سەرەکی » زانست » به‌ڕێوه‌به‌ڕێتی پۆلیسی دارستان‌و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی

به‌ڕێوه‌به‌ڕێتی پۆلیسی دارستان‌و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌و دامه‌زراوه‌ گرنگانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردوستان ، كه‌ له‌ پێناو پاراستنی سرووشتی كوردوستاندا ، به‌رده‌وام له‌ كێو ماڵكردن و چاودێری هه‌ر بستێكی سنوری چالاكی دیاریكراوه‌ بۆیان .
بۆ به‌ئاگابوون له‌ كاروچالاكیه‌كانیان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ ، سه‌ردانمان كردن له‌و بینا نوێیه‌ ی كه‌تایبه‌ت بۆیان درووست كراوه‌ . وه‌ له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ‌ به‌ڕێز عه‌مید هێمن كه‌مه‌رخان به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن ، ئاگاداری كردین كه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی فه‌رمانیان پێكراوه‌ كاری پێده‌كه‌ن، ڕێگری له‌:-
•بڕینی دارو ده‌وه‌نی ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاره‌وانیه‌كان وپاراستنیان . وه‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ی به‌شی باخچه‌كان ئه‌گه‌ر ده‌ست درێژی كرایه‌ سه‌ر دره‌ختێكی سنوری شاره‌وانیه‌كان .
•خه‌ڵوزكردن ، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌ ڕێنمایی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕاگیراوه‌.
•فریاكه‌وتنی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری پاوان و دارستانه‌كان ، به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیلی نییه‌و تیمه‌كانی ئاگر كوژاندنه‌وه‌ی به‌رگری شارستانی ناتوانن هاریكارمان بن . كه‌ ئه‌ركێكی قورسه‌و قوربانی لێكه‌وتۆته‌وه‌وچه‌ندین جا ر به‌هۆی مین و دوكه‌ڵی ژه‌هراویه‌وه‌ كارمه‌ندیان برینداریان بووه‌ و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌ .
•بیرلێدان له‌ ناو شارو ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانیش ، بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی .
•ڕێگرتن له‌ ڕاوه‌ ماسی له‌وه‌رزی گه‌راداناندا كه‌ له‌ 15/ 3 تا 15/ 6 به‌رده‌وامه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ .
•ڕێگرتن له‌ ڕاوه‌ماسی و گرتن و سزا دانی هه‌ركه‌سێ (ژه‌هر ، كاره‌با ، ته‌قه‌مه‌نی ، ماشه‌) به‌كار بێنێ بۆگرتنی ماسی كه‌ ئه‌وه‌ قڕكردنه‌ نه‌ك ڕاو .
•ڕاوی باڵنده ‌و ئاژه‌ڵی كێوی (ئازاد ) به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك و هه‌موو كاتێك قه‌ده‌غه‌یه‌ ، ئێمه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت مه‌ندین به‌ پاراستنی خاك و ئاوو هه‌واو ڕوه‌ك و زینده‌وه‌ران .مۆڵه‌تی ده‌ستدرێژی ناده‌ین ، وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ مۆڵه‌ت به‌ ڕاو ناده‌ین . وه‌ ڕاوچی هه‌ر مۆڵه‌تێكی پێ بێ ده‌ست گیری ده‌كه‌ین ، ده‌ست به‌سه‌ر ڕاوو ئۆتۆمبیل و چه‌ك و شته‌كانیا ده‌گرین وپه‌ڕاوی بۆده‌كه‌ین و ده‌یده‌ین به‌ دادگا .
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن پێڕاده‌گه‌ن ئه‌و هه‌مووناوچه‌ فراوانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن .
به‌ڕێزیان پێان ووتین به‌ڕێوه‌ به‌رێتیمان په‌یكه‌ڕڕێكی زانستیانه‌ی داڕشتووه‌ بۆ كارو چالاكیه‌كان و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كان . جگه‌ له‌وه‌ چه‌ند به‌شێكمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ كاری خۆی له‌سنوری خۆیدا ده‌كات وه‌ هه‌ندێك له‌و به‌شانه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی هه‌یه‌ و هه‌ر بنكه‌یه‌كیش چه‌ند مه‌فره‌زه‌ . كه‌ به‌رده‌وام كێوماڵده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌دا كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین مه‌فره‌زه‌كان له‌و شاخ و كێوانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ شه‌و ڕۆژ.
