێر، ئێواره‌ی‌ رۆژی 11/3/2019 له‌باره‌گای‌ ئه‌كادیمایای‌ كوردی به‌ ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی‌ زانكۆ وتوێژه‌رو نوسه‌ر و رۆشنبیر ورێكخستنه‌ دێرینه‌كان كۆڕی ناساندن‌و دابه‌شكردنی‌ شه‌ش كتێبه‌كه‌ی‌ نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس نه‌زاد عه‌لی به‌رێوه‌چوو.
له‌و كۆڕه‌دا كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێی به‌رێوه‌چوو، تیشكخرایه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ بڵاوكراوه‌كان و گرنگی‌ چاپكردنه‌وه‌یان بۆ نه‌وه‌ی‌ ئێستا هاوكات پاراستنیان له‌ فه‌وتنان، سه‌ره‌تا نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم به‌رێوه‌به‌ری كۆڕه‌كه‌ تیشكی‌ خسته‌سه‌ر پێناسه‌یه‌كی‌ كورتی‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ كرد و سوپاسی ئه‌كادیمیای‌ كوردی كرد بۆ قبوڵكردنی‌ داواكه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ بۆ به‌رێوه‌چوونی‌ كۆڕه‌كه‌ له‌ ئه‌كادیمیا.
دواتر نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌كادیمیای‌ كوردی وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: به‌هۆی گرنگی‌‌و بایه‌خی‌ ئه‌و بڵاوكراونه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ پێویسته‌ جارێكی‌ تر چاپ بكرێنه‌وه‌‌و له‌ فه‌وتان رزگار بكرێن، چونكه‌ له‌و كاتانه‌ به‌هۆی بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌میان لێ چاپكراوه‌.
وتیشی: خۆشحاڵین به‌شێكی‌ زۆر له‌ و رۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ ئاماده‌ و چاپكراونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هه‌وڵی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی‌ كورد، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌كادیمیای‌ كوردی و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ خۆشحاڵین به‌و هه‌ناگاوانه‌ به‌هیوای‌ كاری باشتر و چاكتر.
پاشان ستران عه‌بدوڵڵا سه‌رنوسه‌ری كوردستانی‌ نوێ وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد سه‌ره‌تا سوپاسی ئه‌كادیمیای‌ كوردی كرد بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و چاڵاكیانه‌ و رایگه‌یاند: له‌باره‌ی‌ هۆكاری له‌ئه‌ستۆگرتنی‌ ئه‌ركی‌ چاپكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ مێژووی‌ رزگاری خوازی‌ گه‌لی كوردستان و شۆڕشی نوێ هاوكات مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ركی‌ رۆژنامه‌ كه‌ ده‌ركردنی بابه‌ته‌ تازه‌كانه‌، له‌ هه‌مان كات پێویسته‌ به‌شێك له‌ مێژووی‌ خۆشمان به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نی‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌كه‌ی‌ جارێكی‌ تر چابكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هێلی دووه‌می‌ به‌رهه‌ماهێنان سه‌یرده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن ئه‌نجامی‌ بده‌ن.
وتیشی:چاپكردنه‌وی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ كوردستانی‌ نوێ ئه‌ركی‌ نه‌وزاد عه‌لی به‌رز ده‌نرخێنین، ئه‌وبڵاوكراوانه‌ ته‌نیا باسكردن نیه‌ له‌ مێژوو به‌ڵكو خستنه‌ رووی‌ چه‌ندین لایه‌نی‌ سه‌رده‌می‌ شاخه‌ كه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ زیندوو و راستگۆیانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ، هاوكات خزمه‌تكردنه‌ به‌ مێژووی‌ رۆژنامه‌گه‌ری كوردی.
له‌به‌شێكی‌ تری وته‌كانیدا سه‌نوسه‌ری كوردستانی‌ نوێ سوپای لاهور شێخ جه‌نگی‌ كرد بۆ له‌ ئه‌ستۆگرتنی‌ تێچووی‌ چاپكردنی‌ ئه‌و كتێبانه‌ كه‌ به‌هۆی بارودۆخی‌ ئابوری كوردستانی‌ نوێ توانا نه‌بوو ئه‌و شه‌ش بڵاوكراوه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ چاپبكات.
