سەرەکی » راپۆرت » ئێرە دەنگی گەلی كوردستانە

ئێرە دەنگی گەلی كوردستانە

سەرۆك مام جەلال: دەنگی گەلی كوردستان سەروەرییەكی تری خەبات و تێكۆشانە

كورته‌یه‌ك له‌ مێژووی ده‌نگی گه‌لی كوردستان

ئاماده‌كردنی:- ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان

له‌ به‌رواری (21-3-1979) دامه‌زراوه‌ به‌ ناوی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان)ه‌وه‌، له‌م ڕۆژه‌دا ده‌ستی به‌ په‌خش كردوه‌، پاش كه‌متر له‌ مانگێك به‌ناوی ( ده‌نگی شۆڕشی عێراق)ه‌ په‌خشی كردوه‌، له‌ ساڵی (1984-1985) هه‌تا ئێستاش ناو نراوه‌ ( ده‌نگی گه‌لی كوردستان) .
*سه‌ره‌تای په‌خشكردن له‌ گوندی (نۆكان-تۆژه‌ڵه‌-مامۆڵه‌) بوه‌ تاساڵی(1982) ئێزگه‌ هه‌ر له‌ گوندی‌ (توژه‌ڵه‌) ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ساڵی (1983)دا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ (سه‌رشێو باوزێ) چه‌ند مانگێك له‌وێوه‌ په‌خشی كردوه‌ و دواتر براوه‌ته‌ گوندی ( به‌رگه‌ڵو)، تا ئه‌نفاله‌كان له‌ (به‌رگه‌ڵو) بوه‌ له‌ ڕووداوی ئه‌نفالدا بوه‌ به‌ دوو ئێزگه‌ یه‌كێكیان له‌ (دۆڵه‌ كۆگه‌) دانراوه‌ و ئه‌وی دیكه‌ش براوه‌ته‌ شاخی ( به‌فری میری) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، پاشان ئێزگه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری (سه‌قز) تا ڕاپه‌ڕین له‌وێوه‌ په‌خشی كردوه‌.
* له‌ گه‌ڵ خۆسازدان بۆ ڕاپه‌ڕینی (1991) ئێزگه‌ بوه‌ به‌ دوو ستافی ڕادیۆی یه‌كێكیان له‌ سه‌ر شه‌پۆلی (41) مه‌تری و ئه‌وی دیكه‌یان له‌سه‌ر شه‌پۆلی (75) مه‌تری په‌خشی كردوه‌ له‌ گه‌ڵ ڕزگاكردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا (41) مه‌تریه‌كه‌ له‌ قاسمه‌ ڕه‌ش بۆ ڕانیه‌ پاشانیش هه‌ردوو شه‌پۆله‌كه‌ له‌ دوای ڕزگاكردنی سلێمانی له‌ گردی (عه‌لی ناجی) په‌خشی كردوه‌، له‌ كۆڕه‌وه‌كه‌دا چۆته‌ ئه‌زمه‌ڕ و دواتریش ماوه‌ت و جارێكی دیكه‌یش براوه‌ته‌وه‌ شاری سه‌قز، ساڵی (1991) ئێزگه‌ هێنراوه‌ته‌وه‌ قه‌سرێ و دواتریش له‌ گه‌ڵاڵه‌ جێگیر بوه‌، له‌ ساڵی (1993)دا هێنراوه‌ته‌ شاری سلێمانی، له‌ ساڵی (1996) براوه‌ته‌ شارۆچكه‌ی چوارتا تاوه‌كو ساڵی (2011)، دوای ئه‌وه‌ی جارێكی تر هێنراوه‌ته‌ شاری سلێمانی و ئێستا باره‌گای ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان له‌ گه‌ڕه‌كی ڕزگاری شاری سلێمانی به‌رامبه‌ر باخچه‌ی شه‌هید (ئه‌نوه‌ر‌ مه‌جید سوڵتان)ه‌ .
* په‌خشی به‌رنامه‌كانی ئێزگه‌ به‌ زمانی كوردی و به‌ هه‌ردوو دیالێكتی كرمانجی ژوور و خواروه‌، به‌رده‌وامیش له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تائێستا به‌شێكی به‌ عه‌ره‌بی په‌خش كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی جیا جیادا به‌ ئینگلیزی و فارسی و توركمانی و هه‌فتانه‌ بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك به‌زاراوه‌ی هه‌ورامی به‌رنامه‌كانی په‌خشكراوه‌ و ئێستا جگه‌ له‌ كوردی به‌ هه‌ردوو كرمانجی ژوور و سه‌روو، ئێزگه‌ به‌شی عه‌ره‌بی و فارسی و هه‌ورامیشی هه‌یه‌ و ماوه‌ی دیاریكراوه‌ی هه‌یه‌ .
له‌ ڕۆژی (15/11/2004) به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مام جه‌لال،په‌خشی ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان چۆته‌ سه‌ر مانگی ده‌ستكردی (Hotbird) .

بەڕێزان بەڕێوەبەرو خوشك و برایانی كارمەندی دەنگی گەلی كوردستان
سڵاوێكی گەرم

بەبۆنەی سی و سێیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان جوانترین پیرۆزبایی لەیەك بەیەكتان دەكەم، ئومێدەوارم ئەم یادە زیاتر هاندەرتان بێت بۆ پەرەپێدانی پێشكەوتن و گەشەكردنەكانی ئەم رادیۆ خۆشەویستەی كۆمەڵانی خەڵك و نەهێشتنی كەموكورتییەكان.
دەنگی گەلی كوردستان لەوێستگەیەكی گرنگی خەباتی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)و بزووتنەوە رزگاریخوازو دیموكراسییەكەی گەلەكەماندا هاتە مەیدان، ئەوەش بۆ خۆی سەروەرییەكی تری خەبات و تێكۆشان بوو، بەتایبەتی ئەو ئیزگەیە رۆڵی بەرچاوی بینی لەگەیاندنی پەیامی شۆڕش و رێبازە دیموكراسی و نیشتمانی و نەتەوەییەكەیدا، نەك هەر لەسەرتاسەری كوردستاندا، بەڵكو لەتەواوی عیراقیشدا، بەو پێیەی كەشۆڕشی كوردستان لەهەموو قۆناغەكاندا بەشێكی پێكەوە گرێدراوی بزووتنەوەی دیموكراسی و رزگاریخوازی عیراق بووە.
ئەمڕۆش دەنگی گەلی كوردستان وەك كەناڵێكی راگەیاندنی بیستراو بەسوود وەرگرتن لەو هەموو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیاو زانستییەی كە لەبەردەستدایە، دەتوانێت رۆڵی بەرچاو ببینێت لەقوڵكردنەوەی چەمكەكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتی و لێكتێگەیشتن و پێكەوەژیانی ئاشتی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان و عیراقیش.
هیوادارم دەنگی گەلی كوردستان هەر لەپێشكەوتن و گەشەكردندا بێت و هەموو ساڵێك یادەكەتان بەخۆشی و بەختەوەریی بكەنەوە.
هەرشادو سەربەرزبن.

برای دڵسۆزتان
مام جەلال

لە کوردستانی نوێ ژمارە (5732) رۆژی ٢٠ / 3 / 2012 بڵاوکراوەتەوە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ساڵی رابردوو 20 ملیۆن منداڵ لە کوتان بێبەشبوون

ھەردوو رێکخراوی تەندروستی جیهانیی و یونسێف ئاشکرایانکرد: لە ساڵی رابردوودا ...