به‌شه‌كان بریتین له‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێتی به‌شی سلێمانی كه‌ جگه‌ له‌ خۆی بنكه‌ی به‌كره‌جۆ ، بنكه‌ی بازیان ،بنكه‌ی تانجه‌رۆ ، بنكه‌ی هه‌واری شار . وه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێتی به‌شی دوكان ، بنكه‌ی پیره‌مه‌گروون ، بنكه‌ی خه‌له‌كان ، بنكه‌ی خدران ، بنكه‌ی بنگرد و بنكه‌ی مێرگه‌پان له‌ خۆ ده‌گرێت . وه‌به‌ڕێوه‌ به‌رێتی به‌شی قه‌ره‌داغ جگه‌ له‌خۆیان بنكه‌ی سێوسێنانیان هه‌یه‌ .وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی ده‌ربه‌ندیخان ، بنكه‌ی باوه‌خۆشین ی هه‌یه‌ . وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی چه‌مچه‌ماڵ ، بنكه‌ی سه‌نگاو ، بنكه‌ی شۆڕش ، بنكه‌ی ئاغجه‌له‌ر ، بنكه‌ی ته‌كیه‌ی كاكه‌ مه‌ند ، ده‌گرێته‌وه‌ . وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی شاره‌ زوور بنكه‌ ی وارماوای هه‌یه‌ . به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی پێنجوین ، بنكه‌ی گه‌رمك و بنكه‌ی ناڵپارێزی هه‌یه‌. وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی شارباژێڕ ،بنكه‌ی سیته‌كی هه‌یه‌ . وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی ماوه‌ت كه‌ بنكه‌ی گاپیڵۆنی هه‌یه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌شی سید صدق بنكه‌ی به‌رزنجه‌ .واته‌ جگه‌ لێره‌ ئێمه‌ 10 به‌ش مان هه‌یه‌ و 21 بنكه‌ كه‌ به‌رده‌وام 24 كات ژمێر له‌ كاردان و هه‌ما‌هه‌نگ ده‌كه‌ین بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانمان .
*ئه‌و هه‌موو به‌ش و بنكه‌یه‌ له‌كوێدان ؟
-هه‌موو به‌شو بنكه‌كان بینای خۆیان هه‌یه‌و پێویستیه‌كانی ژیان و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دابین كراوه‌ ، ئه‌وكاتانه‌ش كه‌ مه‌فره‌زه‌كان له‌ دوره‌ ئاوه‌دانی ده‌مێننه‌وه‌ خێمه‌و پێداویستی ده‌به‌ن . گه‌رچی له‌ڕووی سوته‌مه‌نیه‌وه‌ هه‌ندێجار وه‌ك پێویست نیه‌ به‌ڵام ئۆتۆمبیل مان هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانمان .
*ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ چه‌ندساڵی ڕابووردودا قه‌یرانی دارایی زۆر كاری په‌ك خستبوو ،ئێوه‌ چۆن بوون ؟
-ئێمه‌ سه‌ره‌تا خۆمان و كارمه‌نده‌كانمان چه‌كی خۆمان پێ بوو لێره‌و له‌وێ له‌ هۆده‌و بینای فه‌رمانگه‌كانا جێگه‌ی خۆمان كردبۆوه‌ ، به‌ڵام ئێستا به‌تایبه‌ت كه‌ به‌رپرسانی سه‌روخۆمان ، به‌تایبه‌ت به‌ڕێز جێگری وه‌زیری ناوخۆ پشتگیریمان ده‌كات وهاریكاریمان ده‌كات به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و پێویستیانه‌ی كه‌به‌ خۆمان ناكرێ ، بۆیه‌ ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی باش ئه‌ركه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین .
*كه‌هاتم هۆڵێك پڕ له‌ وێنه‌ی چالاكی هه‌مه‌ جۆرم بینی ، كه‌ دۆكۆمێنتێكی ڕوونه‌ بۆ هه‌ركه‌سێ بێته‌ ئێره‌ ، كه‌س سه‌ردانی كردوون ؟
-به‌ڵێ به‌ڕێز بریكاری وه‌زیری ناوخۆ سه‌ردانی كردووین و هه‌روه‌ها پارێزگاری سلێمانی وه‌ به‌ڕێز عه‌مید فه‌رهاد جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌رێم وعه‌مید مشیر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ كه‌ هه‌موویان پشتگیری و هاریكاریان كردووین.
به‌هه‌مان شێوه‌ لیوا مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ پشتگیریمان ده‌كات .
*ئایا تۆمارێكتان هه‌یه‌ بۆ كارو چالاكیه‌كانتان ؟
-ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌ كارو چالاكیه‌كانی سه‌رجه‌م به‌ش و بنكه‌كان ئاگادار ده‌كرێین و ئه‌نجام وئه‌سته‌نگه‌كان تۆمارده‌كه‌ین . وه‌ هه‌فتانه‌و مانگانه‌ و ساڵانه‌ ئاماره‌كان دده‌ین به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ڕاگه‌یاندنه‌كانیش . ئاماری ساڵی ڕابووردوو كه‌له‌ 1/1 تا 31/12 /2018 ده‌كات بریتی بووه‌ له‌ ده‌ست گیركردنی 536 تۆمه‌تبار به‌تاوانی ژینگه‌یی له‌وانه‌ 154 كه‌س ڕاوی باڵنده‌یان كردووه‌ ، 55كه‌س ڕاوی ئاژه‌ڵ ، 109 ڕاوی ماسی ، 8 كه‌س به‌ خه‌ڵوز كردن ، 113 زیاده‌ ڕه‌وی ، 78 كه‌س دار بڕین ، 19كه‌س له‌سه‌ر ئاگركه‌وتنه‌وه‌گیراوون .