دواتر نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د ئاماده‌كاری چاپكردنه‌وه‌ی‌ بڵاوكراوه‌كان به‌وردی‌ باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ بڵاوكراوه‌كان كرد كه‌ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌ولێری ئه‌و كاته‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌ركراوه‌‌و تیشكی‌ خسته‌سه‌ر گرنگی‌ چاپكردنه‌وه‌‌و بڵاوكراوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ كه‌ جگه‌ له‌ بابه‌تی‌ سیاسی لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و منداڵان و زانیاریه‌ گشتیه‌كانی‌ فه‌رامۆش نه‌كردوه‌.
هاوكات نه‌وزد عه‌لی به‌گرنگی‌ زانی‌ له‌رێگای‌ خستنه‌رووی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ خاوه‌نداریه‌تی‌ بۆ نوسه‌ره‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش رۆڵی خوالێخۆشبوان مام جلال و كاك نه‌وشێروانی‌ به‌رز نرخان له‌ نوسین و سه‌رپه‌رشتی‌ كردنی‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ و پێش راپه‌رین.
وتیشی: له‌رابردوو كه‌مته‌رخه‌می‌ زۆر هه‌بووله‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ و پاراستنی‌ ئه‌و گۆڤارو رۆژنامانه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ، كه‌ زۆبه‌ی‌ زۆریان له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌ولێری ئه‌و كاته‌ ده‌ركراوه‌ ، ئه‌گه‌رچی بڵاوكراوه‌كان هی سه‌رده‌مه‌ جیاجیاكان بوون، به‌ڵام خۆیان له‌شه‌ڕی برا كوژی لاداوه‌ و نه‌بونه‌ته‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕه‌.
دواتر ئاماده‌كاری بڵاوكراوه‌كان یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ بڵاوكرداوه‌كانی‌ به‌ ئاماده‌بوان ناسان و ئاماژه‌ی‌ به‌ مێژوو و كاتی‌ ده‌رچوونیان و ئه‌و نوسه‌رانه‌ كه‌بابه‌تیان تێدا بڵاوكردۆته‌وه‌‌و به‌شێك له‌وانه‌ له‌ كۆڕه‌كه‌ ئاماده‌یین هه‌بوو، كه‌ ئه‌ونیش بڵاوكراوه‌كانی‌(راپه‌رین و پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڵویست و ژیانی‌ رێكخراوه‌یی من و سه‌نگه‌ر و سروشت)بوون، ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سوپاسی لاهور شێخ جه‌نگی‌ كرد بۆ له‌ ئه‌ستۆگرتنی‌ ئه‌ركی‌ چاپكردنی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌.
هه‌رله‌باره‌ی‌ گرنگی‌ چاپكردنه‌وه‌ی‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ د.مه‌ولود ئیبراهیم مامۆستای‌ زانكۆ به‌ كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر له‌و بڵاوكراوانه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ شاخ ده‌رده‌چوون رێژه‌یه‌كی‌ كه‌میان ماون ، بۆیه‌ جارێكی‌ تر چاپكردنه‌وه‌یان زۆر گرنگ و پێویسته‌، ده‌ستخۆشی له‌ ئاماده‌كار و ئه‌وانه‌ی‌ هاوكاریان كردوه‌ ده‌كه‌م و هیوا دارم هه‌موو حزب و رێكخراوه‌كان ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.
وتیشی: هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ لێكۆلینه‌وه‌ ده‌ناسرێت بۆیه‌ پاراستنی‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و لێكۆلینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خزمه‌تێكه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌م كاتانه‌ كه‌ یادی‌ راپه‌رین و رۆژانی‌ رزگاركردنی‌ شاروشرۆچكه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌،
كاكه‌مه‌م بۆتانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ نوسه‌رانی‌ كورد له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ كوردستانی‌ نوێ وتی‌:تاكه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ گوزاره‌شت له‌ زه‌مه‌نێكی‌ دیاری كراو ئه‌و نوسراوانه‌ن كه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌ نوسراوه‌، ئه‌وانه‌ی‌ تر هه‌موو قابیلی ده‌ستكاری كردن و شێواندنه‌، به‌ڵام ئه‌ونوسراوانه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نه‌گۆڕ ده‌مێنێته‌وه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: نه‌وه‌ك ته‌نیا سه‌رده‌می‌ شاخ به‌ڵكو پێویسته‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ نوسین و بڵاوكراوه‌كانی‌ هه‌موو قۆناغه‌كان بكرێت، تاكو خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ دیاریكراوه‌ بكرێت ، بۆیه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ گرنگ و پێویسته‌ بۆ ده‌رخستنی‌ راستی رووداوه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״لە دوو مانگی داهاتوودا بودجەی 2020 دەگاتە نوێنەران״

ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق دەبێتە پرسێكی گەرم و بەپێی ...