ژماره‌ی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كان ساڵی ڕابووردوو 55 ڕوداو بووه‌ .كه‌بۆته‌ هۆی سوتانی (29153 )دۆنم پوش و پاوان و ڕه‌زو باخ و (357 )داری سرووشتی ته‌مه‌ن جیاواز .
س: بێگومان ئه‌و تۆمه‌ت بارانه‌ چه‌ك و كه‌ره‌سه‌و ڕاوكراوه‌كانیشبان پێ بووه‌ .
عه‌مید هێمن : به‌ڵێ ده‌ستمان گرتووه‌ به‌سه‌ر هه‌موویدا ،ئه‌وه‌ی زیندوو بوبێ ئازادمان كردووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ ئازادمان كردوون ، 41 ئاژه‌ڵی جۆراو جۆر ، 188 باڵنده‌ی جۆراو جۆر ، ژماره‌یه‌كی زۆر ماسی كه‌ زیندووبوون له‌ تۆره‌كان كراونه‌ته‌وه‌ . ئه‌وانه‌ش كه‌ كوژراوون 47 ئاژه‌ڵی هه‌مه‌ جۆر ، 66 باڵنده‌ ، 1739 ماسی قه‌باره‌ جیاواز .
*ئه‌ی ئامێره‌كانیان؟
-له‌وانه‌ی كه‌ ده‌ستمان به‌سه‌ردا گرتووه‌ . 36 ئۆتۆمبیل ، 2 حه‌فاره‌ ، 2 شۆڤڵ ، 23 ماتۆڕ سایكڵ ، 43 جیهازی بیرلێدان ، 17 به‌له‌م ، 6كه‌ڵه‌ك ، 3 به‌له‌می چوپ ،7 مووه‌لیده‌ ،2 مه‌كینه‌ی له‌حیم ، 26 مشار . هه‌روه‌ها 16 چه‌كی جۆری كڵاشینكۆف و 387 فیشه‌ك ، 68 چه‌كی جۆری تاپڕ و 287 فیشه‌ك ، 8 چه‌ك جۆری بادی ، 49 پلاجیكتۆر و لایت ،17 چه‌قۆ ، 14 ته‌ورو ته‌وراس ، 12 دوور بین ، 66مۆبایل ، 491 تۆڕ ، 151 داو ، 27 شه‌داو ، 2 ته‌ڵه‌ی ڕاو ، وایه‌ر 207 مه‌تر ، 75 قه‌فه‌س، 560 قولاپ.
وه‌ ده‌ستمان گرتووه‌ به‌سه‌ر 100 كیلۆ TNT داو 160 فه‌رده‌ خه‌ڵوز و شه‌ش پیكاب داری بڕدراودا وه‌ تێكدانی 78 كوره‌ی خه‌ڵوز . كۆی داری بڕدراو 3526 دار بووه‌ .
*ئێوه‌ له‌ كام وه‌رزانه‌دا زیاتر ئه‌رك تان ده‌بێت؟
-به‌رده‌وام مه‌فره‌زه‌كانی ئێمه‌ كێوماڵ ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئێستا خه‌ڵك زۆر ڕێز له‌ كاره‌كانمان ده‌گرن و به‌رز ده‌ینرخێنن . به‌ڵام له‌ هه‌ندێ كاتدا كاره‌كانمان زیاتر چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌له‌ هه‌ندێ شوێندا ، بۆنمونه‌ كاتی یاساغ كردنی ڕاوه‌ ماسی كه‌ 15 /3 تا 15/6 ده‌كات ، مانگی 2بۆ 4 كاتی ڕاوی نێره‌ كه‌و ، مانگی 7و 8 ڕاوی سه‌ركانی به‌ مه‌شروب ، مانگی 9و10 ڕاوی دێو جامه‌ وه‌ مانگی 11 كه‌ كاتی كه‌ڵه‌ هه‌رزه‌ هه‌روا مانگی 12 بۆ شه‌واره‌ .
هه‌روه‌ها كاتی گه‌شت و سه‌یران تا خه‌ڵك به‌ته‌نگ ژینگه‌وه‌ بێن به‌رده‌وام ڕێنمایی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.
دوا ووته‌ وتیان هیوادارین خه‌ڵك له‌وه‌رزی هاویندا ، گه‌ر ئاگریان كرده‌وه‌ تا دڵنیانه‌بن له‌ كوژاندنه‌وه‌ی به‌جێی نه‌هێڵن وواز له‌ تاوانی ڕاو كردن بهێنن . با دارستان و زینده‌وران كوردوستانمان زیاتر بڕازێننه‌وه‌ .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ

جه‌مسه‌ری باكوور بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ ...